ئەنجامنامەی ٢١هەمین جڤاتی گشتیی کەنەکە بڵاوکرایەوە

لە ئەنجامنامەى ٢١هەمین کۆنگرەی کەنەکەدا هاتووە، کات کاتی کارە لە دژی داگیرکاری ڕاشیگەیاند، بە بەهێزکردنی یەکڕیزیی لە هەر چوار بەشی کوردستاندا دەتوانن پێگەیە و ستاتۆیەکی هەمیشەیی بەدەست بهێنن.

ئەنجامنامەى ٢١هەمین جڤاتی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ئه‌نجامنامه‌ی ٢١ مین جڤاتی گشتی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ڕۆژانی ٢-٣-٤\١٢\٢٠٢٢ بە بەشداری زۆرینەی ئەندامان، ٢١مین کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی لە هۆڵەندا ئەنجامدا. هاوکات لەگەڵ ئەندامان، میوانانی زۆر (سەرۆک و بەڕێوەبەری حزب و دامەزراوەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان)یش بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد. بەگوێرەی کارنامەی ڕۆژی یەکەم، کۆبوونەوەکە وەک ڕاوێژێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌ڕێوه‌ چوو و لە ئەنجامدا بەیاننامەیەک لەسەر دۆخی کوردستان و جیهان بڵاوكراوه‌. بەهۆی ڤیزا و هۆکاری بیرۆکراتی، زۆرێک لە ئەندامان لە کوردستانه‌وه‌ (باشوور و ڕۆژاڤا) و ئەوانەی لە ڕووسیا بوون نەیانتوانی بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن. بۆیە لە هەولێر و لە سلێمانی و لە قامیشلۆ و لە مۆسکۆ ئەندامانی ئەنجوومەنەکانی ئەو ناوچانە لە هۆڵێکدا کۆبوونەوە و لە ڕێگەی زوومەوە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد.

کۆبوونەوەکە بە ڕێزلێنان لە شەهیدان و سروودی ئەی ڕەقیب و بە وتاری هاوسەرۆكان کرایەوە. بەگوێرەی بەرنامەی کار، پەیامی میوانان و پەیامی سەرۆك و نوێنەری حیزبەکان پێشکەش کرا. پاشان ڕاپۆرتی ساڵانەی کار و خه‌باته‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی سیاسی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان كه‌ بە نووسراو لە لایەن كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌نه‌كه‌ ئاماده‌كرابوو خوێندرایه‌وه‌ و گفتوگۆی ورد لەلایەن ئەندامانەوە له‌ سه‌ر ڕاپۆرته‌كه‌ کرا. دواتر گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنی بەرفراوان كرا لەسەر گۆڕانکارییە پێشنیار کراوەکان سه‌باره‌ت به‌ په‌یمان، په‌یڕه‌و و بەڵگەنامەی ستراتیژی کەنەکه‌، کە لەلایەن كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌نه‌كه‌وه‌  پێشکەش بە جڤاتی گشتی کرا، و دوای گفتوگۆ و پێشنیارەکانی ئەندامان، خاڵەکانی گۆڕانکاری خرانە ده‌نگدان و پەسەند کران. هەر لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کار و پلانەکانی یادی 100 ساڵەی پەیمانی لۆزان وەک کارنامە تاوتوێ کرا. کۆمیتەی کار و چالاکییەکان بۆ یادی سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان پلانەکەی پێشکەش بە کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی کرد و پێشنیاری ئەندامان لەسەر ئەو پلانە وەرگیرا. پاشان بەپێی بەرنامەی کار هەڵبژاردنی هاوسەرۆکان وئه‌ندامانی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر ئه‌نجام درا. دوای هەڵبژاردن پێشنیاری ئەندامان بۆ پلاندانانی داهاتوو وەرگیرا و کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتوویی ئه‌نجام درا.

پێشهاتەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنە سیاسییەکاندا باس کران.

