بە دیمەن

شەڕ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی دەوڵەتی تورک بە بەڵگەوە دادگایی دەکرێن

ڕۆژی یەکەمی دادگای گەلی ڕۆژئاوا کۆتایی هات، کە تێیدا دەوڵەتی تورک بەهۆی تاوانەکانی جەنگەوە دادگایی دەکرێت. بەڵگەی شەڕ و تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی پێشکەش بە دادوەر کرا و دادگاییەکە سبەی بەردەوام دەبێت.

لە دانیشتنەکەدا پارێزەر ئیبراهیم شێخۆ ڕایگەیاند تا کاتی داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ لە عەفرین ژیاوە، دواتریش تا ساڵی ٢٠٢٤ لە شەهبا ژیاوە. باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی کرد و وتیشی، لە عەفرین هەزاران هاووڵاتیی کورد لە نزیکەی ٢٠ زیندان بەبێ هۆ بە زیندانی دەکرێن. شێخۆ باسی لەوەشکرد، هەراسانکردن، دەستدرێژی، کوشتن، دزی، تاڵان، ڕفاندن و هەموو جۆرە توندوتیژییەک لە هەرێمەکەدا ڕوودەدات، دواتر وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.

"لە گرێسپی و سەرێکانی پاکتاوی ئیتنیکی ئەنجامدرا"

پاشان ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پیرانی ئیسپانیا و پارێزەری کەتەلۆنی ئورکۆ ئازۆرتزا، تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورکی لە گرێسپی و سەرێکانی ئاشکرا کرد.

ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هێرشەکانی سەر گرێسپی و سەرێکانی پاکتاوی ئیتنیکی ئەنجامداوە، هاوکات دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی هاووڵاتیانی هەرێمەکەشدا گرتووە. دواتر ئاماژەی بەوەشکرد، کەسانی بیانی لە شوێنی ئاوارەکان نیشتەجێکراون و دیمۆگرافیای هەرێمەکەش گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

"داگیرکردن لەژێر ناوی "کانی ئاشتی"ـدا"

ئازۆرتزا ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک لەژێر ناوی "ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی" هەرێمەکەی داگیرکردووە و هێرشی کردووەتە سەر هاوڵاتیانی هەرێمەکە. گوتی: " بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتی تورک لێرە بە بۆمب خەڵکی سڤیلی کردۆتە ئامانج. هەروەها چەتەکانی سوپای نیشتیمانیی سوریا (NSA) وەک ئامرازێک لەم هێرشانەدا بەکارهاتوون."

ئازۆرتزا یەک بە یەک باسی هەموو تاوانەکانی پەیوەست بە هێرشەکان کرد.

بەڵگەکان دەربارەی بەکارهێنانی چەکی کیمایی پێشکەشکران

ئازۆرتزا بەڵگەکانی سەبارەت بە بەکارهێنانی بۆمبی فسفۆری سپی قەدەغەکراو پێشکەش بە شاندی دادگا کرد، ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەی بەریتانی بەکارهێنانی بۆمبی فسفۆری سپی بەدیکۆمێنت کردووە، هەروەها ئەم تاوانانە لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەییدا بەدیکۆمێنت کراون.

پاشان وێنەی هێرشەکانی سەر سەرێکانی نیشاندا و ڕایگەیاند لەم وێنانەدا بەکارهێنانی فسفۆری سپی دەبینرێت.

هەروەها جەختی کردەوە، بریندارانی سەرێکانی بۆ چارەسەر دەچنە نەخۆشخانەی تەل تەمر، بەگوێرەی قسەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە نزیکەی ٢٠٠ کەس بەدەست سووتانەوە ناڵاندوویانە و ئەو هێرشە بە بۆمبی قەدەغەکراو ئەنجامدراوە. دووپاتی کردەوە، بە قسەی هاوڵاتیانی هەرێمەکە، هێرشە داگیرکارییەکان بە بۆمبی قەدەغەکراو و چەکی کیمایی ئەنجامدراون.

