لە زیندانەکانی مەڕمەڕە لەماوەی ساڵێکدا ٧ هەزار و ٣٤٩ پێشێلکاری ئەنجامدراون

لقی ئیستەنبوڵی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ (ئیهەدە) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕاپۆرتێکی دەربارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە زیندانەکان لە ساڵی ٢٠٢٤ بڵاوکردەوە.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن سەرۆکی لقی ئیستەنبوڵی ئیهەدە گوڵسەرەن یۆلاری و ئەندامی کۆمیسیۆنی زیندانەکان مەراڵ نێرگس شاهین پێشکەشکرا.

بەگوێرەی داتاکان لە ساڵی ٢٠٢٤ دا لە ٥٢ زیندانەوە ٢٨٠ داواکاری پێشکەشی بە لقی ئیستەنبوڵی ئیهەدە کراون.

٢٤ داواکاری لە زیندانەکانی هەرێمی مەڕمەڕە، ٢٦ لە زیندانەکانی هەرێمەکانی تر و ٢ داواکاریش لە زیندانەکانی دەرەوەی وڵاتەوە کراون.

لەماوەی ساڵێکدا ٧ هەزار و ٣٤٩ پێشێلکاری ئەنجامدراون

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە دووپاتکراوەتەوە، لە زیندانەکانی هەرێمی مەڕمەڕە ٥ هەزار و ٧٨٢، لە زیندانەکانی هەرێمەکانی تر هەزار و ٦٨١ پێشێلکاری کراون. لەگەڵ ئەو زانیارییانەی لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بەدەستهاتوون، لە ساڵی ٢٠٢٤ دا لە تەواوی زیندانەکان بەگشتی ٧ هەزار و ٣٤٩ پێشێلکاری ئەنجامدراون. وە لە زیندانی ئیمراڵی ٥٨٩ پێشێلکاری ئەنجامدراون.

پێشێلکاری لە زیندانی ئیمراڵی

دەربارەی پێشێلکردنی مافی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران بۆ ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیانی تری ئیمراڵی، عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش، ٥٨٩ پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ چەسپێنراون. لەم پێشێلکارییانە ٤٤٢ پەیوەستە بە پێشێلکردنی مافی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەران بۆ هەریەک لە عومەر خەیری کۆنار و حامیلی یەڵدرم و وەیسی ئاکتاش، وە ١٤٧ پێشێلکاری تایبەتە بە ڕەتکردنەوەی داوای ئەنجامدانی دیداری بنەماڵە و پارێزەران لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ.

٣٢ زیندانیکراو گیانیان لەدەستداوە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لە ساڵی ٢٠٢٤ بەگشتی ٣٢ زیندانیکراو گیانیان لەدەستداوە و ٧ یان لە زیندانەکانی هەرێمی مەڕمەڕە بوون.

لە ڕاپۆرتەکەدا بۆ ڕێگرتن لە پێشێلکارییەکان بانگەواز لە بەرپرسان کراوە، پێشنیارەکانیان دەربارەی چارەسەر بخەنەڕوو. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکارییەکان هەنگاوی پێویست بنرێت.