مەراسیمی ماڵئاوایی لە سری سورەیا ئۆندەر بەڕێوەدەچێت
مەراسیمی ماڵئاوایی لە سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی بەڕێوەدەچێت.
مەراسیمی ماڵئاوایی لە سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی بەڕێوەدەچێت.
١٨:٢٥
تەرمی ئۆندەر بەخاک سپێردرا
بە بەشداری هەزاران کەس و نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوەکان لە گۆڕستانی زنجیرلیکویوی ئیستەنبوڵ، تەرمی ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی سری سوورەیا ئۆندەر، بەخاک سپێردرا.
تەرمی ئەندامی شاندی ئیمراڵی دەم پارتی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا سری سوورەیا ئۆندەر دوێنێ کۆچی دوایی کرد، ئەمڕۆش لە ناوەندی کەلتووری ئەتاتورک مەراسیمی ماڵئاوایی و لە مزگەوتی باربارۆس لە ئیستەنبوڵ مەراسیمی ئاینی بۆ ئەنجامدرا.
چەندین لایەنی سیاسیی بەشداری مەراسیمەکە بوون
لە مزگەوتی باربارۆس کە تێیدا مەراسیمی ئاینی بۆ سری سوورەیا ئۆندەر ئەنجامدرا، هاوسەرۆکانی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغوڵاری و تونجەر باقرخان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی پەروین بوڵدان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی، هاوسەرۆکانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) مەرال دەنیش بەشتاش و عەلی کەنانئۆغلو، سیاسەتمەدار ئەحمەت تورک، لەیلا زانا، سەرۆکی گشتیی (ئەسەپە) مورات چەپنی، سەرۆکی گشتیی (ئەهەپە) هاکان ئۆزتورک، باشاک دەمیرتاش، سەرۆکی پەرلەمان نەعمان کورتوڵموش، سەرۆکی گشتیی (جەهەپە) ئۆزگور ئۆزەل، پەرلەمانتاری (جەهەپە) سەزگین تانریکولو، سەرۆکی پێشووی (جەهەپە) کەمال کڵیچدارئۆغلو، وتەبێژی (ئاکەپە) عومەر چەلیک، سەرۆکی پارتی داهاتوو ئەحمەد داوودئۆغلو، سەرۆکی پارتی دەڤا عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی ڕەفا فاتیح ئەرباکان، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە عەبدوڵا گولەر، هەروەها نوێنەری چەندین پارت، بەڕێوەبەر و سەرۆکی گشتیی ئامادە بوون.
هونەرمەندانیش لە مەراسیمەکەدا ئامادەبوون
هەروەها چەندین هونەرمەندیش بەشداری مەراسیمەکە بوون لەوانەش: گوڵتەن کایا، هاوژینی ئەحمەد کایا، دەرهێنەر یڵماز ئەردۆغان، ئیبراهیم تاتلیساس، مەعسوم قرمزگوڵ، مێژووناس ئیحسان ئەلیاچیک و زۆر ئەکتەر، هونەرمەند، نووسەر و ڕۆژنامەنووس ئامادە بوون.
لە مەراسیمەکەدا کە هەزاران کەس ئامادە بوون بێ وەستان دروشمی "سری سوورەیا نامرێت"، "شەهید نامرێت"، و "شەهیدی ئاشتی نامرێت" دەوترایەوە.
لەسەر وەسیەتی سری سوورەیا ئۆندەر، نوێژی مردوو ئیحسان ئەلیاچیک بەڕێوەی برد، دوای نوێژەکە تەرمەکە بەرەو گۆڕستانی زنجیرلیکویو بەڕێ کرا.
لە گۆڕستانەکەدا هەزاران کەس پێشوازییان لە تەرمی ئۆندەر کرد.
کاتێک تەرمەکە گەیشتە گۆڕستانەکە، تەرمی سری سوورەیا ئۆندەر لەلایەن هەزاران کەسەوە بە دروشمی "شەهیدی ئاشتی نامرێت" پێشوازی لێکرا.
دواتر تەرمی سری سوورەیا ئۆندەر بەخاک سپێدرا و گۆڕەکەی بە گوڵ ڕازێندرایەوە.