هەروەها دووپاتی کردەوە، هەندێک لە بەڵگەکان ڕەوانەی سویسرا کراون و شوێنەواری بەکارهێنانی فسفۆر دەبینرێت.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، هاوڵاتیانی ئەرمەنی و سریانی لە هەرێمەکە بە زۆرەملێ کۆچبەرکراون.

سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا دەکرێنە ئامانج

پاشان، دادوەری ئیتاڵی ئیزۆ مێنزیۆن باسی لە هێرشکردنە سەر سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا کرد. ئاماژەی بەوەدا کە نابێت سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا ببنە ئامانجی سەربازی، دووپاتی کردەوە دامەزراوەکانی نەوت و گاز لە سوێدا چەندین جار کراونەتە ئامانج. جەختی کردەوە، ئەم بۆردوومانانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نەبوون و وێنەکان دەربارەی هێرشەکان بۆ سەر سەرچاوەکانی ئاو و کارەبا خرانەڕوو.

"ژیانی خەڵکی سڤیل لە مەترسیدایە"

مێنزیۆن تیشکی خستەسەر هێرشەکان بۆ سەر سەرچاوە سەرەکییەکانی ژیان، گوتی: "دەوڵەتی تورک بێجگە لە شەڕێکی سەربازی، ڕاستەوخۆ خەڵکی سڤیل و شوێنەکانیان دەکاتە ئامانج. ئەمە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکانە".

"دوو ڕۆژنامەنووس کوژران"

پەرلەمانتاری کەتەلۆنیا ڕوبێن ڤاگنسبێرگ ڕامۆن قسەی کرد و ڕایگەیاند کە لەگەڵ شایەتحاڵانی هەرێمەکەدا قسەی کردووە و لە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە تەقل بەقل هەرێمی سڤیل کراونەتە ئامانج و گوتی: "ئەو کەسانەی بۆ یارمەتیدانی بریندارەکان چوونەتە هەرێمەکە بە هەمان شێوە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کراونەتە ئامانج. ڕۆژنامەنووسانیش دەکرێنە ئامانج. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر دوو ڕۆژنامەنووس بە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کوژران."

"ناوەندە تەندرووستییەکان دەکرێنە ئامانج"

پاشان، یاساناسی ئەڵمانی هایک گەیسوید باسی لە هێرشەکانی سەر نەخۆشخانەکانی هەرێمەکە کرد. ڕایگەیاند کە ناوەندە تەندروستییەکان و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج و دەوڵەتی تورک سێ هێرشی زەمینی و لانیکەم ٢٠٠ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوە کرد، لە ٢٦ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ناوەندی تەندرووستی کۆبانێ کراوەتە ئامانج، ئەم هێرشانە قبووڵکراو نین. هەروەها دیمەنی بەئامانجگرتنی ناوەندی تەندرووستی مشتەنوری نیشاندا و ڕایگەیاند بەپێی نەخشەی هەرێمەکە، هیج ناوەندێکی سەربازی لەەوێ نییە، بۆیە ئەم نەخۆشخانەیە بەئەنقەست کراوەتە ئامانج.

پاشان بەڵگەکانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر نەخۆشخانە و ناوەندە تەندرووستییەکان خستەڕوو.

قڕکردنی ئیکۆلۆژیک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا

پاشان پارێزەر دیجلان ئۆونس دەربارەی قڕکردنی ئیکۆلۆژیک دوا، باسی لەوە کرد ئەو دارانەی دەبڕێنەوە دەبرێنە تورکیا، دارستانەکانی هەرێمەکە بەشێوەیەکی سیستەماتیک لەناودەبرێن. هەروەها ڕایگەیاند دارستانەکان بۆردوومان دەکرێن و بەرهەمی دارەکان دەدزرێن و دەبرێنە تورکیا.

هەروەها دیمەنی تاڵانکردنی دارستانەکانی نیشاندا، ڕایگەیاند هێرشەکان بۆ سەر سەرچاوەکانی ئاو بەشێکە لە قڕکردنی ئیکۆلۆژی و دارستانەکان سەرچاوەی ژیانن بۆ مرۆڤ و گیانەوەرانی هەرێمەکە.

یەکەم ڕۆژی دادگا بە پرسیاری دادوەران کۆتایی هات.