چالاکییە شەرمەزارییەکان دژی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی جۆلەمێرگ بە درێژایی ئەمڕۆژ بەردەوام بوو. هاوسەرۆکانی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان تولای حاتیمۆغلاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیگدەم کلچگون ئوچار و کەسکین بایندر لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی شارەکە کۆبوونەوە، پاشان ڕوویانکردە شەقامەکان و لە چوارلاوەی شارەوە ڕێپێوانیان ئەنجامدا و لەگەڵ گەل کۆبوونەوە و دروشمی "بژی بەرخۆدانی جۆلەمێرگ" ، "کوردستان دەبێتە گۆڕستانی فاشیزم" و "بە بەرخۆدان سەردەکەوین"بەرز کردەوە. هاوڵاتییانیش بە چەپڵە لێدان و تللیان بەشداریان لە چالاکییەدا کرد.
چیگدەم کلچگون ئوچار هاوسەرۆکی دەبەپە دوای ڕێپێوانەکە قسەی کرد و وتی: "بەرامبەر گەلی کورد نادادپەروەری دەکرێت. داگیرکردنی شارەوانیەکان لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە دەستی پێکرد، ئێستا لە هەموو تورکیا ئەو کارە دەکرێت. سەرۆک کۆمار دەڵێت 'بەهۆی سیاسەتە هەڵەکانی دەوڵەتەوە، لە بەرامبەر کورد جیاکاری کراوە، ئێمە بە دڵ و گیان باوەشمان بۆگرتەوە.' دوو ڕۆژ دوای ئەم وتارە، شارەوانی جۆلەمێرگ دەستی بەسەردا گیرا. سێ ڕۆژە شاهیدی ئەوەین کە لێرە چی دەکرێت. ئێمە لە شارێکداین کە لەشفرۆشی، شەڕی تایبەت و ماددە هۆشبەرەکان ڕاستەوخۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشتیوانی دەکرێن. بۆ جاری سێیەمە شارەوانی داگیر دەکرێت. لەم شارەدا، بودجەی ١٥٣ ملیۆن لیرە تەرخانکراوە و کەچی سەرۆکی شارەوانی دانراو بە بودجەکە کاری هەڵبژاردن دەکات. ئەم داگیرکەرانە قەرزێکی زۆریان بە سەر شارەوانی شارەکەدا بەجێهێشتووە و دەستکەوتەکانی کوردیان لەناوبردووە.
"ئێمە لەبەرمبەریان سەر دانانوێنین"
هەروەها ئەرداڵ ئاتاش بە ناوی فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیستەکانەوە قسەی کرد و وتی: "تێکۆشانی ئێمە تەنیا بۆ شارەوانییەک نییە، بەڵکوو بۆ ئاشتی گەلانە. ئێمە بەم دەسەڵاتەوە برسێتی و داگیرکردنی شارەوانیەکان قبوڵ ناکەین. ئێمە دەستبەرداری هیچ پۆستێکی بەدەست هێنراوی یاساییی خۆمان نابین. بەرخۆدانی ئێمە لێرەدا لە مەیدانی کارەوە بۆ تیکۆشانی ژنان، ئیکۆلۆژی، گەنجان و هتد، لە هەموو بوارەکاندا سەرکەوتن بەدەست دەهێنێ. چی دەکەن بیکەن، ئێمە درێژە بە تێکۆشانی ڕەوای خۆمان دەدەین. ئێمە بە هیچ شێوەیەک تەسلیمی ئەوان نابین."
'پێویستە گەلەکەمان ڕاپەڕێت'
لە کۆتاییدا بایندر قسەی کرد و وتی: "ئێمە بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بەرخۆدانمان درێژە پێدەدەین. ئەوان ناتوانن بەرەنگاری ئیرادەی گەل ببنەوە. گەلەکەمان نەک تەنها لێرە، بەڵکوو دەبێت لە هەموو شوێنێک ئیرادەی خۆی بپارێزێت. پێویستە گەلەکەمان ڕاپەڕێت و لە پێناو ئیرادەی خۆیدا بەرخۆدان بکات. دەبێت لێرەوە ئیرادە بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبێتەوە. بانگەوازی ئێمە بۆ خاوەن ویژدانی کوردە؛ ئەمڕۆ ڕۆژی خاوەندارێتی لە زمان، خاک و ئیرادەی خۆتە، دەبێ لە هەموو شوێنێ گەلەکەمان هەستێتە سەر پێ."