کۆبوونەوەی ٢١ی جڤاتی گشتیی کەنەکە لە کاتێکدا ئه‌نجام درا  کە دەوڵەتی تورکیا بە هەموو تواناکانیەوە دەستی کردووە بە قركردنی گەلی کورد و پێكهاته‌كانی کوردستان. دەوڵەتی تورکیا شەڕێکی ستراتیژی و پلان بۆ داڕێژراو لە دژی گەلەکەمان بەڕێوە دەبات. کاتێک مرۆڤ سەیری نەخشە و پلانی شەڕی دەوڵەتی تورکیا دەکات لەسەر باکوور و ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان، زۆر به‌ ڕوونی دیار ده‌كه‌وێت کە دەیەوێت پلانی پراکتیزەکردنی میساقی میلی ساڵی ١٩٢٠ جێبەجێ بکات و باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان داگیر بکات. بۆ ئه‌وه‌ی میساقی میللی جێبه‌جێ بكات ستراتیجی خۆی لەسەر له‌ناوبردنی گەلی کورد بنیات ناوە. شەڕی دژ بە کورد بە هەموو توانایەوە بەردەوامە. پێویستە هەموو کورد بزانن دەوڵەتی تورکیا شەڕی هه‌بوون و نەبون لەگەڵ کورد دەکات.

ده‌وڵه‌تی تورکیا بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بە ده‌ستی هێزە تاریکەکانی و چەتەکانی، بۆمبێکیان لە ئەستەنبوڵ تەقاندەوە و چەندین کەسی بێتاوانییان کوشت. هه‌موو دونیا دەزانێت کە هیچ په‌یوەندییەکی هێزه‌ کوردستانیه‌كان لەم ڕووداوەدا نییە. بەڵام دەوڵەتی تورکیا یەکسەر به‌رپرسیاریه‌تی ئەم ڕووداوەی خسته‌ ئه‌ستوی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و به‌و به‌هانه‌وه‌  دەستی کرد بە هێرشکردن. ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکدایە. جەرابلوس، عەزاز، عەفرین، گرێسپی و سەرێکانی بەس نەبوون، ئێستاش دەیانەوێت کۆبانێ و هەموو ناوچەکانی تر داگیر بکەن. سێ هەفتەیە بۆمب و ئاگر بەسەر خەڵکی کوردستاندا دەبارێت. تورکیا ئامانجی خۆی زیاتر فراوانتر کردووە و ئامانجیشی داگیرکردنی "هێڵی ژێر خه‌ت" یانی بەشی ڕۆژئاوای کوردستان بەتەواوەتییە.

ڕاسته‌ ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبه‌ڕووی هێرش و هەڕەشەی گەورەی دەوڵەتی تورکیا بووته‌وه‌ . بەڵام کێشەکان تەنها بەوەوە سنووردار نین. هەرچەندە ڕژێمی دیمەشق له‌و په‌ڕی لاوازی خۆی دابێت ، بەڵام تا ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی ئەرێنی بۆ چاره‌سه‌ری دوخه‌كه‌ نزیك نه‌بۆته‌وه‌. ئەوان دەیانەوێت هەموو ده‌سكه‌وته‌كانی گەلەکەمان له‌ ناو به‌رن و بگەڕێنەوە بۆ سیستەمی کۆن. ئەگەر ڕژیم لە ناوچەی ئیدلب کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، دواتر ڕوو لە ناوچە ئازادەکانی ڕۆژئاوا دەکات. ئێستاش له‌ هەوڵی دروستكردنی كێشه‌ و ئاژاوه‌گیردان. لەم ڕووەوە وریایی و ئامادەکاری پێویستە.

ڕۆژئاوای كوردستان لە دۆخێکی هەستیاردایە. پاراستنی دەسكه‌وته‌کانی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەرکێکی گرنگە. وەک پێشتریش ئەم دۆخە جێگەی خۆی لە ئەجێندا و پلاندانانی کەنەکە دەبێت و چاودێری دەکرێت.

 ئەگەر دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوا بگاته‌ ئامانجی خۆی، گومانی تێدا نییە کە پلانی دووەمی ئەم دەوڵەتە دڕندەیە داگیرکردنی باشووری کوردستانە. زیاتر لە سەد بنکەی سەربازی و سیخوڕییان لە باشوور داناوە و لە سنووری ڕۆژئاواوە تا سنووری ڕۆژهەڵات بە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر زۆر ناوچەیان داگیرکردووە، بنکەی سەربازییان داناوە و وردە وردە ئەم داگیرکارییە فراوانتر دەکەن. لە ١٤ی نیسانەوە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان لە ناوچەکانی مه‌تینا، زاپ و ئاڤاشین ئەنجام دەدات. لەم ئۆپەراسیۆنەدا لەبەرچاوی جیهاندا چەکی کیمیاوی و هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراو به‌كارده‌ینێت. ئه‌م دۆخه‌ تەنها پەیوەندی بە هێزی گەریلاوە نییە به‌ڵكو به‌هانه‌یه‌، مەبەستی دەوڵەتی تورکیا له‌ناوبردنی هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی کورد و کوردستانییەکانە، ئەوانیش ئەو نیازە چه‌په‌ڵه‌ ناشارنەوە و بە دەنگی بەرز دەیڵێن و بە کردەوە دەیکەن.

بەداخەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەکانی مەتینا و زاپ و ئاڤاشین و بە گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەوڵەتی تورکیا لەو ناوچانەدا، ئەو هێزە کوردانەی لەو ناوچەیە ده‌سه‌ڵاتدارن، لەبری ئه‌وه‌ی كه‌ شانبەشانی هێزەکانی بەرخۆدان دژایەتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکان بكه‌ن، ده‌بینین كه‌ رێگا بۆ هێزی داگیركه‌ر‌ خۆش ده‌كه‌ن کە دەبێتە هۆی ئەوەی لە بەرژەوەندی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا بێت و هێزەکانی بەرخۆدان هەراسان دەکات. ئه م هه ڵوێسته دژ به به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستانه و به هیچ شێوه یه ک قبوڵ ناکرێت.

دەوڵەتی تورکیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئەردۆغان و بەرەی ڕەگەزپەرست و فاشیستی "ئاکەپە - مەهەپە" بەردەوامە لە سیاسەتی سەربازی و داگیرکاری چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە. ئەردۆغان و بەرەکەی هەموو تورکیایان زیندانی کردووە. بەهۆی تێچووی شەڕ و گەندەڵی، دەوڵەتی تورکیا له‌ قەیرانێکی گەورەی ئابووریدا ژیان ده‌كات. ئەردۆغان و هاوکارەکانی، بە مەبەستی شاردنەوەی بارودۆخی نائاسایی تورکیا، قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی، بۆ شاردنەوەی هەڵوێست و کاردانەوەکان بەرامبەر بە سیستەمەکەیان، چارەسەری لە شەڕدا دەبینن، چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی وه‌ڵات. ئەوان بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیریکردنی خەڵکی ڕەگەزپەرست و دواکەوتوو به‌ده‌ست بینن سیاسەتی شەڕ وەک بزووتنەوەیەکی پیرۆزی ئایینی و ڕەگەزپەرستی نیشان دەدەن.

بەم شێوەیە ئەردۆغان دەیەوێت تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژ بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە تەقینەوەی بۆمبەکە لە ئەستەنبوڵ، سەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢٣یە. هەموو پرسیار و ڕاپرسیەکان ئەوە دەردەخەن کە لە هەڵبژاردنێکی ئاساییدا ئەردۆغان و هاوکارەکانی دەدۆڕێن. هەر بۆیە دەیانەوێت خەڵک بترسێنن و به‌لاریدا بیبه‌ن و بە فێڵ و تەڵەوه‌ وەک ساڵی ٢٠١٥ سەربکەون.

ئێمە وەک کەنەکە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەموو کوردستان و بەتایبەت هێرشەکانی سەر خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە توندی ئیدانە دەکەین و بە هەموو هێزمانەوە له‌ به‌رامبه‌ری دەوەستینەوە. لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا دەنگ و کاردانەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و هێزە پەیوەندیدارەکان لاواز ده‌بینین و ڕەخنەی دەكه‌ین، وئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان جێگای قه‌بوڵكردن نییه. داوا دەکەین هەڵوێستێكی بەهێز لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نیشان بدەن.

ئێمە بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە چەکی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو بۆ سەر هێزەکانی گەریلا بەکاردەهێنێت. بێدەنگی دامەزراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان، OPCW، یەکێتی ئەوروپا، پارله‌مانی ئه‌وروپا و زلهێزكانی جیهان لە به‌رامبه‌ر به‌كارهێنانی چەکی قەدەغەکراو جێگەی قبوڵکردن نییە. بەکارهێنانی ئەو چەکانە تاوانێکە دژی مرۆڤایەتی. بانگهێشتی ئەم دامەزراوانە دەکەین بە زووترین کات بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن.

لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران لە قەیرانێکی گەورەدایە. ئه‌م قەیرانه‌ هەم ئابوورییە، هەم کۆمەڵایەتی و هەمیش سیاسییە. ڕێژیمی ئێران وڵاتی کردووە بە زیندانێکی کراوە بۆ هەموو نەتەوە و بیروباوەڕی جیاواز و ژنان لە ئێران و لەسەر هەناسەی خەڵک دانیشتووە. بەتایبەت فشار و توندوتیژی لەسەر ژنان تا دێت تۆندتر وفراوانتر دەبێت.  ئیدی ئەم دۆخە قبوڵ ناکرێت و گەیشتۆتە قۆناغی سه‌رهه‌ڵدان. دوای کوشتنی کچە کورد (ژینا ئه‌مینی)، بە بپێشه‌نگی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، له‌ سەرتاسەری ئێراندا سەرهه‌ڵدا ده‌ستی پێكرد. ئەم سه‌رهه‌ڵدانه‌ دوو مانگ و نیوە بەبێ پشوودان به‌رده‌وامه‌.

ڕێژیم بە هەموو هێز و ده‌رفه‌ته‌کانیەوە بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر چالاکوانان و تا ئێستا سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەس بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش دەستبەسەر کراون. بەڵام ڕێژیم هەرچییەک بکات، ناتوانێت رێگا له‌  خەڵک بگرێت. ڕژیم بەم شێوەیە ناتوانێت به‌رده‌وام بكات و ئیدی ئێران بەرەو گۆڕانکاری و بەرەو شۆڕشێکی نوێ هەنگاو دەنێت.

ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک بۆ دەرەوەی وڵات و شاردنەوەی بارودۆخی خراپی خۆی، به‌رپرسیاریه‌تی دەخاتە سه‌رهێزەكانی ده‌ره‌وه‌ بەتایبەتی حیزب و لایه‌نه‌ کوردییەکان. بۆیە ماوەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزەکانی ته‌نیوه‌ و جارجارە هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان. ڕژێمی ئێرانیش هاوشێوەی دەوڵەتی تورکیا بوونی بنکەی هەندێک هێزی کوردی دەکاتە بیانوو بۆ هێرشەکانی. لەم بوارەدا ئێران و تورکیا به‌ زانیاری هاوکاری یەکتر ده‌كه‌ن و ئامانجەکانیشیان وەک یەکن. ئامانجی سەرەکی ئه‌وان له‌ ناوبردنی هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانی کوردستانە.

کۆبوونەوه‌ی جڤاتی گشتی كه‌نه‌كه‌ ڕاپەڕین گه‌ل وسه‌رهه‌ڵدان بە پێشه‌نگایه‌تی ژنان کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکردووە و لە سەرانسەری ئێراندا بڵاوبووەتەوە، بە هه‌ڵوێستێكی  ڕەوا و پیرۆز دەزانێت و ستایش و پشتیوانی لێدەکات. هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ژنان و خەڵک و خۆپیشاندەران بە گشتی بە توندی شەرمەزار دەکات.

ئێمە هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران کە لە باشووری کوردستان دژ بە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویدا بە توندی ئیدانە دەکەین. داوا لە پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و ڕۆشنبیران و گەلەکەمان بە گشتی دەکەین کە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران و تورکیا لەسەر بنەمای یەکێتی نەتەوەیی ڕاوەستن و هەڵوێستیان هەبێت.

باشووری کوردستان، ناوچەیەکی ئازادکراوە و خاوەن پێگەی فیدراڵییە، ئەمه‌ هیوایەکی گەورەیە و جێگای دڵخۆشییە بۆ هەموو کوردستان. هەرچییەک ڕووبدات، دەبێت ئەم ستاتۆیه‌ پارێزراو بێت و پەرەی پێبدرێت. پاراستنی ده‌سكه‌تی گەلەکەمان لە باشوور ئەرکێکی نه‌ته‌وه‌ییه‌. کەنەکە له‌ بەرامبەر پاراستنی ده‌سكه‌وت و بەرژەوەندییەکانی گه‌له‌كه‌مان له‌ باشووری كوردستان هه‌ستیاره‌. ئێمە دەمانەوێت ئەم دەسكه‌وتانه‌ فراوانتر بكرێن و بخرێنه‌ خزمەتکردنی هەموو کوردستانیان.

