لە حەسەکە بۆ ٢ شەهید مەراسیم ئەنجامدرا

بۆ شەڕڤانی قەسەدە هەردەم گابار و ئەندامی هێزەکانی خۆپاراستن محەمەد ئەحمەد ئەل حەمادە کە لە دێر حافر و حەسەکە شەهیدبوون، لە حەسەکە مەراسیمێک ئەنجامدرا.

بۆ شەڕڤانی قەسەدە هەردەم گابار (بەشیر محەمەد) کە ١٨ ی شوبات لە دێر حافر شەهید بوو، وە شەڕڤانی ئەرکی خۆپاراستن محەمەد ئەحمەد ئەل حەمادە کە ٢٠ ی شوبات لە حەسەکە شەهید بوو، لە گۆڕستانی شەهید دژوار لە گوندی داودیەی شاری حەسەکە مەراسیمێک ئەنجامدرا.

دانیشتووانی حەسەکە و کۆچبەرانی عەفرین و ئەندام و بەڕێوەبەرانی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوون. وێنەی شەهیدان و وێنەی ڕێبەر ئاپۆ و ئاڵای قەسەدە و یەپەگە و یەپەژە بەرزکرایەوە.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن، ئەندامی ئەنجوومەنی بنەماڵەی شەهیدان ئەحمەد حرێز سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان کرد و گوتی: "تا کۆتایی لەسەر ڕێچکەی شەهیدان دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک تێدەکۆشین".

ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازیی حەسەکە دێرسیم حەسەکە، تیشکی خستەسەر کەسێتی و ڕۆڵی هەردوو شەهید لە پاراستنی ئازادی و ئارامی هەموو پێکهاتەکان.

هەروەها ئاماژەی کرد بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی، دووپاتی کردەوە بەرخۆدانی تشرین و قەرەقۆزاق باشترین پەیامە بەڕووی داگیرکەراندا.

دواتر لەسەر ناوی بنەماڵەی شەهید هەردەم، هێڤی محەمەد ڕایگەیاند شەهید هەردەم بۆ ئازادی و ئارامی گەلی عەفرین و هەموو پێکهاتەکان تا کۆتایی تێکۆشا و لەم پێناوەدا شەهید بوو.

پاشان گوێ لە پەیامی شەهید هەردەم گابار گیرا کە تێیدا بەشداربوونی لە ڕیزەکانی تێکۆشان دەخاتەڕوو. تێیدا شەهید هەردەم دەڵێت: "باوکم، من و خوشکەکەمی ناردە نێو ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادی و هەمیشە پێی دەگوتین لەسەر ڕێچکەی ئازاد و شکۆدا هەنگاوبنێن. دەیویست خاوەنداری لە خاک و وڵاتەکەمان بکەین، لەسەر ئەم بناغەیە ئێمە لەسەر بەڵێنی خۆمان سوورین".

پاشان ناسنامەی هەردوو شەهید خوێنرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکەیان کرا، تەرمی هەردوو شەهید بەخاک سپێردرا.