١٥:٥٦
دایکی ئۆندەر لەسەر تەرمەکە گریا
هەزاران کەس لەناو حەوشەی مزگەوتەکە و دەوروبەری کۆبوونەوە. زۆر کەس نەیانتوانی فرمێسکەکانیان ڕابگرن و گریان. هەروەها دایکی ئۆندەر بەناوی زولەیخا ئۆندەر بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر تەرمی کوڕەکەی گریا.
١٥:٣٦
هاندەرانی ئامەدسپۆر لە یارییەکەیان بەرامبەر ئەدەناسپۆر، سری سورەیا ئۆندەریان بیرهێنایەوە، هاندەران نووسینی "بابا ئیسحاق نەمرە" و وێنەیەکی گەورەی ئۆندەریان بەرزکردەوە.
١٤:٥٤
لە مزگەوتی باربارۆس خەیرەدین مەراسیم ئەنجام دەدرێت
تەرمی سری سورەیا ئۆندەر هێنرایە مزگەوتی باربارۆس خەیرەدین لە شیشلی. نوێنەری چەندین پارتی سیاسی و ڕێکخراوی شارەکە و ناوچەکانی دەم پارتی، تاجەگوڵینەیان نارد. هەزاران کەس لە مزگەوتەکە کۆبوونەوە. تەرمی ئۆندەر لە گۆڕستانی زنجیرلیکویویو بەخاک دەسپێردرێت.
١٠:٥٧
پەیامی سەلاحەدین دەمیرتاش
سەلاحەدین دەمیرتاش کە لە زیندانی ئەدرنە بە دیل گیراوە، بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمرالی پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەدا کە لە هەژماری میدیایی دەمیرتاشدا بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، "تۆ تەنها لە گۆڕێکدا نانێژریت، چونکە لە دڵی بەدەیان ملیۆن کەسدا دەنێژرێیت، کاکم سەردانی کامیان بکەم؟ بچۆ، بەڵام ڕێگاکەت کراوەیە، هەمیشە بۆ ئێمە بەنرخ دەبیت. نە پێکەنین بوو نە سمبێڵەکەت کە لە تۆ دەهات؛ مردن لە تۆ نەهات کاکم."
کاتژمێر ١٠:٥٥
جەرەن ئۆندەر کاندەمیر: من لە دۆستایەتیت تێر نەبووم
جەرەن ئۆندەر کاندەمیر کچی سری سورەیا ئۆندەر کورتە وتارێکی بۆ یادی باوکی پێشکەش کرد و وتی: "من لە دۆستایەتی تۆ تێر نەبووم."
١٠:٤٠
کاتژمێر ١٠:٤٥
دروشمی 'بژی ڕێبەر ئاپۆ' بەرز کرایەوە
دوای خوێندنەوەی پەیامی ڕێبەر ئاپۆ، دروشمی 'بژی ڕێبەر ئاپۆ' لە هۆڵەکەدا بە دەنگێکی بەرز وترایەوە.
کاتژمێر ١٠:٣٠
لە مەراسیمەکەدا پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ خوێندرایەوە. دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:
"کۆچی دوایی سیاسەتمەداری هێژامان سری سورەیا ئۆندەر، لە دڵەوە خەمباری کردین. ئەو مرۆڤێکی بەنرخ بوو، ڕۆڵەی ڕاستەقینەی گەل بوو. نەریتی ئەنادۆڵ و تورکمانەکان، ڕۆڵەیەکی مەزنیان لەدەستدا، هەموو کۆمەڵگە و گەلانی ئەم جوگرافیایە، هەڤاڵێکی مەزنیان لەدەستدا. ڕێزێکی زۆرم بۆ یادەوەریی بەڕێزی هەیە. لە ٢٧ ی شوبات، لە دوایین دیدارمان، دوایین ڕستە کە بۆ بانگەوازەکە زیادمان کرد، ئەو بە دەستی خۆی نووسی و ویستی خۆی بیخوێنێتەوە. خاوەن هەوڵ و خەباتێکی لەبیرنەکراو بوو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە. ئەو مرۆڤێکی لێهاتوو بوو کە هەموو نەرێنییەکانی دەگۆڕی بۆ شتی ئەرێنی. ئەو ناسنامەی ڕاستەقینەی ئاشتی و کەلتووری ئاشتی بوو.
