مەسەدە: کۆنگرەکەی دیمەشق تەنها ڕێکارێکی شکڵی بوو

ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) ڕایگەیاند "کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی" کە لە دیمەشق ئەنجامدرا، تەنها ڕێکارێکی شکڵی بوو، گوتی: "لەم کۆنگرەیەدا هیچ دۆزێکی چارەنووسساز و ئایندەی سوریا بەجدی وەرنەگیرا".

ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) دەربارەی "کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی" کە لە دیمەشق ئەنجامدرا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیاندراوەکە بەم جۆرەیە:

"ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە) چاودێری پرۆسەی "دیالۆگی نیشتیمانی" کرد کە ٢٥ ی شوباتی لە دیمەشق ئەنجامدرا.

پێشتریش مەسەدە بە ڕاگەیاندراوێک شێوازی هەڵبژاردنی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەکە و زیهنیەتی کۆمیتەکە و ڕاگەیاندراوەکەی ڕەتکردەوە. بەستنی کۆنگرەکەش درێژەپێدەری ڕێبازی پەرواێزخستن و دوورخستنەوەیە کە دەیان ساڵە لە گۆڕەپانی سیاسی سوریادا باڵادەستە.

نەبوونی نوێنەرایەتیی دادپەروەرانەی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی سوریا و بەم شێوە دەستوبردە ئەنجامدانی کۆنگرەکە بەبێ فەراهەمبوونی بناغەیەکی ڕوون و گەرەنتی ڕاستەقینە، دەریدەخات لەم کۆنگرەیەدا هیچ دۆزێکی چارەنووساز و ئایندەی سوریا بەجدی نەگیراون و تەنها ڕێکارێکی شکڵی بووە و هیچی تر. هەروەها کۆنگرەکە هیچ چارەسەرێکی گونجاو و هاوبەشی نەتەوەیی لە بنیاتنانی سوریادا نەخستەڕوو.

پشتبەستن بە ڕێبازە کۆن و شکستخواردووەکان لەڕێگەی قۆرخکردنی بڕیاری سیاسی و دوورخستنەوەی پێکهاتە و هێزە نیشتیمانییە چالاکەکان لەلایەن دەسەڵاتی دیمەشقەوە، دابەشبوون قووڵتر دەکاتەوە و دەرفەتی سەرکەوتنی قۆناغی ڕاگوزەر لەباردەبات. دەبوو دەسەڵاتی دیمەشق دووربکەوێتەوە ڕێبازەکانی ڕژێمی دەسەڵاتی چەوسێنەر، دەبوو دیالۆگێکی جدی و ڕاستەقینە و گشتی بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ئەنجام بدایە، تاوەکو هیواکانی گەلی سوریا بەدی هاتبا".