لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بۆ یادکردنەوەی ئەو ئەنتەرناسیۆنالیستە شۆڕشگێڕانەی لەنێو ڕیزەکانی یەپەگە و یەپەژە شەهیدبوون، مەراسیمێکی یادکردنەوە ئەنجامدرا. سەدان کەس لە هۆڵی کۆنفرانسی سالباوی فرانکفۆرت کۆبوونەوە. چەندین بنەماڵەی شەهیدانی ئەنتەرناسیۆنالیست لە وڵاتانی وەک ئەوروپا و ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئوسترالیاوە بەشداربوون.
لە مەراسیمەکەدا، تێکۆشان و شەهیدبوونی دڵسۆز بەهار (کێڤن خواکیم)، یەکێک لەو ١٣ شەڕڤانەی کە ساڵی ٢٠١٥ لە شەڕی دژی داعش شەهیدبوو و ٦ ڕۆژ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە دەروازەی سنووری خابوور وەستێنرا، یادکرایەوە.
کێڤن خواکیم کە ساڵی ٢٠١٢ بەشداری ڕیزەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردی کرد، پاشان لە چەند شوێن خەباتی کرد، لە ساڵی ٢٠١٥ گەیشتە ڕۆژئاوا. بەشێوەیەکی چالاک بەشداری کرد لە بەرخۆدان دژی داعش. بەشداربوو لە هەڵمەتی فەرماندە ڕووبار قامیشلۆ بۆ ڕزگارکردنی گوندە داگیرکراوەکان، لەوێ ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا. لە شەڕی ٦ ی تەمموزی ٢٠١٥ لە گوندی شەڕگراتی شارۆچکەی سلوکێ، شەهیدبوو.
لە چەندین ناوچەی جیهانەوە هاتن
بنەماڵەی ئەو ئەنتەرناسیۆنالیستانەی لەنێو ڕیزەکانی یەپەگە و یەپەژەدا شەهیدبوون، لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوون. دایکی شەهیدی کەنەدایی گابار ڕۆژئاڤا (جۆن ڕۆبێرت گالاگەر)، دایکی شەهیدی ئوسترالی باگۆک سەرحەد (ڕیجی هاردینگ)، دایکی شەهیدی ئەرژەنتینی ئالینا سانچێز (لێگەڕین چیا)، دایکی شەهیدی بەریتانی شۆڕش ئامانۆس (جاک هۆڵمز)، دایک و خوشکی شەهیدی هۆڵەندی باران ساسۆن (جۆرید هیگەر)، بنەماڵەی شەهیدی کورد ئاسیا کانیڕەش (قەدریە تەتیک)، دایکی شەهیدی ئەڵمانی شیار گابار (جاکۆب ڕایمر)، بنەماڵەی شەهیدی ئەڵمانی ئازاد شەڕگەش (تۆماس سپیس)، بنەماڵەی شەهیدی ئەڵمانی ئەندۆک جۆتکار (کۆنستانتین گێدیگ)، دایکی شەهیدی ئەڵمانی ئاڤاشین تێکۆشین (ئیڤانا هۆفمان)، دۆستانی شەهیدی ئەڵمانی نودەم (ئوتا شنایدەربانگەر) و بنەماڵەی شەهیدی سلۆڤینی ڕۆدی چەکدار (مارتین گرودن) بەشداری مەراسیمەکەیان کرد.
تیشکخرایە سەر گرنگی تێکۆشانی نێونەتەوەیی
ڕۆژنامەنووس و نووسەری کورد سەفکان کۆبانێ، سیاسەتمەدار پەرۆ دوندار، نورسەل ئایدۆغان و بەڕێوەبەری دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدان (کۆماو) جاهیدە گۆیی بەشداری مەراسیمەکە بوون. سەفکان کۆبانێ و پەرۆ دوندار قسەیان کرد و تیشکیان خستەسەر گرنگی پشتگیری و تێکۆشانی نێونەتەوەیی.
بنەماڵەی شەهیدان قسەیان کرد و باسی تێکۆشانی ڕۆڵەکانیان کرد و پەیوەستبوونی خۆیان بە شۆڕشی ڕۆژئاواوە ڕاگەیاند.
پاشان کۆرۆی مۆسیقا بۆ یادکردنەوەی شەهیدان نمایشێکیان پێشکەشکرد، لە وتەکاندا تیشکخرایەسەر یەکگرتنی ئەنتەرناسیۆنالیستی و پەیوەستبوون بە بەرخۆدانی ڕۆژئاواوە. مەراسیمەکە بە هەلهەلە و بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.