ئەو باش دەیزانی کە ئاشتی و پرۆسەی ئاشتی بۆ هەموومان بەسوودە، ئەمە گەورەترین خواست و خەونی بوو. نابێت هەرگیز ئەم هیوایە بە ناتەواوی بهێڵرێتەوە. گرنگ بۆ هەموومان ئەوەیە، ئەم ڕۆحییەتە بگەیەنین بە ئاشتی و بە ناوی سری سورەیا ئۆندەرەوە تاجداری بکەین.
دیسانەوە دڵسۆزی خۆم بۆ یادی بەڕێزی دەردەبڕم و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەی، دۆستانی، خۆشەویستانی، هەڤاڵانی و گەلەکەمان دەکەم.
سەرەخۆشی لە هەموومان دەکەم.
عەبدوڵا ئۆجالان
٣ ی ئایاری ٢٠٢٥".
کاتژمێر ١٠:٢٠
فیلمێک لەسەر ژیانی سری سورەیا ئۆندەر نمایشکرا.
١٠:١٩
لە هۆڵەکەدا دروشمەکانی 'شەهید نامرن'، 'پەیام هێنەری ئاشتی لە ئیمرالییەوە'، 'بژی برایەتی گەلان' و 'بەڵێنت پێدەدەین سری ئاشتی بەدی بێنین' بەردەوام دەوترێنەوە.
١٠:١٨
هاوکات لەگەڵ کەسایەتییەکانی کۆمەڵگای هونەری و سیاسی، بەشێکی زۆر لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد. هۆڵی AKM لە ماوەیەکی کورتدا پڕ لە جەماوەری گەل بوو و خەڵکێکی زۆر لە دەرەوە مانەوە.
تابوتەکەی ئۆندەر لەلایەن بنەماڵە و کەسوکارەکەیەوە هەڵگیرا و لەسەر سەکۆی هۆڵەکە دانرا. تابوتەکەی بە گوڵی سوور خەمڵێندرا و تاجە گوڵینەیەکی سپی لەسەری دانرا. بەهەزاران کەس بۆ چەند خولەکێک چەپڵەیان لێدا.
١٠:١٨
جێگری سەرۆک پەرلەمانی دەم پارتی و ئەندامی شاندی ئیمرالی سری سورەیا ئۆندەر بەڕێ دەکرێت.
کاتژمێر ١١:٣٠
کۆمیتەی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان' پەیامی سەرەخۆشی نارد
'کۆمیتەی ئازادی باشووری کوردستان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان' سەبارەت بە کۆچی دوایی سری سورەیە ئۆندەر پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە کە کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر ئێشی بە هەموو چالاکێکی ئازادی و ئاشتی گەیاند هاتووە: "پێویستە کۆچی دوایی ئەم قارەمانە ئاشتیە هاندەری هەمووان بێت بۆ بەدیهێنانی خەونی پارێزەرانی پرۆسەی ئاشتی و بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'، ئێمە وەک کۆمیتەی 'ئازادی بۆ ئۆجالان لە باشووری کوردستان' سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هێژای سری سورەیا ئۆندەر و هاوڕێکانی و دەم پارتی و گەلەکەمان دەکەین."
١١:٣٧
تەرمی ئۆندەر گواسترایەوە بۆ مزگەوتی باربارۆس
لە مەراسیمەکەدا لە AKM، دایکی ئاشتی ڕەوشەن دۆنەر سەرەخۆشی خۆی لە هەموو گەلان و بنەماڵەی ئۆندەر خواست و بەڵێنی درێژەدان بە تێکۆشانی ئاشتی دا.
پاشان، پەیامی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی خوێندرایەوە.
جەرەن ئۆندەر کاندەمیر کچی ئۆندەر بە لە هۆڵکەدا گۆرانی "ئالی تورنام" کە ئۆندەر باوکی زۆر حەزی پێدەکرد بڵاو کردەوە. دوای پرسەکە، تەرمی ئۆندەر برایە مزگەوتی باربارۆس.