تاریق کارێزی: زمانی کوردیمان هەبوون و ناسنامەمانە

پەیوەست بە زمانی کوردیی و زیندوێتییەکەی نووسەر تاریق کارێزی وتی: "بۆ کورد زمان هەبوون و ناسنامەی نەتەوەییە، سەڕەڕای قەدەغەکردنی زمانی کوردی لەلایەن داگیرکەرانەوە بەڵام هەر بە زیندوویی ماوەتەوە".

رۆژی ٢١ی شوباتی هه‌موو ساڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایكه‌ و هه‌موو گه‌لانی جیهان به‌ چالاكی جۆراوجۆر ئه‌و رۆژه‌ به‌رزڕاده‌گرن،  له‌ جیھاندا ٦ ھه‌زار زمان ھه‌ن، به‌ڵام زۆربەیان مه‌ترسی له‌ناوچوونیان له‌سه‌ره‌ و زۆرترین خه‌ڵك قسه‌ به‌ سەد زمان ده‌كه‌ن، زمانی كوردیش له‌ پله‌ی ٥٩هەمین زمانی جیهاندایه‌.

له‌م رۆژه‌دا بۆ باشتركردنی زمانی كوردی، لە هەر چوارپارچەی كوردستان چالاكی تایبه‌ت به‌ زمانی كوردی به‌ڕێوه‌ده‌چن و شاره‌زایانی بواری زمانیش باس لە گرنگی زمانی کوردی دەکەن وەک بنەڕەتی بوون و ناسنامەی نەتەوەیی.

له‌ عێراق زمانی كوردی زمانی دووەمی فەرمییە و له‌ باشوری كوردستان زمانی فەرمی حكومه‌تی هەرێمی کوردستانە، زمانی پەروەردەیە‌، لە ڕۆژئاوای کوردستان- هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوادا، زمانی کوردی بوو بە جێگەی بایەخ و بەکارهێنان. لە هەرێمانەدا کە هەرێمکی کۆنفیداراڵی خۆبەڕێوەبەری گەلانە لەگەڵ زمانی کوردییدا زمانی پێکهاتەکانی دیکەش بەکاردەهێندرێن و زمانی ئاخافتن و پەروەردەیە.

لە باشوری كوردستاندا، بەشێوەیەكی فراوان و جۆربەجۆر، یادی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دەكرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە لە شاری كەركوكی باشوری كوردستانەوە نووسەر و ڕۆژنامەوان و شارەزای بواری زمان تاریق كارێزی لە بارەی ڕۆژی زمانی دایكەوە لە بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF) قسەی کرد.

`"زمان هەڵگری میراتی مرۆڤایەتییە"

مامۆستا تاریق کارێزی لە سەرەتای قسەکانی خۆی دا سەرنجی خستەسەر گرنگی پاراستنی زمانی کوردی و وتی: "بابەتی ڕۆژی زمانی دایکی بۆنەیەکی جیهانییە مافی بە هەموو مرۆڤایەتی و نەتەوەکان داوە کە پارێزگاری لە زمانی خۆیان بکەن سەرچاوەی زمان ناسنامەی گەلانن، ناسنامەی هەموو نەتەوە و پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و کلتوورییە لەهەمان کاتدا زمان خۆی هەڵگری میراتی مرۆڤایەتییە چونکە هەر زمانێک بەشێک لە میراتی مرۆڤایەتی پێکدەهێنێت، پەیوەست بە ئێمەی کورد وەکو نەتەویەکی ژێردەستەی بێ دەوڵەت بەڕاستی ئەم بابەتە گرنگی زیاتری هەیە، چونکە تائێستا ئێمە خاوەن قەوارەیەکی سیاسی نین بۆیە زمانەکەمان لەژێر هەڕەشەی داگیرکەرانی کوردستاندایە و لەهەمان کاتدا لە چوار پارچەکەی کوردستان بەڕێژەی جیا جیا دژایەتی زمانی کوردی کراوە، بەڵام کورد لەبەرئەوەی نەتەوەیەکی دێرین و گەورەیە و خاوەن زمانێکە کە یەکێکە لە زمانە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان ئەمەش وایکردووە زمانی کوردی نەفەوتێ وزەی بەرەنگاری هەبێت".

"زمانی کوردی هەر بە زیندوویی ماوەتەوە"

نوسەر تاریق باسی لەوەکرد کە ئێستا دەرفەتی ئێمە زۆرە بۆ پاراستنی زمانی خۆمان و وتی: "هەر بۆ نموونە لە باکووری کوردستان ماوەی سەد ساڵە زمانی کوردی قەدەغە دەکرێ و کورد لەسەر قسەکردن بە ووشەیەکی کوردی و درکاندنی ووشەی کورد سزا دراوە، بەڵام زمانی کوردی هەر بە زیندوویی ماوەتەوە، ئەمڕۆ دەرفەتێکی زۆر گەورە لەبەردەم تێکڕای مرۆڤایەتی و ئاخێوەرانی زمانی کوردی هەیە بەتایبەتی کە سۆشیال میدیا و میدیای ئەلیکترۆنی و مەعریفەی ئەلیکترۆنی هەیە کە ئەمە بوار دەدات بۆئەوەی ئێمەی کورد بەشێوەیەکی بەدەر لە سانسۆری داگیرکەرانی کوردستان گەشە بە زمانەکەمان بدەین و زۆر گرنگە لە هەموو پارچەکاندا گەشە بە زمانی کوردی بدەین و پێشیبخەین لە ئاستی قسەکردن، خوێندنەوە، نووسین و لە ئاستی ئەوەی کە لە هەموو بوارێکی ژیاندا بەکاری بهێنین چونکە دواجار ئێمە نەتەوەیەکی گەورەین و هەر چوار پارچەی کوردستان بەدەم یەکەوەن".

