عومەر ئۆجالان: دەبێت هەموو کەسێک پشتیوانی ڕۆژئاوا بکات

پەڕلەمانتاری ڕحای دەم پارتی عومەر ئۆجالان لە چالاکی ئێشکگرییدا سەرنجی خستەسەر هێرشە داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوا و پرۆسەی چارەسەری ئاشتی و گوتی: "دەبێت هەموو کەسێک پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بکات."

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ناوچەی ڕحا لە دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە دژی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چالاکی ئێشکگریی ڕێکخرا. لە چالاکییەکەدا پەڕلەمانتارانی دەم پارتی، ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی ڕحا، هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی ڕحا، سەدان کەس بەشداری ئێشکگرییەکە بوون.

لە چالاکییەکەدا پانکارتی "ڕۆژئاوا هێڵی سوورمانە" و "ڕۆژئاوا شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە بەدڵنیاییەوە سەردەکەوێت" بەرزکرانەوە.

دواتر پەڕلەمانتاری دەم پارتی عومەر ئۆجالان قسەیکرد و بە ئاماژەدان بە بەرخۆدانی کۆبانێ جەختی لەوەکردەوە کوردان لە تێکۆشانی ئامانجی سەرکەوتنی خۆیاندان و گوتی: "دەبێت هەموو کەسێک پشتیوانی ڕۆژئاوا بێت، گەلانی ڕۆژئاوا بۆ ژیانی ئازاد قوربانی مەزنیان داوە. لە ئێستادا دەسەڵاتداری تورکیا لە دژی ڕۆژئاوا ڕێبازێکی دووژمنکارانە بەڕێوەدەبات. وێڕای هەموو هێرشەکان، کوردان درێژە بە بەرخۆدانی خۆیان دەدەن."

'موخاتەبی کوردان بەڕێز ئۆجالانە'

لە بەردەوامییدا ئۆجالان دەستنیشانیکرد لە پێناو ستاتۆیی خۆیاندا کوردان خەباتی دیبلۆماسی خۆی بەڕێوەدەبات و گوتی: "هەرچی دەگوترێت گرنگ نییە، بۆ پێکهێنانی ئاشتی لە خەباتی خۆمان بەردەوامیین. موخاتەبی گەلی کورد بەڕێز ئۆجالانە، لەم پێناوەدا لە ئیمراڵییەوە لە خەبات بەردەوامە. لەگەڵ فەلسەفەی بەڕێز ئۆجالانداین. خواستمان ئاشتی هەمیشەییە و لە دژی ڕژاندنی خوێنین. لێرەین و لە خەباتمان بۆ ئازادی کوردان بەردەوامین."

چالاکییەکە بە وتنەوەی درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایهات.