کەنەکە: دۆکتۆر عیزەدین تێکۆشەر و کەسایەتییەکی دیاری بوو

کۆنسەی بەڕیوەبەریی ( ك ن ك-KNK) بە بۆنەی کۆچی دوایی پرۆفیسۆر دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول پەیامێکی سەرەخۆسی داوە و ڕایگەیاند: "دۆکتۆر عیزەدین تێکۆشەر و کەسایەتییەکی دیاری بوو و تا دوا سات پەیوەست بوو بە تێکۆشانی نەتەوەیی و ئەدەبی و سیاسییەوە".

کۆنسەی بەڕیوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان–( ك ن ك-KNK) بە بۆنەی کۆچی دوایی پرۆفیسۆر دکتۆر عیزەدین مستەفا ڕەسول پەیامێکی سەرەخۆسی بڵاو کردوەتەوە و و تێیدا هاتووە:

ئەمڕۆ ۲۰۱۹/۱۰/۰۳، پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسول، مامۆستای زانکۆ، نووسەرو ئەدیب، ئەندامی دامەزرێنەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد. دۆکتۆر عیزەدین مستەفا رەسول، سەرەڕای ئەوەی کەسایەتییەکی دیاری بواری رۆشنبیری و ئەدەبی و ئەکادیمیی کوردی بوو، هەمانکات مامۆستایەکی بە هەڵوێست و کەسایەتییەکی دڵسۆزی دۆزو خەباتی گەلەکەی بوو. یەکێک لەو رۆشنبیرە دەگمەنانەی  تا دوا ساتەکانی ژیانی پەیوەست بوو بە بوارە جیاوازەکانی تێکۆشانی نەتەوەیی و ئەدەبی و سیاسییەوە.
پرۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسول وەک مامۆستای زانکۆ، سەدان خوێندکاری پێگەیاندووە. چەندین کتێب و نووسینی ئەکادیمیی لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەبی کوردیدا بڵاوکردۆتەوە. وەک ئەدیبێکیش لە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نووسەرانی کورد بوو. لەیەکەم کۆنگرەی ئەو رێکخراوەشدا بە سەرۆکی یەکێتی نووسەرانی کورد هەڵبژێردرا.
کۆچی دوایی دۆکتۆر عیزەدین لەم قۆناغە ناسک و هەستیارەی گەلی کوردستاندا، زیانێکی گەورەیە لە ئەدەب و رۆشنبیریی و خەباتی نەتەوەیی گەلی کوردستان.
ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان سەرەخۆشی لە خۆمان، لە گەلی کوردستان، لە کەسوکار و دۆست و هاوڕێیانی دۆکتۆرعیزەدین و ئەدیب و نووسەرانی کوردستان ئەکەین. جێگاو رۆڵی دؤکتۆر عیزەدەین مستەفا رەسوڵ لە مێژووی ئەدەب و رۆشنبیریی و خزمەتی نەتەوەییدا، هەمیشە درەوشاوەو پرشنگدار ئەمێنێ.

هـ.هـ