سوڵتان یارای هاوسەرۆکی ئامەدی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) ڕایگەیاند، لە زیندان هێشتنەوەی ڕێبەر ئاپۆ بەربەستێکە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و ئاماژەی بەوەدا کە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوێکی گرنگە بۆبەدیهاتنی ئاشتی.
سوڵتان یارای وتی: "گۆشەگیریی بەڕێز ئۆجالان هێشتا بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە، حکومەت باش لەمە تێ دەگات کە بەڕێز ئۆجالان تەنها کەسێک نییە، بەڵکوو ڕێبەری گەلێکە بۆیە ڕێبەری ئیرادەی ملیۆنان کەسی گۆشەگیرکردووە، ئەمە مانای ئەوەیە دەیانەوێت گەلی کورد بێدەنگ بکەن."
'پێویستە دەستبەرداری چەمکی هێرشکردنە سەر کوردان بن'
سوڵتان یارای لە میانەی قسەکانیدا، وتی: "گەلی کورد ئێستا داوای ئازادی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان دەکات، ئەگەر حکومەت ئەم هەنگاوە جێبەجێ بکات، بەدڵنیاییەوە دۆخێکی متمانە پێکراو ڕوو دەدات، مەرج و وەڵامدانەوە بۆ ئاشتییەکی شکۆمەند خودی بەڕێز ئۆجالانە. ئەگەر یاسا جێبەجێ بکرێت و گۆشەگیریی هەڵبگیرێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە سەرچاوەی مۆڕاڵ و هەوڵدانێک بۆ گەل و بڕوای گەل بە پرۆسەکە زیاتر دەبێت هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژائاوا بەردەوامن ئەگەر لە گفتوگۆکاندا ئەنجامێکی سەرکەوتوومان دەوێت، دەبێت دەستبەرداری هێرشکردنە سەر کوردان بن و تا گۆشەگیری بەردەوام بێت باسی ئاشتی بێ ئەنجام دەبێت.
'پرسی چارەسەری دەبێت لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی بێت'
وەک پێشتر ئاماژەمان پێکردووە ناونیشانی ئاشتی و چارەسەری بەڕێز ئۆجالانە. بەبێ بەڕێزئۆجالان ئاشتی و چارەسەری مەحاڵە. ئەو کۆبوونەوانەی کە بەناوی ئاشتیەوە ئەنجام دەدرێن پێویستە بە وریاییەوە بەڕێوەبچن. پێویستە حکومەتی ئاکەپە-مەهەپە دەستبەرداری زمانی هەڕەشە بن. بەڕێز ئۆجالان سەرەڕای ئەوەی بەساڵانە گۆشەگیرکراوە، لە پێناو بەرقەرار کردنی ئاشتییەکی شکۆمەنددا تێکۆشانێکی مەزن بەڕێوە دەبات. بۆیە ئیتردەبێت لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی چارەسەری بەرقەرار بکرێت."