ئەوانەی باوەڕیان بە 'هێڵی سێیەم' هەیە سەردەکەون

لە شاری ئامەد خۆپیشاندانی ئیدانەکردن دژی هێرشی قڕکردنی سیاسی دژی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) بەڕێوەچوو. جەیلان ئاکچا، ئەندام پەرلەمان لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و وتی: "هەدەکە هێڵی سێیەمە، ناتوانن شکستی پێ بهێنن. پیلانگێڕان دەشکن."

بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی دژی هێرشە قڕکردنە سیاسیەکان دژی هەدەکە بەڕێوەچوو.

لە گردبوونەوەکەدا جەماوەرێکی زۆر بەشدارییان کرد و پانکارتی، "ئێمە پێداگری لەسەر شەڕ ناکەین، بەڵکوو لایەنی سیاسەتی دیموکراتیکین". "ئێمە هەدەکەین" لە خۆپیشانەکەدا بەرز کرابووەوە. محەمەد شیرین گۆربۆز هاوسەرۆکی لقی ئامەدی دەبەپە لە چالاکییەکەدا قسەی کرد و وتی: "ئێمە هەموو هەدەکەین، هەدەکە گەلە."

هەروەها جەیلان ئاکچا، ئەندام پەرلەمان قسەی کرد و وێڕای ئاماژەکردن بە بەئامانجکردنی ئەو کەسانەی باوەڕیان بە سیاسەتی "هێڵی سێهەم"ـە، ئاماژەی بە لێدوانەکانی ڕێبەر ئاپۆ دا و جەختی لەوە کردەوە کە هەدەکە هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتی دیموکراتیک کاردەکات. بۆیە زیندانیکردن و ترساندن گەلی کورد لە ئامانجەکانی دوور ناخاتەوە و وتی: "ئێمە هەدەکەین. هەدەکە هێڵی سێیەمە، ناتوانن شکستی پێ بهێنن. ئەوەی دەشکێت پیلانگێڕانن. ئەو کەسانەی باوەڕیان بە هەدەکە و هێڵی سێیەمە بە دڵنیاییەوە سەردەکەون."

دوای کۆتاییهاتنی گردبوونەوەکە، پۆلیس هەوڵیدا پانکارتەکە لە خۆپیشاندەران وەربگرێت، بەڵام جەیلان ئاکچا بە پێچانی پانکارتەکە بە دەوری خۆیەوە ڕێگری لێکردن. دوای پێکدادان و گرژییەکی کورت لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا، چالاکییەکە کۆتایی هات.