بە دیمەن

لە شتوتگارت هێرشەکانی سەر تشرین شەرمەزار کرا

دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە شاری شتوتگارت گردبوونەوە و چادری زانیاری بڵاوکردنەوە ڕێکخرا.

لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا لەسەر بانگەوازی تەڤگەری ژنانی کوردی ئەوروپا (تەژەکە-ئە) لە دژی هێرشە قڕکارییەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لەسەر تشرین چالاکی بەڕێوەچوو و چادری زانیاری بڵاوکردنەوە دانرا.

لە گۆڕەپانی سکۆڵز پلاتاز-کۆبانێ کە گەلی کورد و دۆستانیان لە ٢٠١٤ بۆ کۆبانێ هەموو ڕۆژێک ئێشکگریان دەگرت، ئێستا لە دژی هێرشە داگیرکاریی و دڕندانەکانی سەر تشرین و بۆ پاراستنی تشرین چادری زانیاری دانرا.

پانکارت لەسەر هێرشەکان بە نوسینی 'ئەردۆغانی بکووژ' ئامادەکران لە چادرەکەدا هەڵوەسرا، وە کتێب و بڵاوکراوە لەسەر شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا و ستاندنی هاوکاری بۆ پشتگیری بۆ ڕۆژئاوا دانرا.

لە گۆڕەپانەکە گردبوونەوە ئەنجامدرا و چەندین بڵاوکراوە بە زمانی ئەڵمانی بڵاوکرایەوە و زانیاری بە ڕێبوارانی گۆڕەپانەکە درا. لە گردبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەموو ڕۆژێک لە پێش چاوی ڕای گشتیی جیهان بە فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرشی گەل لە بەنداوی تشرین دەکات کە ئێشکگری دەگرن. ئاماژەش بەوەکرا کە بەم هێرشانە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ناوببەن.

هەروەها دەربارەی شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا و دۆخی ئێستای باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زانیاری بەخشرایەوە بە ڕێبواران.