لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق درووشمی "بمرێ خیانەت"بەرزکرایەوە
لەسەر بانگەوازی هاوبەشی مەجلیسی دەست-دان و ناڤ-بەرلین لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و خیانەتی پەدەکە چالاکی ئەنجامدرا.
لەسەر بانگەوازی هاوبەشی مەجلیسی دەست-دان و ناڤ-بەرلین لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و خیانەتی پەدەکە چالاکی ئەنجامدرا.
لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، لەبەردەم کونسوڵخانەی عێراق دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک و خیانەتی بارزانی چالاکی ئەنجامدرا. پێش چالاکییەکە شاندێکی ناڤ-بەرلین دۆسیەکی نووسراو تایبەت بە داخوازییەکانیان ڕادەستی کونسوڵخانەکە کرد و تاجەگوڵینەی ڕەشیان لەبەردەم کونسوڵخانەکە دانا.
ئاماژە بەوە کرا، پەدەکە ڕێککەوتنی ئابڕووبەرانەی لەگەڵ تورکیا ئەنجامداوە و دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد وەستاوەتەوە، لەبری پاراستنی گەلی کورد، هاوکاری داگیرکەران دەکات، گوترا: "پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەم خیانەتە بهێنرێت! جڤاکی کوردی ڕێگە نادات پەدەکە بەرژەوەندیی خۆی لەسەر ئازادی و ئاسایشی گەلەکەمان بەدەست بهێنێت. حکومەتی عێراق بە نەرمینواندن بەرامبەر هێرشە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق، سەروەری خۆی لەبەرچاو نەگرت. ئەم سەرشۆڕکردنە بۆ تورکیا قبووڵ ناکرێت. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و سەروەری عێراق بپارێزێت".
هەروەها جەختکرایەوە، لە سەرەتای داگیرکارییەکەوە ٣٨١ بۆردوومان ئەنجامدراوە و زیاتر لە ٨٠٠ هێکتار زەوی کشتوكاڵی سوتاوە و هەزاران کەس لە ماڵەکانیان دوورخراونەتەوە، گوترا: "پێویستە حکومەتی عێراق دژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورک ڕێکار بگرێتەبەر و سەروەریی خۆی بپارێزێت".
لە چالاکییەکەدا ئەو کەسانەی قسەیان کرد جەختیان کردەوە، لێپرسینەوە لە خیانەتی پەدەکە/بارزانی دەکەن، ئاماژە بەوە کرا، ڕەنگە ئێستە بۆ دەوڵەتی عێراق وەک هەڕەشەیەک نەبینرێت، بەڵام سبەی دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ ئەم دەوڵەتە.
لە تەواوی چالاکییەکەدا درووشمی "بەڵێ بۆ هاوپشتی نێونەتەوەیی" و "بمرێ خیانەت" بەرزکرایەوە.