قەسەدە: چەتەیەکی داعش کە دەیویست بەرەو تورکیا هەڵبێت دەستگیرکرا

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی قەسەدە بە راگەیەنراوێک ئاشکرای کرد، کە ئەندامی چەتەکانی داعش عەبدوڵا عەبدولکەریم عەبدوڵا کاتێک دەیویست هەڵبێت و بچێتە تورکیا لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە.

ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی سوریای دیکومراتیک (قەسەدە) بە راگەیەنرقوێک باسی لەوەکردوە، کە ئەندامی چەتەکانی داعش عەبدوڵا عەبدولکەریم عەبدوڵا کاتێک دەیویست هەڵبێت و بچێتە تورکیا لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە.

قەسەدە لە راگەیەنراوەکەیدا ئەم زانیاریانەی بڵاوکردوەتەوە:

"یەکینە تایبەتەکانی قەسەدە چەتەیەکی عێراقی داعشیان لە خاڵیکی پشکنین لە رەقا دەستگیرکردوە، لە کاتێکدا هەوڵی دەدا لە رێگەی رێکخستنەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستیەوە بەرەو تورکیا هەڵبێت. ئەو چەتەیە لە رێگەی رێکخراوی داعشەوە لە بیابانی سوریا پەڕیبوەوە.

بەپێی دانپێدانانەکانی تیرۆریستەکە بە ناوی عەبدوڵا عەبدولکەریم عەبدوڵا ئەو بە هۆی تەقینەوەی مین بەو ئۆتۆمبێلەی تیایدابوو، لە سەر رێگەی عسریا-خەناسری بیابانی رەقا بریندارببوو. ئەو چەتەیە لە هەرێمی وادی میاه، شام، بیابانی سەخنە، بیابانی تەمر و دەشتاییەکانی حەڵەب مابوەوە.

تیرۆریست عەبدوڵا لە ساڵی ٢٠١٧دا چووبوە ناو ریزەکانی داعش و لە شارۆچکەی ساڵحیە پەروەردەی سەربازی بینیبوو و دوای پەروەردە چووبوە هەرێمی سەڵاحەدین (عێراق) و چوار مانگ لەوێ مابوەوە. دواتر گەڕابوەوە بۆ بەرەی شامیە و پاش شکستهێنانی داعش لە ناوچەکە چووبوە بەرەی سوریا. لە دانپێدانانەکەی تیرۆریست عەبدوڵادا هەندێک میوانخانەی تایبەتی ئەندامانی داعش لە تورکیا هەبوون و کەسانێکی هەبوون کە بەرپرس بوون لە چارەسەری پزیشکیان و دەیانگێڕانەوە بۆ خاکی سوریا.

وەک پلانی بۆ دانرابوو دەبوایە ئەو چەتەیە لە نەخۆشخانەکانی رحا و دیلۆک چارەسەری بۆ بکرایەوە".

هـ . ب