لە هەموو عێراقدا دۆخێکی نادیار هەیە و ئەم دۆخە مەترسی بۆ پێگەی کوردستانیش له‌ گه‌ڵ خۆی دەهێنێت. چونکە عێراق لە قەیرانێکی گەورەدایە، دەستێوه‌ردانی دەرەکی زۆره‌ له‌ ناو عێراقدا. له‌ دوای هەڵبژاردنەکان ساڵێك خایاند هه‌تا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا و حکومەت پێکهێنرا. له‌ ئێستادایش دیار نییە دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات. بەداخەوە لەم دۆخە نادیارەدا هێزە کوردییەکان یەکگرتوو نین. لەم کاتەدا دەستورێکی نوێ بۆ عێراق تاوتوێ دەکرێت. ئەگەر وەک کورد یەکگرتوو نەبین، پێگەی فیدراڵی و دەستکەوتی زۆرمان لەناو دەچێت. لە هەمان کاتدا دەتوانرێت ناوچە دابڕاوەکان (ناوچەکانی مادەی ١٤٠) بە تەواوی لە کوردستان ببڕدرێن.

لە باشووری کوردستان قەیرانێکی گەورەی ئابووری هەیە. سیستەمی ئابووری باشوور هۆکارێکە بۆ ئەوەی ژمارەیەکی کەم، زۆر دەوڵەمەند بن لە کاتێکدا زۆرینەی کۆمەڵگا هەژار دەبن. قەیرانی ئابووریش هۆکاری قەیرانی کۆمەڵایەتییە. بەهۆی ئەم دۆخەوە خەڵکێکی زۆر ئازار دەچێژن، و موحتاجی كه‌سانێكی خراب ده‌بن و ئەخلاقی کۆمەڵگاش لە ناو دەچێت. ئه‌مه‌یش دەبێتە هۆی نەخۆشی دەروونی و خۆکوشتن. جگە لەوەش ئەم دۆخە دەبێتە هۆی کۆچی خەڵک لە باشوورەوە بۆ ده‌ره‌وه‌ی وه‌ڵات. دەوڵەتی تورکیا ئەم دۆخە دەکاتە دەرفەتێک و دەیەوێت کوردستان بەتاڵ بکاتەوە. لەم ڕووەوە دەوڵەتی تورکیا بە چەته‌ و قاچاخچیەکانیەوە هەنگاو دەنێت و لەگەڵ هاوكاره‌كانی گەنجان دەکاتە ئامانج. بە تایبەتی کۆچی گەنجان لە باشوور لە ئاستێکی بەرزدایە و مەترسیدارە. دۆخی ژنان لە باشوور بە گشتی باش نییە، پڕۆژەی حكومه‌ت بۆ پرسی ژن و پەرەپێدانی ئازادی ژنان کەم هەیە، تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بڵێت حکومەت هیچ پڕۆژەیەکی لەم بوارەدا نییە. کوشتنی ژنان لە باشوور برینێکی ڕەش و زۆر قووڵی کۆمەڵایەتییە.

پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق له‌ ئاستی پیویستدا نییه‌. کێشەی نەوت و بودجە چارەسەر نەکراوە. کێشەی گەورەی ناوچەكانی ماده‌ی ١٤٠ به‌ هه‌ڵواسراوی ماوه‌. دۆخی گەلەکەمان زۆر خراپە، بەتایبەت لە کەرکوک، لە ناوچەی گەرمیان و بە گشتی لە هەموو ناوچە دابڕاوه‌كان. هێرش دەکرێتە سەر خەڵک و ماڵ و موڵکیان تاڵان دەکرێت و دانیشتوانی کورد ئاوارە دەبن. ناوچەکە بەگشتی ته‌عریب کراوە. هه‌تا دێت ئەم دۆخە جددیتر وئاڵۆز تر دەبێت.

هەر لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی شه‌نگال و بارودۆخی گشتی باوەڕمه‌ندانی ئێزدیش تاوتوێ کرا. شه‌نگال جوگرافیایەکی ستراتیژی هەیە. دەوڵەتی تورکیا لە هەموو دەرفەتێکدا هێرش دەکاتە سەر شه‌نگال و خۆی بۆ داگیرکردنی ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئامادە دەکات. ئەو پڕۆژەیەی کە داعش نەیتوانی تەواوی بکات بەهۆی بەرخۆدانی هێزەکانی گەریلا و و به‌رخۆدانی شه‌نگال، ئێستا ئەردۆغان و هاوکارەکانی دەیانەوێت تەواوی بکەن. شه‌نگال هەرێمێکە خاوەن تایبەتمەندی جیاوازە. زۆربەی خه‌ڵک کوردی ئێزدیین و شه‌نگال بەشێکە لە کوردستان. بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە سەدان ساڵە بووەتە ئامانج. ئەو كرده‌وه‌ دڕندەییانەی داعش لە شه‌نگال ئەنجامیدا، برینی قووڵی لە جەستەی شه‌نگالییه‌كان کردۆتەوە. ده‌بێت دۆخی خەڵکی شه‌نگال و کێشەکانی شه‌نگال بە شێوەیەکی تایبه‌ت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و چارەسەری بۆی بدۆزرێتەوە. پێویستە ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی شه‌نگال بگیرێت.

