کەنەکە ئەنجامنامەى کۆنفرانسى راوێژی رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئەنجامنامەى کۆبوونەوەى راوێژی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو.

کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان ئەنجامنامەى کۆنفرانسی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە لە رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢١ بە بەشداری ٢٥٠ کەسایەتی، رۆشنبیر، رۆژنامەنووس، چالاکوان و رێکخراوەکان و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو.

دەقی ئەنجامنامەکە

ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ک ن ک، رۆژی 21/2/2021 کۆنفەرانسێکی لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی "ڕاوێژی ڕۆژهەڵات" ئەنجام دا. بە داخەوە بە هۆی ئەو دۆخە نالەبارەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا دایسەپاندووە کۆنفرانسەکە لە ڕێگای پرۆگرامی زووم ـەوە ئەنجام درا.

دیارە لایەنی ئەرێنی کۆنفەرانسەکە بە ئۆنلاین ئەوە بوو کە ژمارەیەکی زێدەتر لە هاووڵاتیانی دڵسۆزی کوردستانیی توانیان بەشدار بن و کاتەکەیش پوختەتر بە قازانجی بەشداربووان بەکار هات.

ژمارەی بەشداران تێکەڵ لە ژنان و پیاوان و لە ئاستی سەرانسەری ڕۆژهەلاتدا گەیشتە زیاتر لە 250 کەس کە بریتیبوون لە نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوە مەدەنیەکان و کەسایەتیی سەربەخۆ. دیوان لەلایەن چوار ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەڕێوە بردرا .

رۆژهەڵاتی کوردستان پاش باکووری کوردستان دێت و لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە دووهەم بەشی کوردستانە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەکوو وەکوو بەشەکانی دیکەی کوردستان بە داخەوە بەشێکی داگیرکراوی نیشتیمانە و لە ژێر چەوساندنەوەی سیستەمی داگیرکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لە دۆخێکی زۆر خراپ دایە.

خەڵکی ڕۆژهەلآتی کوردستان فیداکاریی گەورەیان دژ بە سیستەمی داگیرکەریی ئێران کردووە کە بووە بە بەشێکی گرینگ لە مێژووی شانازیی و سەربەرزیی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان.

لە کاتی تەنگانە و کارەساتی سرووشتیی و دۆخە ناهەموارە سیاسییەکاندا بینیوومانە کە هاوهەستیی و هاودەنگیەکیی شایانباس و جێی شانازیی لە نێوان خەڵکی ڕۆژهەڵات بەرامبەر بە یەک و بەرامبەر بە پارچەکانی دیکە هەیە. بە داخەوە تا ئێستا نەمانتوانیووە بە شێوەیەکی دروست و پێویست سوود لەم خەسڵەتە گرینگ و گەورەیە وەربگرین. ڕۆژهەڵات هەروەها سەرکانیی بەشێکی گرینگ و پرشنگداری مێژووی کوردستان و تێکۆشانە ئازادیخوازەکەیەتی. کولتوری ڕەنگاوڕەنگ و هەمەجۆر و خۆشئاوازی ڕۆژهەڵات، هەر لە موزیک و گۆرانیی و جلوبەرگ و دابونەریتەوە تا بە زاراوە جیاوازەکان و خەباتی مەدەنیی و کاری خۆبەخشانە و شۆرشگێڕانە دەگات، کاریگەریی گەورەیان لە سەر پارچەکانی دیکەی کوردستان داناوە.

پاش ڕووخاندنی سیستەمی پادشایەتی کە داگیرکەرێکی دڕندە بوو لە سەر کوردستان بە داخەوە نەک هەر وەلامێکی مرۆڤیانە بە سەهمی گەورەوگرانی ڕۆژهەڵات لە ئازادکردنی ئێران و پێشخستنی دیموکراسیی و بیری ئازادیخوازیی لە ئێراندا نەدرایەوە، بەڵکو کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە کۆمەڵێک بەڵێنی دیموکراسیبوون و یەکسانیخوازییەوە خۆی داسەپاند، توندوتیژتر و دەست بەخوێنتر و دڕندەتر رووبەڕووی ڕۆژهەڵات وێستا.

کاری کۆماری ئیسلامیی بەتایبەتیی لە پاش فەتوای خومەینییەوە ئەوە بوو کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێک بشکێندرێت. کۆماری ئیسلامیی بێ لە شەڕێکی نابەرابەری دڕندانە لە بڵاوکردنەوە ترس و وەحشەتەوە هەتا چاندنی تۆوی دووبەرەکیی و ناتەبایی و بێمتمانەیی بە یەکتر و دڵکرمێکردن و دڵساردکردنەوە و هتد دەستی نەپاراست. لە ماوەیەکی کورتتدا سیاسەتی برسیکردن و بێکارکردن و بێپیشەکردن و نەهێشتن یاخود کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی بە مەبەستی چۆک پێ دان پیادە کرد.

لە ماوەی نزیکەی 42 ساڵی ڕابردوودا ئەم سیاسەتی داگیرکارییە خراپتر و دژوارتر بووە. ترساندن و چاولێبزکردنەوە، و ڕاوەدوونان و رەشبگیریی و لە سێدارەدانی چالاکوانانی ڕۆژهەڵات لە پەرەستاندن دایە. دەوڵەت دەست لەوانەیش ناپارێزێت کە لە چوارچێوەی بەرتەسکی یاسای ئێراندا داوای ئەو مافانە دەکەن کە دەوڵەت دەڵێت گوایا هەیە. دۆخی ڕۆژهەڵات بەو شێوەیە دۆخێکی سەربازیی و پۆلیسییە کە بەرژەوەندی سیستەمی داگیرکەریی دەپارێزن.

دیارە سیاسەتی داگیرکەریی لە ڕۆژهەڵات، هەروەکوو لە پارچەکانی دیکەیش، لە سەر  ئەو دۆخی شەڕ و پشێوییەی ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنگەری گرتووە. واتە سیستەمی داگیرکەریی کە سەرتاسەر لە سەر کوردستانە و کە لە ئێستادا بە پلەی یەکەم دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و سووریان، یەکتر بەهێز دەکەن و لە زۆر دۆخدا کە دێتە سەر دژایەتی کوردستان وەکوو یەک دەوڵەت بەرخورد دەکەن.

لە 30 ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتیی لە دوای رووخانی ڕژیمی بەعسەوە 2003، بە داخەوە دەوڵەتی تورکیا و ئێران لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە هێدی هیدی دەوڵەتی ئێراقیش لە پەیماننامە فیدەڕاڵییەکە دوور بخەنەوە و کەلێنێک لە نێوان باشوور و بەغداد دا دروست بکەن کە لە هەندێک حاڵەتدا پێوەندییەکی کۆنی داگیرکار و داگیرکراو وەبیر دەهێنێتەوە.

لەو بارەوە، ئێران، هەروەکوو تورکیا، هەموو کارێک بۆ ناسەقامگیرکردنی ئێراق و ناسەقامگیرکردنی باشوور و هەڵوەشاندنەوە و لەباربردنی سیستەمی فیدەڕاڵییی دەکات، چون ئێرانیش نایەوێت هیچ شێوازێکی چارەسەریی ئاشتیانە لە ناوچەکەدا ببێت بە مۆدێل. دەستکەوتی خەڵکی کوردستان بۆ ئەوان هێڵی سوورە.

لەبەرئەوە تێکۆشانی رۆژهەڵات هەروەها تێکۆشانی بەشەکانی دیکەشە. زەروروزیانی ڕۆژهەڵات زەرەروزیانە لە بەشەکانی دیکە. لە سەر ئەو بناخەیە کاری سەرەکیی ئێمەی کوردستانیی ئەوەیە کە یەکیەتیی نەتەوەیی لە ناو پێکهاتەکانی سەرانسەری رۆژهەڵاتدا لە شاری ماکۆ تا ئیلام و کوردانی شارەکانی ناو ئێران و هەروەها خۆراسان پتەوتر بکەین و هەموو پێکهاتەکان دەبێت زیاتر نوێنەرایەتیی خۆیان هەبێت، هەروەها باشتر دیار بن و پێوەندیی نێوانیان ڕێکخراوتر و کوردستانیانەتر بێت. هاوکات کە پێوەندیی لەگەڵ بەشەکانی کوردستاندا دەبێت وەکوو جەستەیەکی بایۆلۆژیک بێت، ئەگەر لە چوار جەستەی جیاوازیشدا بین دەبێت هەر یەک گیانمان هەبێت.

