ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار جوانە سنە لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەل ئاژانسی هەواڵی فورات دەربارەی شەپۆلی ڕەشبگری ئەوم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ١٥ی ڕەشەمە و هەڵمەتی" لە دژی سێدارەدان و کوشتنی ژنان، کات کاتی پاراستنی ژیانی ئازادە" قسەیکرد.
جوانە سنە لە دەسپێکی قسەکانیدا ئاماژەی دابە شەپۆلی ڕەشبگیری هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وتی: " ڕژیمی داگیری ئێران لە هەموو بوارێکەوە لە قەیراندایە. هەربۆیە تۆڵەی ئەو قەیرانانە لە کۆمەڵگە دەکاتەوە. ڕژیمی ئێران بە شەپۆلی دەستگیرکردنی بەربڵاوی چالاکانی مەدەنی و ژینگەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە نیازە دەنگی ناڕەزایەتی شەقام سەرکوت بکات و گەل چاوترسێن بکات. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە گەل بێدەنگ نەبن و نارەزایەتی نیشان بدەن."
سنە ئەوەی خستە ڕوو کە هیچکات بیری ئازاد بەند ناکرێت و وتی: " بە نزیک بوونەوەی ساڵیادی ١١ی شۆباتی ١٩٧٩( ساڵیادی شۆرشی گەلانی ئێران)، ڕژیمی ئێران بۆئەوەی پێش لە ناڕەزایەتییەکان بگرێت دەستی کردووە بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردنی چالاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ڕژیمی داگیرکەری ئێران بە درووستکردنی ترس و دلەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگەدا بە نیازە پیش لە هەر چەشنە نارەزایەتییەکی گەل بگرێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون بە بێ بڕیاری دادگە دەستگیرکراون. دەبێت بە هەستیاری دەربارەی ئەم بابەتە و ناڕەزایەتی نیشاندان سیاسەتەکانی رژیم پووچەڵ بکرێتەوە. بێگومان هیچکات بیر و دەنگی ئازاد سەرکوت ناکرێت."
جوانە سنە لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە کرد و ڕایگەیاند: " ئێمە ڕۆژانە کوشتنی کۆڵبەران دەبینین. ئەو تاکتیک و دووبارە کردنەوەی سیاسەت بە سەرکۆمەڵگە فەرز دەکرێت. دەبێت بزانین کە دەستگیرکردنەکانی ئەم دواییانە و کوشتنی کۆڵبەران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێوازێکە لە تیرۆری دەوڵەتی. لەم چوارجێوەیەدا پێویستە گەنجان و ژنان لە هەمبەر سیاسەتەکان بێدەنگ نەمێنن و بڕژێنە سەر شەقامەکان."
'وەک کەژار تێکۆشانی خۆمان لە سەر بنگەی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەرز دەکەینەوە'
جوانە سنە ئەندامی کۆردیناسیۆنی کەژار دەربارەی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات لە سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و هاوکات هەڵمەتی " کات کاتی ئازادیە" قسەیکرد و وتی: " پێویستە جارێکی تر شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتت کوردستان وەک سەرهەلدانەکەی ٣ی رەشەمە، بە تایبەتی بە پیشەنگی گەنجان و ژنان لە دژی گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ و ئازادی ئەو تێکۆشان بکەن. ئیستاکە لە تەواوی جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین گەلانی ئازادیخواز داوای ئازادی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن. بۆ ئەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ بووەتە رێبەرێکی جیهانی. هەربۆیە ئەرک و بەرپرسیارەتی ئێمە دەربارەی ئازادی ڕێبەر ئاپۆ وەک تاکی کورد زۆرتر دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ بە بەرخۆدانی ٢٢ساڵەی بێ هاوتا و مێژوویی خۆی لە دوورگەی ئیمڕالی ، ئێمەی فێری بەرخۆدان و تێکۆشان کرد. لەسەر ئەم پێگەیە کەژاریش تێکۆشانی خۆی لەسەر بنگەی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ ئاوا دەکات."
سنە بەم وتانە کۆتایی بە قسەکانی خۆی هێنا: " پێویستە ژنان بە پاراستنی خۆیان سیاسەتەکانی ڕژیمی ئێران تێک بشکێنێت و لەناوی ببات. دەبێت هەموو ئازادیخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ناڕەزایەتی دەربڕینی خۆیان بەشداری هەڵمەتەکە ببن و ئەرکی مێژوویی خۆیان پێک بهێنن."
ک-ش