لە ئامەد بە دەیان زیندانی ژەهراوی بوون

بەدەیان زیندانی لە زیندانی ئامەد بە هۆی خۆاردنی ناتەندروستەوە، ژەهراوی بوون و گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانە.

نوسینگەی پارێزەرانی ئامەد، لقەکانی کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەدە) و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئامەد لە ڕاگەیەندراوێکی نووسراودا ڕایانگەیاند، زیندانیانی زیندانی ئامەد بەهۆی خواردنەوە ژەهراوی بوون. ڕێکخراوەکان سەبارەت بەو ڕووداوەو لەسەر ئەکاونتی دیجیتاڵ میدیای خۆیان ڕایانگەیاندووە، لە ٢٣ی حوزەیران، زانیارییان لەسەر ژەهراویبوونی زیندانییەکان پێگەیشتووە و ئەندامەکانیان ڕۆیشتوون بۆ سەردانی زیندانیەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەگەڵ زیندانیەکان کۆبوونەوەتەوە و ئەوانیش پێیان وتوون: "بەهۆی جەژنەوە نزیکەی ١٠ ڕۆژە کێشەی خواردن دروست بووە. لەم ماوەیەدا ڕووداوی گەندەڵی پەرەیان سەندووە. ئەو خواردنانەی لە ٢٣ی حوزەیران بە زیندانییەکان درابوو، بۆنی لێدەهات. بەردەوام ئاو دەبڕدرێت و ئەو ئاوەی کە دەدرێت لە بواری تەندروستیەوە خاوەن نییە. بەهۆی ڕشانەوە و سکچوونەوە ٣٢ زیندانی ناو هۆڵەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. پاش چارەسەرکردنیان، دیسان گەڕێندراونەتەوە بۆ زیندان."

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە پێویستە خۆراکی خاوێن بدرێتە زیندانیان و تەندروستی زیندانیانیش لەبەرچاو بگیرێت و ئەوەش وەبیر هێنراەوە کە ڕۆژی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٤حاڵەتێکی دیکەی ژەهراویبوون لە هەمان زینداندا ڕوویداوە. هەروەها داوایان لە بەرپرسان کردووە دەستبەجێ بەرپرسیارێتی و ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.