هەروەها دۆخی کوردانی شه‌به‌ک و کاکەیی زۆر خراپە و هاوشێوەی ئێزدیەکانە. کاتێک داعش هاتە ناوچەکە، هێرشی کردە سەر کوردانی شه‌به‌ک و کاکەیی. ئەم بەشەی گەلەکەمان بە دەستی داعش کۆمەڵکوژ کراوە. تەنانەت دوای شکستی داعشیش بارودۆخیان باشتر نەبوو و بەتایبەتی دوای ڕیفراندۆم کە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ی تێدا ڕادەستی حکومەتی عێراق کران، دۆخیان خراپتر بووه‌. ئێمە وەک کەنەکە هەستیارین بەرامبەر ئەم دۆخە و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنی. بۆیە داوا لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغداد دەکەین ئاگاداری ئەم بەشەی گەلەکەمان بن.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس له‌ بارودۆخی کوردانی فەیلی كرا. کێشەی کوردانی فەیلی دەمێکە لە کارنامەی کەنەکەدایە. بەمەبەستی گرنگیدان بە دۆخی کوردانی فەیلی، کەنەکە لیژنەیەکی تایبەتی دامەزراندووە و ئەم لیژنەیە سەرقاڵی کارە. کورد فەیلی لە زۆر ناوچەدا لەژێر فشار و هێرشدایە. به‌تایبه‌تی لەژێر هێرشی ئاسمیلاسیۆنێکی گەورەدان. ئەم پرسە تەنیا پرسی کوردانی فەیلی نییە، تەنیا پرسی کەنەکە نییە، پرسێکی نەتەوەییشە و پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان لەسەر ئەم دۆخەی کوردانی فەیلی بوەستن و چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ ئەم پرسە بدۆزرێتەوە.

کاتێک بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ڕۆژەڤدایە، بەداخەوە زۆرجار دۆخی کوردانی خوراسان لەبیر دەکرێت. ئەمەش کەموکورتی زۆربەی ڕێکخراوەکانی کوردستانە. کەنەکە، هەر لە دامەزراندنیەوە تا ئێستا، هەوڵدەدات سەرنجی لەسەر دۆخی کوردانی خوراسان بێت و نوێنەرایەتیان لە کەنەکە هەبێت. ئەگەر كه‌میش بێت، کوردەکانی خوراسان نوێنەرایەتییان لە کەنەکە هەیە. پێویستە ئەم نوێنەرایەتییە بەهێزتر بکرێت. پرسیار و گرفتەکانی کوردانی خوراسان دەبێ لە کارنامەی هەموو ڕێکخراوەکانی کوردستاندا بێت.

لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی باوەڕمه‌ندانی یارسانیش تاوتوێ کرا و کێشەکانیان تاوتوێ کران. باوەڕمه‌ندانی یارسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ وەک کورد و چ وەک ئایین فشارێکی زۆریان لەسەرە. ئایینی یارسان بیروباوەڕێکی دێرینی کوردستانە و پێویستە وەک خۆی بپارێزرێت. هاوکات پەیامی پیرۆزبایی ڕێبەری ئایینی یارسان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە گەیشتە جڤاتی گشتی و لە لایەن ئەندامێکی یارسانەوە پێشکەش کرا و پەیامەکە لەلایەن جڤاتی گشتیەوە پێشوازی لێکرا.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی کوردانی ئەنادۆڵیای ناوەڕاست تاوتوێ کرا. نوێنەرانی پلاتفۆرمی کوردی ئەنادۆڵیای ناوەڕاست کە ئەندامی کەنەکەن، باسیان لە دۆخی گەلەکەمان لە ناوچەکە کرد و زانیارییان بە کۆبوونەوەکە دا.

