لە لیڤەرپول هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەرمەزارکرا
کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری لیڤەرپول دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان گردبوونەوە.
کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شاری لیڤەرپول دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان گردبوونەوە.
لە شاری لیڤەرپول لە بەریتانیا، بە دەسپێشخەریی کۆمەڵەی کورد لە شاری لیڤەرپول، بە بەشداری پارتی کۆمۆنیستی لیڤەرپول و پارتی سۆسیالیزمی لیڤەرپول و پەژاک و ئەنجوومەنی ئازاد لە بەریتانیا، هەروەها سەدان کەس لە کوردستانیان و دۆستەکانیان، چالاکییەک دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا.
چالاکییە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان دەستی پێ کرد، پاشان ڕێپێوانێک ئەنجامدرا. لە ڕێپێوانەکەدا، بە زمانی ئینگیلیزی درووشمی جیاجیا بەرزکرایەوە و بڵاوکراوەکان دەربارەی کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەسەر هاوڵاتیانی شارەکەدا دابەشکرا.
پاشان لە سەنتەری لیدز، چالاکوانان بە زمانی ئینگلیزی ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، هەروەها ڕاگەیاندراوی هەریەک لە هاوسەرۆکی جڤاکی ئازاد، ئاسۆ کەریمی، ئەندامی کۆمەڵەی کورد، مامۆستا سەفکان، پارتی کۆمۆنیستی لیڤەرپول، ژنانی ئازاد لە بەریتانیا خوێنرایەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکاندا دووپاتکرایەوە، پێویستە هێزە دیموکراتیکەکانی جیهان، بەرامبەر پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هەڵوێستی جدی وەربگرن، رێگە بگیرێت لەوەی چیتر فڕۆکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاوڵاتی سڤیل بکاتە ئامانج و سرووشتی کوردستان وێران بکات، هەروەها داواکرا حکومەتی عێراق لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سنوورێک بۆ پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورک دابنێت.
پاشان بە گۆڤەند و بەرزکردنەوەی درووشمەکانی "شەهید نامرن" و "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ" و "دەوڵەتی تورک لە کوردستان بڕۆ دەرەوە"، چالاکییەکە کۆتایی هات.