'مردن به‌سه‌ر زیندانیاندا ده‌سه‌پێنرێت'

په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی كۆجاعه‌لی عومه‌ر فاروق گه‌رگه‌ریئۆغڵو باسی له‌وه‌كرد، زیندانه‌كانی توركیا زیاتر له‌ قه‌باره‌ی خۆیان پڕ كراون و سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر پێشێلكاری مافه‌كانی مرۆڤ و وتی، مردن به‌سه‌ر زیندانیه‌كاندا ده‌سه‌پێنرێت.

په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی كۆجاعه‌لی عومه‌ر فاروق گه‌رگه‌ریئۆغڵو بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دووا و به‌ بیریهێنایه‌وه‌، كه‌ به‌ پێی راپۆرتی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئه‌وروپا له‌باره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان له‌سه‌ر زیندانه‌كانی جیهان، توركیا له‌ دوای رووسیایه‌وه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌ كه‌ زۆرترین زیندانی هه‌یه‌.

گه‌رگه‌ریئۆغڵو باسی له‌وه‌كرد، كه‌ له‌ رووی ژماره‌ی كه‌سه‌كانه‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا زیندانی كراون توركیا ژماره‌ی پێوانه‌یی تۆمار كردووه‌ و ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ توركیا رێژه‌ی گرتن له‌ ٨٩.٣% زیاتر بووه‌.

گه‌رگه‌ریئۆغڵو وتی، "دۆخه‌كه‌ ترسناكه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زیندانه‌كان زیاتر له‌ توانای خۆیان ب زیندانی پڕ كراون. له‌ هه‌ندێك زیندان له‌ ئاستی سه‌دا ١٦٦ پڕكراون. له‌ شوێنێك كه‌ پێویسته‌ ١٠ كه‌سی تێدا بێت ٣٥ كه‌سی تێدا راده‌گیرێت. ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌ندروستی درونی و جه‌سته‌یی مرۆڤ دادنێت. ئیچستا گه‌وره‌ترین كێشه‌ ئه‌وه‌یه‌. ته‌ندروستی مرۆڤه‌كان تێكده‌چێت، هه‌ر بۆیه‌ش ژماره‌ی زیندانیان نه‌خۆش رۆژانه‌ زیاد ده‌بێت. خۆی له‌ خۆیدا ئه‌و مرۆڤانه‌شی كه‌ به‌ نه‌خۆشی راگیراون نه‌خۆشیه‌كه‌یان دژوارتر ده‌بێت. رێژه‌ی مردن له‌ ئێستادا له‌ گرتووخانه‌كان زۆر زۆره‌. له‌ رووی مردن له‌ زیندان له‌ دوای رووسیا توركیا له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌ پله‌ی دووه‌مدایه‌. له‌ ناو ئه‌و رێژه‌یه‌دا سه‌دا ١٣.٩ رووداوه‌كانی خۆكوشتنن".

گه‌رگه‌ریئۆغڵو رایگه‌یاند، كه‌ به‌مه‌به‌ستی ئاسانكاری له‌ رێكاره‌كانی هه‌ڵپه‌ساردنی جێبه‌جێكردنی سزای زیندانیانی نه‌خۆش پرۆژه‌یاسایه‌كیان پێشكه‌ش كردووه‌ و وتی، "ئه‌و زیندانیانه‌ی تووشبووی شێرپه‌نجه‌، بیرچوونه‌وه‌ و زۆر نه‌خۆشی دیكه‌ی درێژخایه‌ن و قورسن ده‌بێت له‌ زینداندا نه‌مێننه‌وه‌. پرۆسه‌یه‌كی زۆر قورس هه‌یه‌. بابه‌تی هه‌ڵپه‌ساردنی سزا چاوخشاندنه‌وه‌ی بۆ ناكرێت. ئێستا ژماره‌یه‌كی زۆر زیندانی نه‌خۆش بوونیان هه‌یه‌. ئۆزگه‌ ئۆزبه‌ك له‌ ئاستی چواره‌میندا تووشی شێرپه‌نجه‌ی مێشك بووه‌، نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی زۆر دژواری مێشكی بۆ كراوه‌. به‌ر له‌ ساڵێك جێبه‌جێكردنی سزاكه‌ی هه‌ڵپه‌سێردرا، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌. ئێستا سه‌ر له‌نوێ له‌ زینداندایه‌. نه‌خۆشخانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی فێركاری ده‌ڵێت، 'نابێت له‌ زینداندا بێت'، به‌ڵام پزیشكی دادی ئیسته‌نبوڵ ده‌ڵێت، 'نا، ده‌توانێت له‌ زینداندا بێت'. ئێمه‌ هه‌موومان ده‌چینه‌ نه‌خۆشخانه‌كان دكتۆر دكتۆره‌. دكتۆر له‌ نه‌خۆشخانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ و فێركاری دكتۆره‌، یان ئه‌وه‌ی له‌ پزیشكی دادوه‌رییه‌ دكتۆر نییه‌ ئاخۆ؟ گوشارێكی سیاسی خراوه‌ته‌سه‌ر پزیشكی دادی ئیسته‌نبوڵ. هه‌ربۆیه‌ش زیندانیه‌كان له‌ سه‌ره‌مه‌رگ دا ئازاد ده‌كرێن، یان له‌ زینداندا ده‌مرن".

عومه‌ر فاروق گه‌رگه‌ریئۆغڵو رایگه‌یاند، كه‌ زۆر بنه‌ماڵه‌ سه‌ردانیان كردوون، ئه‌وانیش هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وان له‌ په‌یوه‌ندیدا بن و وتی، "ئێمه‌ ده‌بینین كه‌ تراژیدیای زۆر گه‌وره‌ رووده‌ده‌ن، ده‌سه‌ڵاتداری له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تا یا‌و هه‌مووی ده‌شارێته‌وه‌".

گه‌رگه‌ری ئۆغڵو رایگه‌یاند، كه‌ راپۆرته‌كان سه‌رجه‌میان به‌ یاسای دوژمن ئاماده‌ ده‌كرێن و وتی، "راپۆرتی په‌یوه‌ست به‌ ئاسه‌ڵ توغڵوك نمونه‌یه‌كی هه‌ره‌به‌رچاوی ئه‌و بابه‌ته‌یه‌: راپۆرتی پزیشكی داد تا سه‌ر پڕ له‌و تاوانانه‌ی بانگه‌شه‌ ده‌كرێن. دیاره‌ كه‌ سیاسه‌ت وه‌ك له‌ رووداوه‌كانی دیكه‌دا له‌م رووداوه‌شدا قورسایی خۆی هه‌یه‌. ده‌كرا زۆر مرۆڤ رزگار بكرانایه‌، به‌ڵام زۆر مرۆڤی گه‌نج له‌ده‌ستدران".

هـ . ب