لە كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی بارودۆخی کورد لە وڵاتانی ئیسنگ (وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو)یش تاوتوێ کرا. ماوەیەکە لە وڵاتانی ئاسیایی وه‌كو کازاخستان و قرغیزستان هێرش بۆ سەر کورد دەکرێت. کورد نەک هەر لە کوردستان لەژێر هێرشدایە، بەڵکو لە هەموو جیهاندا لەژێر هەڕەشە و هێرشدایە. تا وڵاتێکی ئازاد بۆ کورد دامەزرێت، ئەو هەڕەشە و هێرشانە بەردەوام دەبن. کەنەکە، لە هەموو شوێن و ناوچەیەکدا، مافەکانی گەلی کورد دەهێنێتە بەرنامەی کار و دەیپارێزێت.

لەو كۆبوونه‌وه‌دا بارودۆخی گەلی ئاشووری-سوریانی-كه‌لدانیش تاوتوێ کرا. ئاشووری-سوریانی-که‌لدانی نەتەوەیەکی کۆنی ناوچەکەمانن. لە مێژوودا چەندین کۆمەڵکوژی و جینۆساید بەرامبەر ئەم گەلە ئەنجام دراوە. ئەم کەسانە نەک هەر لە لایەنی قەومییەوە دەکرێنە ئامانج، بەڵکو لە لایەنی ئایینییشەوە هێرشی جددییان لەسەرە. لەگەڵ هاتنی داعش، ئامانجی یەکەم گەلی ئاشووری-سوریانی-که‌لدانی بوو و کۆمەڵکوژ کران. بەهۆی ئەو هۆکارانەوە ژمارەی دانیشتوانێکی کەم لە ناوچەکەدا هەیە و بەرەو کەمبوونەوە دەچێت. پاراستنی ئەم گەلە دێرینە ئەرکێکی گەورەی کەنەکە و هەموو هێزەکانی کوردستانە. ئێمە هەمیشە لە پاڵ ئەم ئەرکەدا دەوەستینەوە. چارەنووس و ڕزگاری گەلی کورد و گەلی ئاشووری-سوریانی-که‌لدانی پەیوەندی بەیەکەوە هەیە و سەرکەوتن پێکەوە دەبێت.

هەروەها بارودۆخی به‌ڕێز عەبدوڵڵا ئۆجالان و هەڵمەتی ئازادیی کە لەسەر ئاستی جیهان بەڕێوەدەچێت، له‌ کارنامەی کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی جێگرته‌وه‌. هەڵمەتی ئازادی به‌ڕێز ئۆجالان بەرەو فراوانبوون دەچێت و دەچێتە ناو کارنامەی گشتی جیهانەوە. زیاتر لە ٢٠ مانگە هیچ زانیارییەک لە به‌ڕێز ئۆجالانەوە دەست نەکەوتووە. لەم دوایانه‌دا پارێزەرانی به‌رێز ئۆجالان گوتیان "بیستوومانه‌ کە سی پی تی چووە ئیمرالی به‌ڵام به‌رێز ئۆجالان نه‌هاته‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ و چاوپێكه‌وتنی ئه‌نجام نه‌دا". ئەمە دۆخێکی نوێ و مەترسیدارە. ئێمە وەک کەنەکە بەدوای هەڵوێستێکدا دەگەڕێین لە بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییە توندەی کە لەسەر به‌رێز عەبدوڵڵا ئۆجالان ئەنجام دەدرێت و قبوڵی ناکەین و دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار دەکەین. لە هەمان کاتدا بێدەنگی سی پی تی و پارله‌مانی ئەوروپا قبوڵ ناکەین و داوا لەو دامەزراوانە دەکەین بە زووترین کات بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن. جگە لەوەش پشتیوانی لە هەڵمەتی ئازادی به‌رێز ئۆجالان دەکەین و داوا لە هەموو گەلی کورد و دۆستانی کورد دەکەین کە بەشداری لەم هەڵمەتە بکەن و بەهێزتری بکەن.

