ڕاپۆرتی ئۆهەدە سەبارەت بە قەیومەکان: مافی یەک ملیۆن و ٧٧٧هەزار دەنگدەر پێشێل کراوە

کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (OHD) سەبارەت بەو ٩ شارەوانییەی کە لەلایەن قەیومەکانەوە داگیرکراون ڕاپۆرتی وردی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە.

کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی (ئۆهەدە) سەبارەت بەو ٩ شارەوانیەی لەلایەن قەیومەوە دەستیان بەسەردا گیراوە ڕاپۆرتێکی وردی ئامادە کردووە و لە ئەکاونتی دیجیتاڵ میدیای خۆیدا بڵاویکردووتەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە کردەوەی قەیومەکان پێشێلکردنی ئیرادەی گەلە و ئاماژە بەوە کراوە کە "مافی دەنگدان"ی یەک ملیۆن و ٧٧٧ هەزار و ١٢٠ دەنگدەر پێشێل کراوە.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سەپاندنی قەیوم لە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ و بە دانانی لە شارەوانی جۆلەمێرگ دەستیپێکردووە و دواتر گەیشتە شارەوانی گەورەی مێردین، ئێلح، خەلفەتی ئورفا، دەرسیم، پولوری دەرسیم، مسکی وان و ئاکدەنیزی مێرسین. ئاماژە بەوەشکراوە، وەزارەت بۆ دانانی قەیومەکان دەستەواژەی "وەک ڕێکارێکی کاتی"ی بەکارهێناوە لە هەموو شارەوانیەکاندا.

ئەو قەرزانەی کە بۆهۆی قەیومەکانەوە بەجێ ماون

ئۆهەدە ڕایگەیاندووە کە کۆمیسیۆنی یاسایی دەم پارتی و جەهەپە سکاڵای یاساییان لەسەر هەر ٩ شارەوانییەکە تۆمارکردووە کە تێدا قەیوم سەپێندراون، هەروەها داوای "ڕاگرتنی جێبەجێکردنی بڕیارەکان"یان کردووە. هەروەها ڕاگەیەندرا کە کۆی ئەو قەرزەی کە لە ماوەی پێشوودا ماوەتەوە ٨ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن لیرە و ئەو قەرزەی کە قەیومەکان بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی-یان بەجێ هێشتووە گەیشتووەتە ٢٤ ملیار و ٧٢٧ ملیۆن لیر.

پێشێلکردنی مافەکان

هەروەها ئەوش ڕاگەیەندراوە، لەو شارانەی کە قەیومەکان دانراون، پارێزگارەکانیش "چالاکی و خۆپیشاندان"یان قەدەغەکردووە و لە زۆرێک لە شارەکاندا هێرش کراوەتە سەر چالاکییەکان، لە پەلامارەکانی پۆلیسدا گازی فرمێسک ڕێژ بەکارهێناوە و بەهەموو شێوەیەک بەرگری لە چالاکییەکان کراوە."

دەستبەسەرکردن و گرتنەکان

ڕاپۆرتەکە زانیاری وردی لەبارەی دەستبەسەرکردن و دەستگیرکردنەکانی لە کاتی ناڕەزایەتییەکان دژی قەیومەکان ئاشکرا کردووە:

لە ئێلح -٢١٩کەس دەستبەسەرکراون، ٣٧کەس زیندانی کراون

لە خەلفەتی- ٢٧ کەس دەستبەسەر، ١٢کەس زیندانی کراون

لەمێردین-٤١ کەس دەستبەسەر، ٩کەس زیندانی کراون

-لە دەرسیم- ٢٩ کەس دەستبەسەر، ١١کەس زیندانی کراون

-لە جۆلمێرگ- ٢٦کەس دەستبەسەر کراون

لە ئاکدەنیز -٥کەس کە یەکێکیان هاوسەرۆکی شارەوانیە زیندانی کراون. هەروەها ٤٠ کەس دەستبەسەر کران، ١٧ کەسیان بە چاودێریی دادوەری ئازاد کراون.

"هەروەها بەهۆی لێکۆڵینەوە و هاوبەشیکردن لە دیجیتاڵ میدیا و ڕێپێوان و چالاکیەکانی ئەستەنبوڵ، ٢٥ کەس دەستبەسەر کراون و ١٧کەسیان زیندانی کراون."

ئۆهەدە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "قەیوم پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. دەبێت دەستبەجێ ئەم کردەوە نایاسایی و نادادپەروەرانەیە کۆتایی پێ بهێندرێت و ڕێز لە ئیرادەی گەل بگیردرێت."