کوردان لە هامبورگ بۆ عەفرین رژانە سەر شەقامەکان

لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا بە رێکخستنی چالاکییەک پشتیوانی لە عەفرین کرا و تاوان و دڕەندەییەکانی دەوڵەتى تورک لە عەفرین ئیدانە کران.

دەوڵەتى تورک لە عەفرین پاکتاوکردنی ژنان، مرۆڤایەتی و سروشت بەڕێوەدەبات و لە شاری هامبورگی ئەڵمانیا بە رێکخستنی چالاکییەک ئەو تاوانانەى دەوڵەتی تورک لە عەفرین ئیدانە کران.

چالاکییەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ژنانی رۆژبینەوە رێکخرابوو. چالاکییەکە بە خولەکێک رێزگرتن بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد.

لەیلا کایا هاووتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی رۆژبین وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، جیهان لە بەرامبەر ئەو داگیرکەرییەدا بێدەنگە. راشیگەیاند، "ئەوان بێدەنگیش بن، ئێمە هەرگیز بێدەنگ نابین". کایا هاوکات داوای گەورەکردن و پشتیوانی زیاتر بۆ عەفرین لە وڵاتپارێزان و ئازادیخوازان کرد.

نووسەر ئانژا فلاچ لە چالاکییەکەدا وتەیەکی پێشکەشکرد و وتی، دەستدرێژی و توندویژیی دژ بە ژنان لەلایەن رژێمی ئەردۆغان لە کوردستان بووەتە بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەت و وتیشی، "ژنێکی بێدەنگ و سەرکزیان دەوێت، بەڵام ئێمە بێدەنگ نابین و دەبینە مۆتەکەى سەر دڵیان. خۆیان بە دەمی خۆیان دان بە کوشتنی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزدا دەنێن، بۆیە دەبێت لە پێش هەمووانەوە دەوڵەتی فەرەنسا لەبارەی ئەو دانپیادانانەوە سەرلەنوێ دۆسیە بکاتەوە. لە ئەوروپا ژنێکی کورد، یان پیاوێکی سیاسەتمەدار بکوژرێت، بکوژەکانیان دیکتاتۆر ئەردۆغان و میتە".  

سەرحەد چەتین کایا بە ناوی کەنەکەوە وتی، ئەو دەوڵەتانەى لە بەرامبەر داگیرکردنی عەفرین دا بێدەنگ بوون، بێدەنگییەکەیان بە مانای رەزامەندنی و قبوڵکردنی هێرشی دەوڵەتی تورک بوو بۆ سەر عەفرین.

لە چالاکییەکەدا وێنەى ئەو ژنانە بەرزکرابوونەوە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کوژرابوون و رفێندرابوون. لە چالاکییەکەدا یەک لەسەر یەکیش دروشمەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "دەبێت کۆمەڵکوژییەکەیى پاریس روون بکرێتەوە" دەوترایەوە.

ژ.ت