"بایەخدان بە زمان ئەتوانێت قەوارەی کلتووری کورد بپارێزێت"

هەروەها ئەو نووسەرە باسی لە گرنگی زمان کرد بۆ پاراستنی قەوارەی کلتووری و کۆمەڵایەتی گەلی کورد و ئاماژەی بەوەکرد: "بایەخدان بە زمانی کوردی ئەتوانێ تا ئەو قۆناغەی ئێمە بە سەربەخۆیی دەگەین قەوارەی کۆمەڵایەتی و قەوارەی کلتووری و هەبوونی کلتووریمان بپارێزێت بۆیە ئەم ڕۆژە بۆ نەتەوەی کورد زۆر گرنگە و پێویستە ئێمە هەموو رۆژێک ئەوەمان لەیادبێت کە ناسنامەی ئێمەی کورد زمانەکەمانە، زمانەکەمان ناسنامە و هەبوونمانە".

"ئێمە نەتەوەیەکی گەورەین"

مامۆستا تارق کارێزی، ڕەخنەی لەو بنەماڵانە گرت کە منالی خۆیان ئەنێرن بۆ قوتابخانەی عەرەبی لەبری ئەوەی بینێرین بۆ قوتابخانەی کوردی کە بە زمانی نەتەوەیی خۆیانە بە زمانی دایکی بخوێنن، وتی: "ئێمە ئێستا کە لە شاری کەرکوکەوە قسە بۆ ئێوە دەکەم، بەداخەوە بەشێکی بنەماڵە کوردەکانی شارەکە دەچن منداڵەکانیان ئەنێرنە بەر خوێندن بە زمانی جیاواز لە کوردی و جیاواز لە زمانی دایک لەکاتێکدا لە باشوری کوردستان و شاری کەرکوک بەپێی دەستوری عێراق زمانی کوردی هاوشانی زمانی عەرەبی زمانێکی فەرمییە و دەستور ڕێگەی داوە لە هەموو کایە و بوارێکدا و لە هەموو بەشێکی عێراق و باشوری کوردستان زمانی کوردی بەکاربێت، بەڵام هەندێک بنەماڵە دەچن منداڵەکانیان ئەنێرنەبەر خوێندنی جیاواز لە خوێندنی کوردی، بەڕاستی ئەمەش جۆرێکە لە شکستی سایکۆلۆژی وایکردووە کە مرۆڤی کورد پیوابێت ئەو لە بێگانە بچووکترە زمانەکەشی پێگەیەکی لە خوار پێگەی زمانەکەی دیکەیە، بەپێچەوانەوە وانیە ئێمەی کورد نەتەوەیەکی گەورەین لە باشوری کوردستاندا ئەمە شەرمە بۆ مرۆڤ و بنەماڵەی کورد کە منداڵی بنێرێتە قوتابخانەی عەرەبی مادام کە دەرفەتی خوێندن بە کوردی بوونی هەیە، بەڕای من ئەوە دایک و باوکە ستەم لە منداڵەکەی دەکات کە لە خوێندنی زمانی دایک دایدەبڕێت، دایک و باوک ئەو مافەی نییە ئەو ستەمە لە ڕۆڵەکەی بکات".

"کوردبوونمان بەندە بە قسەکردن و خوێندن و نووسینمان"

تارق کارێزی لە کۆتایی قسەکانیدا تیشکی خستەسەر گرنگی خوێندنی کوردی و وتی:"کاتێک کە منداڵ ئەنێریتە بەر خوێندن بە زمانێکی دیکە ئەوە باری قورس ئەبێت چونکە لەیەک کاتە ئەو منداڵە کە فەرهەنگێکی هەیە کە زمانی دایکێتی ئەینێریتەبەر ئەیخەیتەبەر دوو ئەرکەوە ئەرکی فێربوونی زمانێکی بێگانە و ئەرکی وەرگرتنی زانیاری، بۆیە ئەمە ستەمێکە لە منداڵەکانمانی دەکەین وە جۆرێکە لەخۆ بەکەم زانین، بەڕاستی ئەمەش ڕەوانیە چونکە نەتەوەی ئێمە لە هیچ نەتەویەکی دیکەی جیهان نە کەمتر و نە زیاترە، پیویستە لەو ئاستەدا ئێمە کار بکەین و داکۆکی لە ئاسنامەکەمان بکەین و پێش هەموو شتێک داکۆکی لە زمانمان بکەین چونکە زمانمان هەبوون و ناسنامەمانە، کورد بوونمان بەندە بەوەی کە ئێمە بە کوردی قسە دەکەین بە کوردی دەخوێنینەوە بە کوردی دەنووسین".