دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە لوبنان، ئامێری پەیوەندی و ئاگادارکردنەوەی هەزاران ئەندامی حیزبوڵا تەقییەوە، بەرپرسان ڕایانگەیاند لە سەرانسەری لوبنان زیاتر لە ٢٧٠٠ کەس برینداربوون و ڕەوشی ٢٠٠ کەس خراپە، وە ٩ کەس مردوون. لەنێو بریندارەکان باڵیۆز ئێران لە بەیروت موجتەبا ئەمانی هەیە.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی لوبنان ڕایگەیاند بەرپرسانی لوبنان بەرپرسیارێتی هێرشەکە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل، وە هێرشەکە دەبەستنەوە بە هەڕەشەیەکی ئیسرائیلەوە بۆ فراوانکردنی شەڕ لە لوبنان.
هێشتا ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە، بەڵام بەپێی میدیاکانی ئیسرائیل، حکومەتی ئیسرائیل پاش تەقینەوەکە داوای "کۆبوونەوەی بەپەلە"ی کردووە.
حیزبوڵای لوبنان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی خستە ئەستۆی ئیسرائیل و بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی دا. وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان زیاد مەکاری تەقینەوەکەی وەک "هێرشی ئیسرائیل" ناساند و شەرمەزاری کرد، حیزبوڵا ڕایگەیاند لەپای ئەم هێرشە ئیسرائیل "سزای شایستە" وەردەگرێت.