لەو بارەوە لە یەکنزیکبوونەوەی حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵات بە مەبەستی پرۆژەی کاری هاوبەش و قبوڵکردنی پرنسیپی پلورالیزم کار هاسانتر دەکات. زوو یان درەنگ حیزب و ڕێکخراوە سیاسیی و مەدەنییەکان پێویستە بکەونە نێو ژیانی هاوکاریی و هاوبەشیی و هاوبەڕێوەبەرایەتییەوە. ئەڵتەرناتیڤی دیکە نییە. مێژووی ئەم 42 ساڵە بە روونیی نیشانی داوە کە هەر لایەنێک خۆی بدزێتەوە زەرەر دەکات، نەک قازانج.

ئەوانەی لە پراکتیکدا لە تێکۆشانەکەدان و دڵییان بۆ گەلی خۆیان لێ دەدات، دەزانن کە تەنیا لە چوارچێوەی یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییدا ڕۆژهەڵات دەتوانێت بەهێز بێت. هیچ پارچەیەکی کوردستان بە تاک و تەنیا بەرگەی ئۆین و پیلان و شەڕی داگیرکاران ناگرێت. لە ڕێگای یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە هەموو پارچە و پێکهاتەیەکی کوردستان دەتوانێت هەبێت و بەهێز بێت و پێش بکەوێت. ئەوە ڕاستییەکە کە گەلی بندەست دەتوانێت سیستەمی داگیرکاریی تێکبشکێنێت، ئەوە خەون و خەیاڵ نییە، بەڵام پێویستە لە ئاستی ئازادیخوازییدا بۆ وەڵام بگەڕێین.

بەشداربووانی ئەم کۆنفەرانسە ڕەنگدانەوەیەکی بچکۆلەتری کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتن. لێرەدا ڕووخساری گەلەکەمان دەبینین و دەنگی یەکتر دەبیستین و هەست بە ئازاری یەکتر دەکەین و هاوکات پێکەوە بە دوای چارەسەر و تیمارێکدا دەگەڕێین.

بە ئامادەبوونی ئەو پارت و ڕێکخراو و تاکەکەسە سەربەخۆیانە کە لە کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵآتدا بەشدارن، لە سەر بنەمای پێشنیاری تەواوی بەشداربوون، ئەم ئەنجامنامەیە دەخەینە بەر دەم ڕای گشتیی ڕۆژهەلاتی کوردستان بەتایبەتیی و پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها ڕای گشتیی کوردستان و جیهان. هیوادارین هەموو کوردێکی ئازادیخواز لە هەر کوێیەک هەیە دڵخوازانە و خۆبەخشانە لە ئەنجامدان و سەرکەوتنیدا بەشدار بێت.

1.            بەشداربووان لە کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتدا بە توندیی سیاسەتی داگیرکەرانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکوم دەکەن و خاوەن لە گەلی خۆیان دەردەکەون. بەشداربووان ئاماژە بە نەبوونی دادگا و یاساسەروەریی دەکەن و بە توندیی دژ بە لە سێدارەدان و ڕەشبگیریی دەوەستن و پشتگیریی لە چالاکوانی مەدەنیی بوارە جیاوازەکان و لە زیندانیانی سیاسیی دەکەن و خاوەن لێیان دەردەکەون.

