لە ٣ گەڕەکی وان چالاکی ناڕەزایەتی ئەنجامدرا

لە ٣ گەڕەکی وان دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان شەرمەزارکرا. لە چالاکییەکان لە ناوچەکانی ئەردیش و قەلقەلی و پایزاوا، گەل ناڕەزایەتی بەرامبەر دەستبەسەراگرتنی ئیرادە نیشاندا.

چالاکییەکانی شەرمەزارکردنی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانی وان بەردەوامە، لە ناوچەکانی ئەردیش و قەلقەلی و پایزاوا چالاکی ئەنجامدرا. لە ئەردیش لەبەردەم بینای دەم پارتی وان ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە، هاوسەرۆکی دەم پارتی وان، گوڵشەن کورت ڕایگەیاند بەرخۆدانی گەلی وان دژی ئەم ستەم و نادادییە بەردەوامە.

هاوسەرۆکی شارەوانی وان، عەبدوڵا زەیدان گوتی: "بۆ هەمیشە ئەم زیهنیەتی دەستبەسەرداگرتنە شەرمەزار دەکەین و ئەم دزانە دەنێرینەوە".

پەرلەمانتاری دەم پارتی عومەر فاروق ڕایگەیاند بۆ هەمیشە دژی ئەم نادادییانە دەوەستنەوە.

چالاکییەکە بە بەرزکردنەوەی درووشم کۆتایی هات.

لە ناوچەی قەلقەلی لە بەردەم بینای دەم پارتی تا بینای شارەوانی ڕێپێوان کرا و لەوێ ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. هاوسەرۆکی دەم پارتی شارەکە وەیسی دیلەکچی ڕایگەیاند لەکاتێکدا گەل چاوەڕێی ڕاگەیاندنێکی مێژووییە، دەسەڵات ئەم سیاسەتە پیادە دەکات، ئەم سیاسەتە دژی ئاشتی و ئارامییە، گوتی: "ڕاگەیاندراوەکەی بەڕێز ئۆجالان دەبێتە بانگەوازێکی مێژوویی. ئەمە بۆ وڵاتەکەمان زۆر گرنگە، لەو باوەڕەداین کە پێ دەنێینە نێو پرۆسەیەکەوە کە ژینگەی شەڕ و پێکدادان کۆتایی دێت و باس لە ئاشتی دەکرێت".

پەرلەمانتاری دەم پارتی گوڵجان کاچماز سایگیت ڕایگەیاند هەرچی بکەن گەلی کورد سەر نەوی ناکات، گوتی: "ئەمڕۆ بەڕێز ئۆجالان بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی کورد تێدەکۆشێت. موخاتەبی سەرەکی چارەسەری ئەم پرسە، بەڕێز ئۆجالانە".

لە ناوچەی پایزاوا ڕاگەیاندراو خوێنرایەوە. پەرلەمانتاری دەم پارتی مەحمود دیندار ڕایگەیاند سیاسەتی قەیوم درێژپێدەری سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و نکۆڵییە بەرامبەر گەلی کورد، گوتی: "بڕوانن، دەرفەتێکمان لەپێشە. پەیامی چەند ڕۆژی ئایندەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان پێویستە لای هەموو گەلان و بندەستان و چەوساوەکانەوە پێشوازی بکرێت. بۆ ئەوەی خەونی هەموو گەلان بۆ ئاشتی بێتەدی، دەبێت هەمووان پشتگیری لەم پرۆسەیە بکەن".