سکرتێری گشتیی IFJ: رۆژنامەوانان راستەوخۆ کراونەتە ئامانج، دەبێت لێپێچینەوە بکرێت!

سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەوانان ئەنتۆنی بێلانگێڕ باسی لەوەکرد کە رۆژنامەوانان نازم دەشتان و جیهان بیلگین راستەوخۆ کراونەتە ئامانج و داوای کرد لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکرێت و ئەوانەی تێوەگلاون دادگایی بکرێن.

ناڕەزایەتیەکان بەرامبەر تیرۆرکردنی رۆژنامەوانان نازم دەشتان و جیهان بیلگین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، تادێت لەسەر ئاستی جیهان فراوانتر دەبێت. سکرتێری گشتیی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەوانان (IFJ) کە ٦٠٠ هەزار ئەندامی هەیە، ئەنتۆنی بێلانگێر لەبارەی تیرۆر کردنی ئەو رۆژنامەوانانەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

'دەبێ لێپێچینەوە بکرێت"

سکرتێری گشتی بێلانگێر ئەوەی خستەڕوو کە وەک فێدراسیۆنەکەیان بەهۆی شەهیدبوونی رۆژنامەوانان نازم دەشتان و جیهان بیلگینەوە شۆک بوون و وتی، "سەرەخۆشی لە هاوپیشەکانم، بنەماڵەی ئەو دوو رۆژنامەنووسە و سەرجەم رۆژنامەنووسەکان لەو ناوچەیە دەکەم. وکە فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ئەو هێرشە بۆ سەر هاوپیشەکانمان شەرمەزار دەکەین و دەڵێین دەبێت دەستبەجێ هێرشبەران لێپێجینەوەیان لەگەڵ بکرێت. بەتایبەتی دەبێت حکومەتی نوێ لە سوریا لێکۆڵینەوە لەسەر کوشتنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە بکات؛ بانگەوازمان بۆ دادگاکان ئەوەیە کە بکەرانی ئەو تاوانە بدۆزنەوە و سزایان بدەن. وەک فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەوانان ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دادپەروەری لەبارەیانە بچەسپێنین".

'ئەوان بە تەنیا جێناهێڵین'

سکرتێری گشتی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی رۆژنامەوانان ئەوەی خستەڕوو وەک فیدراسیۆنەکەیان لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەریدا تێدەکۆشن و بەم جۆرە بەردەوام بوو، "ئەگەر تورکیاش و سوریاش دەست بە لێپێچینەوە نەکەن، ئەوە دەبێتە مایەی پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان. لەو رووەوە دەکرێت ئەو وڵاتانە سزا بدرێن و بە تایبەتی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە سزا بدرێن. گرنگە بە بیر بهێندرێتەوە کە رۆژنامەوانان وەک مەدەنییەکان بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان دەبێت بپارێزرێن. هەرگیز بنەماڵەی هاوپیشە گیانبەختکردووەکانمان بە تەنیا جێناهێڵین و تا چەسپاندنی دادپەروەری، هەوڵەکانمان دەگرینەبەر".