2.            بەشداربووان لە کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتدا کۆڵبەریی بە کارێکی ناچاریی دادەنێن کە لە سەرئەنجامی سیاسەتی داگیرکارییەوە سەرچاوەی گرتووە. لەبەرئەوە کۆڵبەران بە نانئاوەر و بژێویدەر دەزانن و هەموو ئەو دەستدرێژیانە مەحکوم دەکەن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئێنقەست و ئاگایانە دەیکاتە سەریان. بەشدارانی کۆنفەرانس داوا دەکەن چەند چالاکیەکی هاوبەش بۆ زیندانیانی سیاسیی و کۆڵبەران لە ژێر ناوی بەشدارانی کۆنفەرانسدا ئەنجام بدرێت، بۆ نموونە وەکوو نووسینی نامەیەک بە زمانی ئینگلیزیی بۆ دامەزراوە نیودەوڵەتییەکان، خۆپیشاندانێکی تایبەت بە کۆڵبەران لە شارانی دونیا ئەنجام بدرێت و هەوڵ بدەین چالاکیی تر ڕێک بخەین بۆ ئەوەی ڕای گشتیی کوردستان و جیهانیی بە قازانجی کوردستان دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران ببزوێنین.

3.            ئەمڕۆ لە ئاستی جیهاندا ڕۆژی زمانی دایکە. بەشداربووان لە کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات زمانی زگماک بە مافی بێئەملاولای مرۆڤ دەزانن و خاوەن لە زمانی کوردیی دەردەکەون و داوا دەکەن هەمووان لە بەکارهێنان و پێشخستنی زمانی کوردیی و زاراوەکانییدا دڵسۆزانە چالاک بن.

4.            بەشداربووان لە کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتدا جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک.ن.ک ڕۆڵی خۆی بۆ نزیککردنەوەی پارت و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەکتر ببینێت. هەروەها کۆبوونەوە و چالاکیی لەم جۆرە لە پێناوی بە‌هێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی پێویستە و دەبێت بەردەوام بێت. بەشداربووانیش بە سەهمی خۆیان ئامادەن لەو کارانەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان/ ک ن ک دا ئامادەی کار و هەڵسووڕاوین.

5.            پارت و ڕێکخراوە و کەسایەتییە سەربەخۆکانی بەشداربووی کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات پێداگریان لەسەر بەهێزکردنی یەکیەتیی نەتەوەیی و پێشخستنی بیری فرەلایەنیی و دیموکراسیی و یەکترقبوڵکردن کرد.

6.            بەشداربووان پێیان وایە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت بە شێوەیەکی هاوڕێیانە و هاونیشتیمانیانە لەیەک نزیک ببنەوە و هەوڵی دڵسۆزانە بۆ ئەنجامدانی کار و سەرخستنی پرۆژەی هاوبەش  بدەن.

7.            بەشداربووان داوا لە هەموو لایەک دەکەن، بەتایبەتیی هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە پێکەوە لە هەموو ئەو چالاکیانەدا بەشدار بن کە گوشار دەخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بە بەردەوامیی و هاودەنگ پشتگیریی لە زیندانیانی سیاسیی بکەن، و کە دژ بە سێدارەدان و تیرۆرکردنی رۆژانەی چالاکوانانی سیاسیی و مەدەنیی کوردستان بووەستنەوە.

8.            بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات پشتگیریی لە کەش و هەوایەکی ئازاد بۆ هەموو پێهکاتە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. گیانی لێبوردەیی و پێکەوە ژیانی پێکهاتە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باوەڕە جیاکان، بە  زامنی خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان و هەوێنی دروستکردنی جڤاتێکی مرۆڤی تەندروست و دیموکراسی لە ئایندەدا دەزانن.

9.            بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات پێداگریان لە سەر پشتیوانی کردنیان بۆ خەباتی کرێکاران، زەحمەتکێشان و کۆڵبەران ڕاگەیاند. بەشداربووان هەژاریی و نەداریی بە کێشەیەکی گەورەی ئازادیی و دیموکراتیی دەبینن.

10.         بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات بە پێویستی دەزانن کە بەڵێننامەیەک لە لایەن هەموو ڕێکخراوە سیاسیەکانەوە واژۆ بکرێت و هەر کێشەیەک هەیە لە رێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت.

11.         بەشداربووانی کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات پشتیوانیی خۆیان بۆ کەمپینی ئازادیی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی کورد دووپات کردەوە. داوا دەکەن کە ئێران و تورکیا دەست لە ڕەشبگیریی و لە زیندانیکردن هەڵبگرن و تەواوی زیندانی سیاسیی ئازاد بکەن کە دەبێت بە پایەیەکی گرینگی چارەسەرێکی ئاشتیی لە ناوچەکەدا.

