ئیمام تاشچیئەر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئامەد، لە میانی دانیشتنی بودجە لە پەرلەمانی تورکیا، ویستی بە زمانی کوردی قسە بکات. بەڵام حەیدەر ئاکار جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە ڕێگەی پێنەدا. تاشچیئەر سەبارەت بەو روداوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.
تاشچیئەر باسی لەوە کرد کە سیاسەتی ئاسمیلەکردن لە دژی کورد لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە بەردەوامە و وتی، "دەستووری فاشیستی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٢، ١٩ جار هەموار کراوەتەوە. هیچ گۆڕانکارییەک لە زمان و پێگە و ماف و ئازادی کورددا نەکراوە". سەرەڕای مادەی ٤٢ی دەستوور، زمانی کوردی قەدەغەیە، لە مادەی ٣ی دەستووردا هاتووە کە هەموو ئەو کەسانەی لە تورکیا دەژین تورکن.
ویستم بە زمانی خۆم بە زمانی کوردی قسە بکەم کە لەلای ئەوان قەدەغەیە. دەمزانی قەدەغەیە، تا مرۆڤ لەبەرامبەر کۆت و بەندەکاندا نەوەستێتەوە و هەوڵ نەدات، قەدەغەکردنەکان کۆتاییان نایەت. بۆ من گرنگە کۆتایی بەم قەدەغەیە بهێنرێت. بۆیە ویستم بۆچوونی خۆم بە زمانی کوردی لە کۆبونەوەیەی پەیوەست بە بودجە دەرببڕم. وتم هیچ شتێک لە بودجەدا بۆ کورد نییە و هۆکاری ئەمەش رەتکردنەوەی کەلتور و ناسنامەی کوردە. لەبەرئەوەی لەروی یاسایی و دەستورییەوە پارێزراو نین، ناتوانرێت بودجە بەم شێوەیە ئامادەبکرێت. هەوڵمدا ئەمە بهێنمە ئاراوە، بەڵام قسەکانمیان بڕی”.
'پێویستە قەوارەی کورد قبوڵ بکرێت'
تاشچیئەر راشیگەیاند، لە هەموو جێگەیەک داوای زمان و قەوارە بۆ کورد دەکەن و وتی، " پێویست بوو سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بەم ئەندازەیە توند نەبوایە. ئەمە وایکرد بۆچوونی جەهەپە لەبارەی زمان، ماف و ئازادی کورد دەربکەوێت. لە دواکەوتووترین وڵاتان تاوەکو پێشکەوتووترین وڵاتان، لەو وڵاتانەی کە زیاتر لە زمانێک هەیە، شتێکی بەم شێوەیە نییە. لە کاتی سەدامیشدا بەم شێوەیە نەبوو، ئەسەدیش بەم شێوەیە نەبوو، لە دیکتاتۆرترین وڵاتانیشدا بەم شێوەیە ناجووڵێنەوە، دوای ئەوەی کۆماری تورکیا دامەزرێنرا، ویستیان گەلەکانی دیکە بتوێننەوە و بیانکەت بە تورک."
هەوڵیاندا نەتەوە دەوڵەت دروست بکەن، بەڵام نەیانتوانی کورد بتوێننەوە. چەندین ساڵە لەسێدارەدەدەن، دەیانخەنە زیندانەکان، دەیانکوژن، بە دادگاکانی شارک ئیسلاح ناتوانن ئەم کارە بکەن. بۆیەش هیچ واتایەکی رەتکردنەوەی کورد نەماوە. بۆیەش لە هەموو جێگەیەک داوای قەوارە بۆ کورد و زمانی کوردی دەکەین."
ف.ق