تولای حاتەم ئۆغۆللاری: دەبێت مافی ئازادی و ئاسایشی ئۆجالان دابین بکرێت

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری بۆ چارەسەری داوای دابینکردنی ئازادی جەستەیی و ئاسایشی ڕێبەر ئاپۆی کرد.

ڕێکخستنی قەرسی دەم پارتی بە ناونیشانی "کاتی ڕێکخستنکارییە" یەکەمین کۆنگرەی نائاسایی ئەنجامدا.

لە کۆنگرەکەدا هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری قسەیکرد و سەرنجی خستەسەر سیاسەتەکانی قەیوم و جەختیکردەوە لە نایاسایبوونی سەپاندنی قەیوم و وتی: "لە ئێستادا ئاکەپە لەژێر پەردەی یاسادا لە سەپاندنی قەیومدایە." تولای ئاماژەی بەوەدا بە هەموو شێوەیەک لە دژی سەپاندی قەیوم دەوەستنەوە.

دەبێت ستاتۆی گەلی کورد قبوڵبکرێت

لە بەردەوامی قسەکانیدا تولای ئاماژەی کرد بە پێشهاتەکانی سووریا و جەختی لەوەکردەوە خواستی گەلانی سووریا دامەزراندنی سیستەمێکی یەکسان و دیموکراتیکە و وتی: "لە پرۆسەی دامەزراندنی سووریای دیموکراتیکدا دەبێت گرنگی تێکۆشانی ڕۆژئاوای کوردستان بە بنەما وەربگیرێت. ڕۆژئاوا بەرخۆدانێکی مەزنی نیشاندا. دەبێت ستاتۆی گەلی کورد دابین بکرێت. بەداخەوە تورکیا لە ڕێگەی سوپای نیشتیمانی سووریا-SNAیەوە هێرشی سەر ڕۆژئاوا دەکات."

'پرسی کورد کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە درووستکردووە'

هەر لە قسەکانییدا تولای ئاماژەی بە دیدارەکانی شاندی دەم پارتی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا کرد و دەستنیشانیکرد نابێت پرسی کورد بە تەنها وەک بەرپرسیارێتی ڕێبەر ئاپۆ سەیر بکرێت و وتی: "لە پەیامەکانییدا بەڕێز ئۆجالان ئەوەی دەرخست بەرپرسیارێتی قۆناغەکە تەنها لە ئەستۆی دەسەڵاتدارییدا نییە بەڵکو دەبێت ئۆپۆزسیۆنیش بە ئەرکی خۆی هەستێت. پرسی کورد کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگەی تورکیا داناوە و دەبێت پێکەوەژیانی هاوبەش بونیاد بنێیین."

دەبێت مافی ئازادی و ئاسایش دابینبکرێت

لە کۆتاییدا تولای حاتەم ئۆغۆللاری وتی: "لە پێش چارەسەرییدا هیچ ئاستەنگییەک نییە، تەنها دەبێت دەوڵەت لەم بابەتەدا لەگەڵ ئیمراڵییدا بکەوێتە دیالۆگ و گفتوگۆوە و پەرە بە هێڵی ئێستا بدات. گەر ئەمەی دەستپێکرد ئەوا هەموو گەلی تورکیا و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەم پرۆسەیە ئامادەن. ئەمە دەرفەتێکی مەزنی مێژووییە بۆ هەموومان. ڕاستە دیدار لە ئارادایە، بەڵام بە ئەمە بە مانای کۆتایهاتن بە گۆشەگیری نایەت. بۆ باشتر بەڕیوەچوونی پرۆسەکە دەبێت مافی ئازادی، تەندروستی و ئاسایشی بەڕێز ئۆجالان مسۆگەر بکرێت، بۆ پێکهێنانی ئاشتی خواستێکی مەزنتر نیشان بدرێت."