پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران: گەلانی ستەملێکراو پشتیوانی لە گەلی بەلوچ بکەن

پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران رایگەیاند، بەرەنگاریی قارەمانانەى گەلی بەلوچ لە سەراوان نیشانەى ئەوەیە، کە تێکۆشانی رزگاریخوازانەى گەلانی ستەملێکراو، بابەتی خۆیی سەرەکی و چارەنووسسازە لە بەرەوپێشبردنی شۆڕشدا لە ئێران.

پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک هێرشی سەرکوتکارانەى رژێمی ئێرانی بۆ سەر گەلی بەلوچ بە توندی ئیدانە کردووە و داوا لە گەلانی ئێران دەکات پشتیوانی لە گەلی زوڵملێکراوی بەلوچ بکەن.

دەقی راگەیاندراوەکەى پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران

"بەپێشکەشکردنی سڵاوی شۆڕشگێڕانە بۆ ئیرادەی رزگاریخوازیی گەلی بەلوچ، هێرشی سەرکوتکارانەی رژێمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر گەلی بەلوچ بە توندی ئیدانە دەکەین.

رژێمی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای سەرکوت و نکۆڵیکردن لە داوای گەلانی ستەملێکراوی ئێران و لەوانەش گەلی بەلوچ رەگی داکوتاوە. هەر لە سەرەتای دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانییەوە و لە سەردەمی پەهلەوییەوە و هاوکات لەگەڵ سەرکوتی گەلانی ستەملێکراوی ئێران، گەلی بەلوچیش بە توندترین شێوە رووبەڕووی سەرکوتکرایەوە و لە رووی نەتەوەیی، چینایەتی، ئایینی... هتد و سەرکوتی بەرفراوانی لە دژی ئەنجامدراوە.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەى ٤٢ ساڵ دەسەڵات و سێبەری شومیدا بەسەر گەلانی ستەملێکراو، ژنان و زەحمەتکێشان، بە بەراورد لە قۆناعی پێش خۆی زیاتر سەرکوتی ئەنجامداوە، سەپاندنی سەرکوت و گرتنەبەری سیاسەتی ستەم بۆ سەر گەلی چەوساوەی بەلوچیش زۆر زیادیکردووە. تاوانە بەردەوامەکانی ئێستای رژێم لە سەراوان ئەوپەڕی دڕندەیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ هەموانی دەرخستەوە و جارێکیتر سەلماندنی، کە دەوڵەت – نەتەوەی ئێرانی بە بەرگی مەزهەبی یان نا مەزهەبییەوە، دوژمنی شێلگیری داوا رەواکانی گەلانی ئێران و گەلی بەلوچە.

لە بەرامبەریشدا تێکۆشان و بەرخودانی بەردەوامی گەلانی ستەملێکراوی ئێران و لەوانەش گەلی بەلوچ لە بەرامبەر دەوڵەتی فاشیستیی ئێراندا، بە تایبەتی راوەستان و بەرەنگاریی ستایشکراوی گەلی بەلوچ لە سەراوان نیشانی دەدات، کە تێکۆشانی رزگاریخوازانەى گەلانی ستەملێکراو، بابەتیی خۆیی سەرەکی و چارەنووسسازن لە بەرەوپێشبردنی شۆڕش لە ئێراندا. رژێمی تاوانکاری کۆماری ئێسلامیش لە هەموو کات زیاتر لەو ئیرادە و هێزە دەترسێت و هەوڵ دەدات بە هەموو هێزی خۆیەوە سەرکوتی بکات.

لە کۆتایدا ئێمە وەک پلاتفۆرمی دیموکراتیکی ئێران پشتیوانیی تەواو لە تێکۆشانی گەلی بەلوچ دەکەین و لەگەڵیان دەبین، تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەراوان ئیدانە دەکەین و داوا لە هەموو گەلانی ستەملێکراو، ئازادیخوازان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، میدیا دیموکراتیکەکان و ئازادیخوازان دەکەین، پشتوانی لەگەلی بەلوچ بکەن و تاوانەکانی کۆماری ئێسلامی لە سەراوان لە قاو بدەن و ئیدانەیان بکەن".

ژ.ت