پاسەوانانی زیندانی کەرەج زیندانییەکیان کوشت و زیاتر لە ٥٠ زیندانیی تریان بریندار کرد

لە هێرشی هێزەکانی گاردی زیندانی ناوەندیی کەرەج بۆ سەر بەندکراوانی ناڕازیی ئەو زیندانە، لانیکەم یەک کەس کوژراوە و زیاتر لە ٥٠ بەندکراوی دیکەیش بریندار بوون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ناڕەزایەتییەکانی ئەو زیندانە دوێنێ ٢٦ی سەرماوەز (١٧ی دێسامبر) دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە هێزەکانی زیندان دەیانویست چەند زیندانییەکی مەحکووم بە ئێعدام بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان لە هۆڵی ٤ی زیندانی ناوەندیی کەرەج بگوێزنەوە بۆ ژووری تاکەکەسی.

ئەو ناڕەزایەتییانە بە وتنەوەی دروشمی دژ بە حکوومەت لە لە هەواگۆڕکێی «حەوشە»ی هۆڵی چوارەوە دەستی پێ کرد، زۆر خێرا بەندەکانی تریشی گرتەوە و بە هۆی هێرشی هێزەکانی گاردی زیندان و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ لە دژی زیندانیان، اڕەزایەتییەکە بەرەو توندوتیژی برا. ئەو هێزانە بە گولـلەی ساچمە و گولـلەی شەڕ دەسڕێژیان لە بەندکراوانی بەندە جیاوازەکان کرد، کە لە ئەنجامدا تا ئێستە هەواڵی کوژرانی لانیکەم یەک بەندکراو و برینداربوونی زیاتر لە ٥٠ بەندکراوی‌تر بڵاو بووەتەوە.

لەم دەسڕێژەدا گولـلەی ساچمە بەر چاوی چەندین زیندانی کەوتووە و بە قورسی بریندار بوون.

دەوترێت دۆخی زیندانەکە تا ئێستەیش هەر ئەمنییە و دوابەدوای هێرشی هێزەکانی گاردی زیندان بە دەیان بەندکراو ڕەوانەی ژوورە تاکەکەسییەکان کراون.

ڕاپەڕینی زیندانیان لەبەشێک لە ڕاگەیاندنەکانی رژێمی ئێران دا بە "ئاژاوەیەکی بچووک" ناوبراوە و سەرباری ئەوەش دۆخی ئەمنی و بارگرژی لەناو زیندانەکەدا بەردەوامە.

پێشتریش لە زیندانی ئێوینی تاران و چەند زیندانێکی تری ئێران ڕاپەڕین لە دژی هێزە ئەمنییەکان ڕوویاندابوو.

ژ.ت