لە شارەکانی ئەوروپا چالاکییەکانی دژی داگیرکاری بەردەوامە: ببنە دەنگی ڕۆژئاوا

هێرشەکانی قڕکردن و داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شارەکانی ئەوروپا شەرمەزارکران.

چالاکییەکانی کوردستانیان و دۆستەکانیان دژی هێرشەکانی قڕکردن و داگیرکاری دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە شارەکانی ئەوروپا بەردەوامە.

هێڵبرۆن

چالاکی شەرمەزارکردنەکە لەلایەن ناوەندی جڤاکی دیموکراتیکی کوردی هێڵبرۆنەوە ئەنجامدرا. کوردستانیان و دۆستەکانیان بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد. ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی (Soleo) دەستی پێ کرد و بە درێژایی ڕێپێوانەکە دروشمەکانی "تیرۆریست ئەردۆگان"، "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" بەرزکرانەوە.

ڕێپێوانەکە لە گۆڕەپانی (Harmonî) کۆتایی هات. لەوێدا بۆ یادی شەهیدان مۆم داگیرسێنرا و گردبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.

لەو بۆنەیەدا بە ناوی ناوەندی جڤاکی کوردی دیموکراتیک (دەکتەم) وتەیەک پێشکەش کرا، تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دووڕوویی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی کە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا بێدەنگن، شەرمەزار کرا.

ئەسینا

لە ئەسینا لەسەر بانگەوازی ناوەندی چاندی کوردستان، تا کونسوڵخانەی دەوڵەتی تورک ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو. کوردستانیان و شۆڕشگێڕانی تورکیا و چالاکوانانی " Rîseup4Rojava" بەشداری ڕێپێوانەکەیان کرد.

بە ناوی ناوەندی چاندی کوردستانەوە، خاڵۆ ئامەد، قسەی کرد. ئامەد باسی لە هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنی سەر ڕۆژئاوا و بەرخۆدانەکانی بەرامبەر ئەم هێرشانە کرد.

ماربورگ

هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنی دەوڵەتی تورک لە شاری ماربورگی ئەڵمانیا بە گردبوونەوەیەک شەرمەزار کرا.

لە چالاکییەکەدا، خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئازادی کوردستان بەڕێوەچوو. پاشان وتەبێژی کۆمەڵەی دۆستایەتی ماربورگ-کوردستان قسەی کرد. لە گردبوونەوەکەدا ئاماژە کرا بۆ هێرشەکانی سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گوترا: "پێویستە گەلەکەمان و دۆستەکانمان لە ئەوروپا، ڕۆژئاوا بە تەنیا جێ نەهێڵن، لە هەموو شەقامێکدا ببنە دەنگی گەلی ڕۆژئاوا، ببنە چاو و گوێی ڕۆژئاوا".

گردبوونەوەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "شەهید نامرن" کۆتایی هات.