ڕۆشنبیرانی سووریا داوای چارەسەری حکومڕانی ناناوەندی بۆ کورد دەکەن
بە بەشداری ٦٥ لە ڕۆشنبیرانی سووریا لە ناوە و دەرەوەی وڵات، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیکی و ئازادی دەستپێکرد.
بە بەشداری ٦٥ لە ڕۆشنبیرانی سووریا لە ناوە و دەرەوەی وڵات، هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆیان بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیکی و ئازادی دەستپێکرد.
چەندین نوسەر، پارێزەر، چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و سینەماکاران لە ناوەوە و دەرەوە (دیسپۆرا)ی سووریا پشتگیرییان دا بە دەقی هەڵمەتەکە کە تێیدا بە تایبەت باسی بابەتی پرسی کورد و حکومڕانی دەکات.
بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) لە دەقی هەڵمەتەکەدا دەستنیشان کراوە لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا لە چوارچێوەی سیستەمێکی ناناوەندی (لا مەرکەزی) حکومڕانیدا بە شێوەیەکی یەکسان پرسی کورد چارەسەر بکرێت.
خواستی مافە بنەڕەتی و ئازادییەکان
واژۆکاران لە سەرەتادا داوای ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوە و باوەڕبوون، بۆ گەڕاندنەوەی ئازادییە مەدەنییە سەرەتاییەکان، مافی پێکهێنانی سەندیکا و پارتی سەربەخۆیان کرد.
لە داواکارییەکەدا هاتووە پێویستە سیستەمێکی سیاسی دابمەزرێت، کە گەلی سووریا بۆی ڕاپەڕین و سەدان هەزار کەس گیانی خۆیان لە پێناودا لە دەستداوە. لە قۆناغی گواستنەوەدا بانگەوازێک هەبوو بۆ پەسەندکردنی دەستوورێکی نوێ کە دان بە ئازادیدا بنێت و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر لەسەر بنەمای یاسای یەکسانی هەڵبژاردن پەسەند بکرێت.
نووسەران فاروق مەردەم بەی، سەمەر یەزبەک، مستەفا خەلیفە و یاسین حاجی ساڵەح، سینەماکاران حەلا عەبدوڵا و وەعد ئەل کاتیب لە واژۆکارانی کەمپەینەکەن.
هەڵمەتەکە بەردەوامە.