چالاکییەکە لە بەردەم ئەنجومەنی ئەوروپا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بە دروشمی "ئازادی سەردەکەوێت، بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەست بە کار بن" بەردەوامە. چالاکییەکە لەلایەن دەستپێشخەریی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێکخراوە.
فرات ڤۆرال ئەندامی چەتری ئەنجوومەنەکانى ژنانى ئێزدی (سەمەژێ - SMJÊ) زەکییە ئاگرمان، چاڤڕەش تۆری و هاوسەرۆکی فیدراسیۆنى جڤاکی دیموکراتیکى کورد (فەجەدەکە / کاوە - FCDK/KAWA) عەبدولوەهاب ئاڵپەر لەبارەی ئامانجی چالاکییەکەیان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد.
فرات ڤۆرال بە ناوی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە فرانکفۆرت بەشداری چالاکییەکەی کردووە و باسی لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا کرد و رایگەیاند، گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری لەسەر هەموو زیندانەکان هەیە و راشیگەیاند: "وەک دەزانرێت ١٠ی کانوونی یەکەم ڕۆژی مافەکانی مرۆڤە و بەو بۆنەیەوە لە نێوان ١٠-١٧ی کانوونی یەکەم لە سەرتاسەری جیهان چالاکی بەڕێوەدەچێت. ئێمە بە ناوی ناوەندی کۆمەڵگەی کورد لە ئەڵمانیا، لەم هەفتەیەدا چالاکی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێکدەخەین. پێویستە لە ئیمرالییەوە هەڵسەنگاندنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا بکرێت، چونکە سیستمی ئیمراڵی بە سەرتاسەری تورکیادا بڵاوکراوەتەوە و داسەپێنراوە".
ڤۆرال وتی، ئەوان لە ناوەندی سیاستی ئەوروپا لە دژی ئەوە دەوەستنەوە و ناڕەزایەتیی لە دژی گۆشەگیری نیشان دەدەن و وتیشی: "ئەگەر ئەنجومەنی ئەوروپا و سی پی تی لەو بابەتەدا و لەسەر گۆشەگیری گوشار بخەنە سەر تورکیا، ئەوە کاریگەری نەک تەنها لە ئیمرالی بەڵکو لە هەموو زیندانەکاندا دەبێت".
ئەوەشی وت، بە ناوی ناوەندی کۆمەلگەى دیموکراتیکی کورد لە ئەڵمانیا لە هەفتەى مافی مرۆڤ دا دەنگی خۆمان زیاتر و بەهێزتر بەرز دەکەینەوە.
" ٨ مانگە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەرایەتی نییە"
زەکییە ئاگرمان ئەندامی چەتری ئەنجوومەنەکانى ژنانى ئێزدی (سەمەژێ - SMJÊ) رایگەیاند، ماوەی ٨ مانگە نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەک لە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەدەست بهێنن و وتی: "نزیکەی ١١ ساڵە لە بەردەم سی پی تی دا لە چالاکیی ئێشکگریدان. مادام دامەزراوە ئەوروپییەکان دەڵێن، دیموکراتن، ئەوا دەتوانن شاندێک بنێرن و زانیاری لە دۆخی رێبەرایەتی وەربگرن. تاوەکو شاندێک نەنێرن بۆ ئیمراڵی بەردەوام دەبین لەچالاکییەکانمان.
هەفتەی ڕابردوو راگەیاندرا، دەوڵەتی ئەڵمانیا لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا سزای چەتەیەکی داعشی داوە. ئێمە وەک گەلی ئێزدی بەوە دڵخۆش بووین، بەڵام چەند ڕۆژێک دواتر دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەر شەنگال و کۆمەڵکوژی ئەنجامدا. لە خانەسۆر یەکێک لە پێشەنگەکانی خەڵکی ئێزدی بە ناوی مەروان بەدەل (هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال)ی کوشت. لێرەوە داوا لە گەلی ئێزدی و گەلی کورد دەکەین پشتیوانی لە شەنگال بکەن. بە ناوی خەڵکی ئێزدییەوە ئێمە هەرگیز ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەین. دەوڵەتی تورک چەند هێرشیش بکات ئێمە خۆمان بەهێز دەکەین. هەزاران کەس دەبنە شوێنکەوتە و درێژەپێدەری رێگاکەى مەروان، زەکی و زەردەشت".
