پارێزه‌ران به‌مه‌به‌ستی ئەنجامدانی دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد داواكارییەکی نوێیان پێشكه‌ش كرد

پارێزەرانی نووسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام بدەن، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ داواكاری گشتیی كۆماری بورسا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی زیندانی ئیمراڵی-یان كرد.

هه‌ریه‌ك له‌ جەنگیز یورەکلی، ڕازیه‌ ئۆزتورك، ئیبراھیم بیلمەز، ئەمران ئەمەکچی له‌ پارێزه‌رانی نووسینگه‌ی یاسایی سه‌ده‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن دیدار له‌گه‌ڵ موه‌كیله‌كانیان ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان و هەریەک لە عومه‌ر خه‌یری كۆنار، حامیلی یه‌ڵدرم و وه‌یسی ئاكتاش ئه‌نجام بده‌ن، کە بە توندی گۆشەگیر کراون، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ داواكاری گشتیی كۆماری بورسا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی زیندانی ئیمراڵی-یان كرد.

له‌ ڕۆژی ٢٥ی ئاداری ٢٠٢١ه‌وه‌ تا ئێستا، هیچ زانیارییه‌ك له‌باره‌ی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، عه‌بدوڵا ئۆجالان بەردەست نییە. پارێزه‌ران به‌مه‌به‌ستی ئەنجامدانی دیدار له‌گه‌ڵ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد، هه‌فته‌ی دوو جار داواكاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به‌ڵام وه‌ڵامی داواكارییه‌كانیان نادرێته‌وه‌.

ھاوکات لە ماوەی ١٢ ساڵی ڕابردوودا، تەنها ٥ جار پارێزەران توانیویانە دیدار لەگەڵ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد ئەنجام بدەن، دوایین دیداریش لە ٧ی ئابی ٢٠١٩ ئەنجام دراوە و ٤ ساڵ بەسەر ئەو دوا دیدارەدا تێپەڕیووە.