ئەو شەقامەی تێیدا شەهید کران کرا بەناوی شەهیدان گوڵستان و هیرۆوە

ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی سیاسی لە چالاکییەکدا تابلۆی شەهید گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینیان لە جێگەیی تێیدا شەهید کران هەڵدا، شەقاکەمە کرا بە ناویانەوە. چالاکوانان پەیامی "لەسەر ڕێ ئامانجی هاوڕێیانمان دەبین'یان دا.

ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسان لە نزیك شارۆچكەی سەیدسادق، تابلۆی شەهیدانی ڕۆژنامەنووسی ژن گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین دانرا، لەسەر ئەو شەقامەی کە لەسەری شەهید کران و شەقامەکەش کرا بە ناویانەوە. لە مەڕاسیمەکەدا كۆمپانیای چەتر، لە شوێنی شەهیدبوونی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەیاننامەیەكیان خوێندەوە.

لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا هەرێم ئەبوبكر، چالاكوانێکی مەدەنی وتی: ئێمە وەك ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانان هەستاین بەناو نانی ئەم ڕێگا سەرەكیەی هەڵەبجە – سلێمانی – سەیدسادق، كەبەدەستی دەوڵەتی داگیركەری تورك لەم جێگەیەدا دوو ڕۆژنامەنوسی ژن شەهیدبوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمە كۆتا شەهید نییە ڕۆژنامەنوسان دەیبەخشن بەنیشتیمان، چونكە تا دوژمن لەدەنگی ئازادی كورد بترسێت، بەردەوام دەبێت لە هێرشەكانی بۆسەر ڕۆژنامەنووسان و كەسانی چالاكوان، ئەمەش بێهێزی و بێ دەسەڵاتی دوژمن دەردەخات، دوژمن باش دەزانێت گەریلاو شەڕڤان و پێشمەرگە ئەوانەی كوردستان دەپارێزن لە كوێدان، بەڵام لەناو شارەكاندا كەسانی مەدەنی دەكاتە ئامانج، ئەوەش پەیوەندی بەترس و بی َدەسەڵاتی ئەو دوژمنەوە هەیە.

باسی لەوەشكرد، وەك چالاكوانانی سەیدسادق، ئەگەر دوژمن بیەوێت ڕۆژنامەنووسێك یاخود دەنگێكی ئازاد و میدیاكارێك لەناو بەرێت، ئەوا ئێمە ئەوانە دەكەین بەسیمبولی خۆمان بۆ هەمیشە بەزیندوی لەناو دڵی خەڵكدا دەیانهێڵینەوە، ناونانی ئەم شوێنەش بەناوی ئەو دوو ڕۆژنامەنوسەوە بچوكترین پاداشتە بۆ ئەوان.

دواتر هاوڕێ كاروان، بەیاننامەی كۆمپانیای چەتری بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی خوێندەوەو وتی: دانانی تابلۆكە بۆ دوژمنانە بۆ ئەوەی بزانن ئەوەی ئەوان چالاكوانان و ڕۆژنامەنوسانی ئازاد تیرۆر و شەهیدیان دەكەن، ئێمە بۆ هەتا هەتایە وەك سیمبولێك لەسەر دڵ و شەقامەكان ناویان دەنەخشێنین، لەناو بەرگی كتێبەكانماندا بەزیندوی دەمێننەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتە شەڕكەرەكانی ناوچەكە و جیهان، بەریەكەوتنی بەرژوەندییەكان شەڕ بەرۆكی مرۆڤایەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت كوردستانی گرتووەتەوە، ئەوەش وایكردوە كۆمەڵگای كوردی لەهەموو زیاتر پێویستمان بەدەست ڕاگەیاندن زانیاریی و وەرگرتنی زانیاری ڕاست و درووست هەبێت.

لە بیاننامەكەدا هاتووە، بەپێی داتاو ئامارەكانی بواری ڕۆژنامەنووسی، بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسانی بێسنور زۆرێك لە حكومەتەكانی وڵاتانی جیهان، لە ڕێگەی فشارو ڕاگرتن و كوشتنی ڕۆژنامەنوسانەوە ڕێگری لە مافی بەدەست خستنی زانیاری لەكۆمەڵگا دەكەن، هەموو هەوڵێكیان خستۆتە گەڕ بۆ تێكشكاندنی دۆخی ڕۆژنامەنووسی ئازاد، دەوڵەتی توركیاش یەكێكە لەو دەوڵەتانەی فشار دەخاتە سەر ڕۆژنامەنوسان و دەستگیرییان دەكات، ڕێگری لەئەنجامدانی كارەكانیان دەكەن، لەو چوارچێوەیەشدا تاوانی نوێی بۆ زیادكردوە.

هەر لەبەیاننامەكەی كۆمپانیای چەتر ئەوەش هاتووە، لەهەر شوێنێكی دونیا ڕۆژنامەنوس دەكوژرێت، هەوڵی شاردنەوەی ڕاستیەكان دەدرێت، بۆیە كوشتنی ڕۆژنامەنووسان و شاردنەوەی تاوانەكانە لە هەمانكاتدا هێرشكردنە سەر مافی خەڵك، بۆ شاردنەوەی زانیاری ڕاست و دروست، ڕۆژنامەنوسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەهۆی ئاشكراكردنی ڕاستیەكان و تاوانەكانی شەڕ خوازەوە، دژ بەگەلەكەمان كرانە ئامانج.

هاوكات سیاسەتەكانی شەڕ و فراوانبوونی داگیركاری دەوڵەتی تورك لە باشووری كوردستان، وێڕای كوشتنی ڕۆژنامەنووسان، دەبێتە هۆی كوشتنی خەڵكی مەدەنی چۆڵكردنی گوندەكان و سوتاندنی دارستانەكان و قوڵ بونەوەی قەیرانی ئابووری، سیاسەتی بەئامانجكردنی ئەو دوو ژنە ڕۆژنامەنوسە كە ڕوماڵی ئەو ڕەوشە دەكەن، بۆ پەردەپۆشكردنی  تاوانەكانی دەوڵەتی توركە.

لە بەیاننامەمەدا ڕەخنەی توند لەبەرپرسانی حكومەتی كار بەڕێكەری هەرێم دەگرن و دەڵێن، لەم ڕۆژانەی دوایدا شەهیدكردنی ڕۆژنامەوان عەزیز كۆیلو ئوغلۆ، لەچوار قوڕنە پەڵەیەكی ڕەشی دیكەیە بەنێو چاوانیانەوە، ئەم هێرشانە پیشانی دەدات داگیركەرانی كوردستان و داردەستەكانیان، چەنێك لەڕاستیەكان دەترسن لەپاڵ ئەوەدا سەدان دەزگای میدیایی هەیە، لەباشووری كوردستان لەسێبەری دەسەڵاتدا پاساو بۆ هێرشەكانی داگیركەران دەهێننەوە، دەسەڵات بەهەموو شێوازێك هەڵمەتی ئەو ڕاگەیاندانە دەكات.

لەڕۆژی ٢٣ی ئابی ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی توركیا بەفڕۆكەی بێفڕۆكەوان، لەنزیك گوندی تەپەڕەشی سەر بەشارۆچكەی سەیدسادقی پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبێلێكی ڕۆژنامەنوسانی كۆمپانیای چەتری بۆ بەرهەمهێنانی میدیایی كردە ئامانج، بەو هۆیەوە ڕۆژنامەنوسان گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین شەهیدبون ئەندامێكی دیكەی كۆمپانیاكە بەناوی ڕێبین بەكر برینداربوو.