ریپۆرتەری دادگای دەستووریی تورکیا داوایکرد سکاڵای داخستنی هەدەپە پەسەند بکرێت

رۆژێک دوای هێرشی چەکداری بۆ سەر بارەگاری هەدەپە لە ئیزمیر، ریپۆرتەری دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا داوایکرد، سکاڵای داخستنی هەدەپە قبوڵ بکرێت.

ریپۆرتەری دادگای دەستووری بنەڕەتیی تورکیا راپۆرتی لێکۆڵینەوەى سەرەتایی خۆی لەسەر سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە تەواو کرد.

ریپۆرتەرکە لە راپۆرتەکەیدا داوایکردووە، سکاڵای داواکاری گشتیی کۆماری لە دادگای باڵای دەستووری بنەڕەتی بۆ داخستنی هەدەپە دەبێت لە هەموو روویەکەوە قبوڵ و پەسەند بکرێت.

داواشیکردووە، هەموو هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە داخستنی هەدەپە بە ناوی گرتنەبەری رێوشوێنەکان رەتبکرێنەوە.

چاوەڕێ دەکرێت لێکۆڵینەوەى سەرەتایی لەسەر سکاڵای ٢١ی حوزەیران بەڕێوەبچێت. ئەگەر سکاڵاکە قبوڵ بکرێت ئەوا بۆ بەرگریی سەرەتایی دەبێت سکاڵاکە پێشکەشی هەدەپە بکرێت. هەدەپەش دەبێت لە ماوەی دیاریکراودا بەرگریی خۆی پێشکەشی دادگای دەستووری بنەڕەتی بکات.

دوای ئەوەى بەرگریی سەرەتایی پێشکەشی دادگای دەستووری کرا، بەکر شاهین داواکاری گشتیی کۆماری لە دادگای باڵای دەستووری بۆچوونی خۆی لەسەر بەرگرینامەکە پێشکەش دەکات.

دوای بەرگریی بەرپرسانی هەدەپە ریپۆرتەری دادگای باڵای دەستووری بنەڕەتی راپۆرتی خۆی لەو چوارچێوەیەدا ئامادە دەکات. ئەندامانی دادگای دەستووری بنەڕەتی لە ماوەی دیاریکراودا کۆدەبنەوە و لێکدانەوە بۆ داوای داخستنی هەدەپە دەکەن.

دوای ئەوەش بڕیار لەلایەن دەستەى دادگای باڵای دەستووری بنەڕەتیەوە دەدرێت، کە ١٥ کەس پێکدێت. بڕیارەکانی ئەو دادگایەش لەسەر بنەمای دوو لەسەر سێ دەنگی ئەندامەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ژ.ت