لەژێر گوشاری شەڕ و هەژاریدا ئامادەکارییەکان بۆ ١ی ئایار بە بەهێزی بەڕێوەدەچن

ئەمساڵ هاوکات لەگەڵ زیاتر بوونی قەیرانی ئابووری، کرێکارانی بیناسازی لە ئامادەکاریدان بۆ ١ی ئایار. کرێکاران لە دژی جەنگ و قەیرانەکان دەیانەوێت داوا ئابوری و سیاسییەکانیان لە گۆڕەپانەکاندا دەرببڕن.

کۆنفدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکارانی شۆڕشگێڕ (DÎSK - دیسک)، کۆنفدراسیۆنی سەندیکاکانی زەحمەتکێشانی جەماوەری (KESK - کەسک)، یەکێتیی ژوورەکانی بیناسازی و ئەندازیارانی تورک (TMMOB - تەمەمۆب)، کۆمەڵەی ددان پزیشکانی تورک (تەدەبە / TDB)  و یەکێتیی پزیشکانی تورک (تەتەبە - TTB) مانگێک پێش جەژنی کرێکاران و زەحمەتکێشان بەرنامەی خۆیان ڕاگەیاند و بۆ ١ی ئایار بانگەوازیان بڵاوکردەوە.

جگە لە کۆنفیدراسیۆنەکان، زۆرێک لە سەندیکاکان و ڕێکخستنە دیموکراتییەکان بۆ ١ی ئایار دەڕژێنە گۆڕەپانەکان. ئۆزگور کارابولوت سەرۆکی گشتیی سەندیکای کرێکارانی رێگاوبان، بیناسازیی شۆڕشگیڕ (دەڤ-یاپی-ئیش / Dev-Yapi-Îş) سەر بە دیسک بە ئاژانسی هەواڵی فورات ( ANF)ی ڕاگەیاند، لە ژێر گوشارەکانی شەڕ و قەیران و هەژاریدا خۆیان بە تێکۆشانی هاوبەش بۆ ١ی ئایار ئامادە دەکەن.

 ئۆزگور کارابولوت، وتی: "کرێکاران سەرباری هەژاری، نیگەرانی لە ژیان و چۆڵبوونی مەتبەخەکانیان و کەمبونەوەی داهاتیان خۆیان بۆ ١ی ئایار ئامادە دەکەن. ئەمساڵ کارەکەمان کەمێک زووتر ڕوونتر کرد و زوو دەستمان بە ئامادەکارییەکانمان کرد. ئامادەکارییەکان بۆ ١ی ئایار لە هەموو جیهاندا بەردەوامە. ١ی ئایار بە فراوانی و بە جەماوەری پیرۆز دەکرێت. نەک تەنها داواکارییە ئابوورییەکانی کرێکاران، بەڵکو داخوازییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیش دەخرێنەڕوو".

ئۆزگور کارابولوت سەرۆکی گشتیی دەڤ یاپی- ئیش داوای لە هەمووان کرد، بچنە گۆڕەپانەکانی ١ی ئایار و پێویستە هەموو کەسێک لە دژی هەژاری و شەڕ و تەکپەرستی (یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک کەس) و بێکاری بڕژێنە گۆڕەپانەکانی ١ی ئایار.

کارابولوت وتیشی: "دەمانەوێت سەدان هەزار کەس لە پیرۆزبایی ١ی ئایاردا کۆببنەوە و ناڕەزایەتی و هێزی خۆیان بە دەسەڵات نیشان بدەن. دەبێت ئێمە ئەو کارە بکەین. لە هەموو شوێنێک ناڕەزایەتیی هەیە. ئەم ناڕەزایەتیە تەنها هی کرێکاران، ژینگەپارێزان،  خوێندکاران، ژنان و دانیشتوانی گەڕەکەکان نییە، بەڵکو هەموو کەس ناڕازییە. بۆیە ١ی ئایاری ئەمساڵ دەبێتە ١ی ئایارێک، کە هەمووان ناڕەزایی دەردەبڕن و ڕای خۆیان بەرامبەر سیاسەتەکانی دەسەڵاتی سیاسی دەردەبڕن. هێزە دیموکراتیکەکان ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەن".

ژ.ت