12.         پشتگیریی لە ئازادیی ژنانی کورد و تێکۆشینی لاوان و جەوانان دەکەن، داوا دەکەن کە هەمووان  واز لە خۆ دوورگرتن بهێنن و لە دیالۆگی هاوڕێیانە و هاوخەباتیدا کارا بن و لەو چالاکیانەدا بەشدار بن کە لە دژی  دەستدرێژیی داگیرکەران ئەنجام دەدرێن.

13.         بەشداربووان لە کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵاتدا داوا دەکەن کە لە کار و خەباتی یەکیەتیی نەتەوەییدا، سوود لە رووانگە و پێشنیاری ژنانی کورد وەربگیرێت و زەمینەیان بۆ خۆش بکرێت و هاوکاری بکرێن کە لە هەموو کار و خەباتێکدا چالاکانە بەشدار بن. دەبێت بۆچوون و پێشنیاری ژنان لە تێگەیشتنی نەتەوەییدا تەواو دیار بێت.

14.         بەشداربووانی کۆبوونەوەی ڕاوێژی ڕۆژهەڵات پشتیوانیی خۆیان بۆ هێشتنەوە و پاراستنی سیستەمی فیدەڕاڵیی ئێراق و باشووری کوردستان دەربڕیی و داوا دەکەن تورکیا و ئێران دەست لە دژایەتییکردنی باشوور هەڵبگرن و پێکەوە نەهێڵین دەست لە کوردستان وەردەن.

15.         بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات داوا لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن وەکوو دوو دەسەڵاتی خۆجێی پێوەندیەکانیان لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان ڕێک بخەن و ڕێگا بە پێشکەوتنێکی سرووشتیانەی پێوەندیەکانی خەڵک بدەن. پاراستنی دەستکەوتەکانی باشوور و ڕۆژئاوا ئەرکی سەرشانی هەموو کوردستانییەکە.

16.         بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات پێداگریان لەسەر هاوخەباتیی نێوان پارچەکانی کوردستان کرد.

17.         بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات پێداگرییان کرد کە نەهێڵرێت تێکۆشانی گەلی کوردستان ببێت بە بەشێک لە پڕۆژەی زلهێزە  جیهانیی و هەرێمییەکان.

18.         بەشداربووانی کۆبوونەوەی راوێژی ڕۆژهەڵات پێداگریان لە سەر پێویستیی هاوخەباتیی بزووتنەوە و مرۆڤە ئازادیخواز و پێشکەوتووخوازەکانی  جیهانیی و ناوچەیی کرد.

هاوکات ئەم گفتوگۆ و ڕاوێژە کە بە بەشداریی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، رێکخراوی مەدەنیی و کەسایەتیی سەربەخۆ ئەنجام دراوە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە بە نرخ و بەهایەکی مێژوویی گەیشتووین. گەلەکەمان بە جۆش و خرۆشەوە لە تێکۆشانی خۆی دەڕووانێت. لەبەرئەوە بەرپرسیاریی گەورەتر بۆ کار و خەباتی ڕۆژانی داهاتوو دەکەوێتە سەر شانمان. لەو بارەیەوە داوا لە تەواوی پارت و ڕێکخراوی سیاسیی، کەسایەتی سەربەخۆ، ڕۆشنبیر و نووسەر و ئەکادیمیسیەن و دڵسۆزان و وڵاتپارێزانی ڕۆژهەڵات دەکەین کە لەم کار و خەباتەدا جێ بگرن و بەشداریی بکەن و خاوەنداریەتی نیشان بدەن. هەموومان پێویستە تۆلەرانسی سیاسیی و دیموکراتیکمان ببەینە سەر بۆ ئەوەی وردەوردە بە سەر کێشە ناوخۆییەکانماندا سەربکەوین کە لە ڕاستییدا گەورە نیین.

ئێمە دڵنیایین کە درێژە بەم شێوە لە تێکۆشان ئەزموونی بەسوودی بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بە یەکتر و بە بەهێزکردنی هیوا بۆ گەلەکەمان دەبێت. 

ژ.ت