زەکییە ئاگرمان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "هەتا ئێمە هەبین، دڵسۆزی رێبەرایەتی و پەکەکە دەبین. ڕێبەرایەتی و گەریلا بۆ ئێمە هێڵی سوورن. داوا لە هەموو گەلی ئێزدی دەکەم، کە خاوەنداری لە رێبەرایەتی و گەریلا بکەن. بەم بۆنەیەوە، لە کەسایەتیی هەڤاڵی مەرواندا، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئازادی دەکەمەوە، شەهید نامرن، بژی بەرخۆدانی شەنگال".
"بۆچی بنەماڵەی بارزانی ڕێگەیان بە دەیان بنکەی دەوڵەتی تورک داوە"
چاڤڕەش تۆری لە گروپی ساربروکن رایگەیاند، بە ئایدۆلۆژیا و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە جیهاندا ناسراون و وتی: "لە ساڵی ٢٠١٤دا کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال، گەریلا بە ئایدۆلۆژیای رێبەرایەتی بە هانای گەلی ئێزدییەوە رۆیشتن. دواتر گەلی شەنگال خۆبەڕێوەبەرییان ڕاگەیاند و دەستیان بە کارەکانی خۆبەڕێوەبردنی خۆیان کرد. لەو ڕۆژەوە دەوڵەتی تورک بە چەکی وڵاتانی ئەوروپا هێرش دەکاتە سەر شەنگال. خەڵکی ئێزدیمان، پێشەنگەکانیان دەکوژن. نایانەوێت گەلی کورد ئازاد بکرێت و نایانەوێت خەڵکی ئێزدی خۆی خۆی بەڕێوە ببات.
یەکێک لەبەرپرسانی ئەو کوشتارانە بنەماڵەی بارزانییە. پێمان دەڵێت، 'یان ئەوەتا ئێوە وەک جاران کۆیلە دەمێننەوە، یان ئێمە ناهێڵین خۆت بەڕێوەببەیت'. ئێمە ڕەخنە لە بنەماڵەی بارزانی دەگرین. ئەگەر خۆی بە نوێنەری گەلی کورد دەزانێت، ئەگەر لە باشوور کوردستانێکی ئازاد هەیە، دەیان بنکەی دەوڵەتی تورک بۆ چییە؟ بۆ ڕێگە بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورک دەدات؟ دەوڵەتی عێراقیش لەو دۆخە بەرپرسیارە. دەوڵەتی تورک نابێت بە تانک و تۆپ هێرش بکات و داگیر بکات. دەبێت دژی ئەمە هەڵوێستی هەبێت".
"تاکە خەمی وڵاتانی ئەوروپا فرۆشتنی چەکە"
عەبدولوەهاب ئاڵپەر هاوسەرۆکی فیدراسیۆنى جڤاکی دیموکراتیکى کورد (فەجەدەکە / کاوە - FCDK/KAWA) ڕایگەیاند، ئەوان بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کردووە و وتی: "هیچ حاڵەتێکی قبوڵکراو نییە، کە ڕێبەری گەلێک ماوەی ٢٣ ساڵە گۆشەگیرکراوە. گوایە سی پی تی لیژنەی نەهێشتنی ئەشکەنجەیە، بەڵام بەداخەوە لە بابەتی کورداندا خۆی کەڕ و لاڵ دەکات، هیچ نابیستێت و هیچ شتێک نابینێت. ئەوە پەسەند و قبوڵکراو نییە. ئەگەر ئێوە ئەو پێوەرانەتان داناوە، ئەوا دەبێت بۆ هەموو کەسێک بێت. نەک بە میزاج بۆ هەندێک کەس بێت و بۆ هەندێک کەسی تر نەبێت.
دەوڵەتە ئەوروپییەکان تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کار دەکەن. تەنها کێشەیان فرۆشتنی چەکە. هیچ بەرپرسیاریەتییەکی خۆیان بەرامبەر بە گەلی کورد جێبەجێ ناکەن. ئێمەش ئەمە قبوڵ ناکەین. ئێمە بۆ ئازادیی ڕێبەرەکەمان تا کۆتایی و دوا هەناسەمان تێدەکۆشین".
ژ.ت