هەروەها پێگەی ژن لە کارنامەی كۆبوونه‌وه‌ی  ٢١ مین جڤاتی گشتی  كه‌نه‌كه ‌دا جێ گرتبوو. نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی ژنان چالاکانە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی گشتیدا کرد و بە هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەکانیان کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد. هەرچەندە بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان پەرەی سەندووە و ژنی كورد لە دامودەزگاکانی کوردستاندا جێگەی خۆی لە ئاستی باڵادا هەیە، بەڵام کێشەی ئازادی ژنان لە وڵاتی ئێمەدا وەک وڵاتانی دیکەی جیهان چارەسەر نەکراوە. گەشەسەندنی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان جێگای شانازییە و لەسەر ئاستی جیهان دەنگی داوەتەوە. بەڵام مەسەلەکە گەورەیە، ڕێگاو میتۆدەکە قووڵ و درێژە. دەبێت عەقڵیەتی هەزاران ساڵە بگۆڕدرێت. هەروەها ژنانی ئەندامانی کەنەکە داوایان کرد کە ژمارەی ژنان لە پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان زیاد بکرێت. ژنان لەسەر هێنانەکایەی پیاوسالاری لە سیاسەتی کوردیدا ڕەخنەیان لە لایەنە سیاسییەکان گرت. بە تایبەتی داوا لە لایەنە سیاسییەکان کرا کە ئاستەنگەکانی بەردەم بەشداری ژنان لە خه‌باتی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی لاببەن، بۆ ئەوەی گفتوگۆ و چارەسەرەکان سەبارەت بە یەکێتی نەتەوەیی بە بەشداری ژنان بەهێزتر بکرێن.

بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە مەترسیدار و ناڕوونە. هاوکات لەگەڵ مەترسییەکان دەرفەتیش هەیە ئەگەر بتوانین بەکاریان بهێنین. وڵاتانی داگیرکەر لە ناوەڕاستی قەیرانێکی گەورەدان، دۆخی عێراق زۆر نادیارە و ناسەقامگیرە. دۆخی سوریا لە به‌ر چوه‌ كه‌ بۆ ماوەیەکی زۆر ناتوانێت خۆی کۆبکاتەوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئێران بە گۆڕانکارییەکی گەورەدا تێدەپەڕێت. هەرچەندە تورکیا خۆی بە بەهێز دەزانێت و دەرفەتەکانی وەک شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا و ناکۆکییه‌ نێودەوڵەتییه‌كان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام لە قەیرانێکیشدایە و داهاتووی نادیارە.

لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا ئەگەر بتوانین باشتر خۆمان ڕێکبخەین و یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین، دەتوانین پێگەیەکی هەمیشەیی بۆ هەموو کوردستان دروست بکەین. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە هەموو هێز و لایەن و دامەزراوە و ڕێکخراوەکانمان و هەروەها هەموو گەلەکەمان لە سەرتاسەری وڵات و لە هەر شوێنێک بژین، باشتر یه‌كبگرن، ئاكاری نەتەوەیی ونیشتیمانی بەهێزتر و گەورەتر بکەن. بەم شێوەیە دەتوانین هەموو پلان و پڕۆژەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر لە دژی کوردستان لەناو ببەین.

شیكردنه‌وه‌ وهه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی کوردستان و جیهان که له سه‌ره‌وه‌ باس كراوه‌ ئه‌رک و به رپرسیارێتییه‌کانمانیش ده‌ستنیشان ده‌كات. شیکردنەوە و دیاریکردنی کەموکوڕییەکان بەس نییە. بۆ ئەوەی ئەم کێشانە چارەسەر بکەین، پێویستە کار و خه‌باتێكی زۆری بۆ بکەین. پێویستە بەبێ وچان کاربکەین بۆ یەکێتی نەتەوەیی کە ئەرکی سەرەکیمانە. لەم بوارەدا دەرفەت هەیە. هه‌روه‌ها پێویستە لەسەر ئاستی جیهان کاری دیپلۆماسی بەهێزتر بکەین.

كات، کاتی یەکگرتنە. کاتی ئەوە هاتووە بەرەنگاری داگیرکاری ببینەوە. کاتی ئازادییە. کاتی کارکردنە.

جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

08.12.2022

ئەنجامی هەڵبژاردنی ئۆرگانەکانی کەنەکە:

هاوسەرۆک:

زەینەب موراد و ئەحمەد كاراموس

دەستەی بەڕێوەبەرایەتی:

1- ئەکره‌م حسو

2- ئامینه‌ راد

3- فاروق جەمیل

4- ئیبراهیم عەلیپۆر

5- هێڤی مستەفا

6- کامران بەرواری

7- کورده‌ عومەر

8- مه‌جید حسو

9- نیلوفەر کۆچ

10- نوعمان ئوگوڕ

11- ڕەفیق غه‌فور

12- سەبریە سه‌ڤگات

13- سالار مەحمود

14- سه‌عید سننده‌جی

15- شه‌هلا حەفید

16- شێرکۆ محمد ئەمین

17- تاهیر کەمالیزادە

18- زەینەب مستەفا

19- زوبەیر ئایدار

ژ.ت