ئاکەپە کۆچبەران هان دەدات بەرەو ئەوروپا بڕۆن

دەوڵەتی تورک کە لە ئیدلب گورزی کوشتندەی بەرکەوت، دۆسیەی کۆچبەران وەکو فشار بەکار دەهێنێت و رێگا خۆشکەر بووە بۆ ئەوەی کۆچبەران روو لە ئەوروپا بکەن. ئەم جارەش بە ئۆتوبوس دەیانگوازێتەوە بۆ سەر سنوور. یونانیش دەڵێت، 'ئێمە ریگا نادەین'.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سوریا بەردەوامە لە هێرشە داگیرکەرییەکانیدا و لە ئیدلب گورزی گوشندەی بەرکەوت. بۆ ئەوەی پشتیوانی وڵاتانی رۆژئاوا بدەست بهێنێت، دۆسیەی پەنابەرانی جوڵاندەوە و وەکو فشارێک بەکاری دەهێنێت. بە پێی زانیاریەکان، شارەوانییەکانی ئاکەپە بە ئۆتوبوس پەنابەر و کۆچبەران دەگوازنەوە سەر سنوور.

ئاکەپە بە ئۆتوبوس کۆچبەران دەگوازێتەوە سەر سنوور

کۆچبەران بە رێگای ئاوی لە کەناراوەکانی دەریای ئیجەوە دەرباسی یونان دەبن. لە ئێستادا بە سەدان کۆچبەر چاوەڕێن بگەن بە خاڵی سنووری پازارکولە بۆ ئەوەی دەرباسی یونان ببن. لە دوێنێوە کۆچبەران بە ئۆتۆبوس دەگوازرێنەوە شاری ئەدرنە و لەوێشەوە دەرباسی یونان و بولغاریا ببن.

هەر دوێنێ لە ناوچەکانی زەیتین بورنو، ئەسەنلەر، ئەسەن یورت و فاتیحی ئەستەنبولەوە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەران گوازراونەتەوە بۆ سەر سنووری یونان. گواستنەوەکەش بە رێگای ئۆتوبوس و بە پشتیوانی پارێزگارەکان، قایمەقامەکان، شارەوانییەکان و رێکخراوەکانی سەر بە ئاکەپە ئەنجام دەدرێن. هاوکات لە شارەکانی دیکەی تورکیاوە، کۆچبەران دەگوازرێنەوە بۆ ئەستەنبول.

لە ئێستادا لە تەرمینالی ئەسەنلەری ئەستەنبول بە هەزاران کۆچبەر بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە بۆ سەر سنوور لە چاوەروانیدان و کۆمپانیاکانی گواستنەوەش لە هەر ٥ خولەکێکدا ئۆتۆبوسێکی پڕ لە کۆچبەر دەگوازنەوە بۆ شاری ئەدرنە.

مۆچۆتاکیس:ئێمە رێگە نادەین

کریاکۆس میچۆتاکیس سەرۆک وەزیرانی یونان لەم بارەیەوە رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران دەیانەوێت بە رێگای نا یاسایی سنوورمان ببەزێنن و لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆریان لە سەر سنووری تورکیا-یونان کۆ بوونەتەوە.

میچۆتاکیس وتی:" یونان بەرپرسیار نییە لەو تراژیدیایەی لە سوریا روویداوە. ئێمە بە روون و ئاشکرا دەڵێین، یونان رێگا نادات کۆچبەران بە ریگای نایاسایی سوورەکەمان ببەزێنن. بۆیە ئێمە سنوورەکانمان توندتر دەکەینەوە."

ز.ش