لە ئیزمیر یادی دەنیز پۆیراز کرایەوە

دەنیز پۆیراز ٣ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن فاشیستێکی تورکەوە بەچاودیری پۆلیس کوژرا، ئەمڕۆ لە ئیزمیر یادی کرایەوە. حالیدە تورکئۆغڵو ڕایگەیاند کە دەنیز ڕەمزی تێکۆشانی ژنان و گەلی کوردە و وتی: "بەڵێنمان بە دەنیز داوە، ئاشتی بۆ وڵات دەهێنین."

بە بۆنەی سێهەمین ساڵوەگەڕی کوشتنی دەنیز پۆیراز، لە بارەگای دەم پارتی لە ئیزمیر، مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو. بنەماڵەی دەنیز پۆیراز، دایکانی ئاشتی، چالاکوانانی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی، هالیدە تورکئۆغڵو، پەرلەمانتاری موش سێزای تەمەلی، نوێنەری دەم پارتی ئیزمیر، نوێنەری پارتە سیاسی و سەندیکاکانی کرێکاران و بەشێکی زۆر لە هاووڵاتیان بەشداریان لە مەراسیمەکەدا کرد. بەرنامەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی ئازادی دەستی پێکرد.

لە مەراسیمەکەدا دایکی دەنیز، فەهیمە پۆیراز، قسەی کرد و وتی: "دەنیز بۆ هەمیشە دەنیزی گەلی کوردە، دەنیز هەمیشە دەیگوت من کچی گەلی کوردم. دەنیز کەسێکی ئازاد بوو. گرێدراوی گەل و وڵاتەکەی بوو. ئەو بەردەوام لەسەر ڕێبازی هەڤاڵانی خۆی بوو."

هەروەها سێزای تەمەلی قسەی کرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانی پشت ئەو تۆمەتبارەی کە دەنیزی کوشتووە دەناسن و وتی: "دەنیز پۆیراز ڕەمزی تێکۆشانی ژنان و گەلی کوردە. ئێمە بەڵێنمان داوە بە دەنیز، ئاشتی بۆ وڵات دەهێنین. ئەگەر دیموکراسی نەھێنین ئاشتی نەھێنین، ئەوە وڵاتی خۆمان لەدەست دەدەین. ئەمانە کوشتنی سیاسین. ئێمە لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە زانیاریمان لە سەر کوشتنی دەنیز هەیە. پرسی هەموو ئەم کێشانە گۆشەگیری ئیمرالییە. ئێمە ئاشتی و دیموکراسیمان دەوێت. پێویستە دژی گۆشەگیری و دژی شەڕ راوەستین."

دوای وتارەکان کورتە فیلمێک دەربارەی دەنیز پۆیراز نمایشکرا. پاشان کۆڕی ژنانی دەنیز پۆیراز هاتنە سەر شانۆ و بە گۆرانی کوردی سەمایان کرد. یادەکە بە دروشمی "ژن ، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.