'ئۆجالان نییەتی خۆی بۆ چارەسەری دیسان دەربڕی'

نوسینگەی مافەکانی سەدە رایگەیاند لە چاوپێکەوتنەکەیدا رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان، هێز و نییەتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسیەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جاریکی دیکە دەربڕیوە و سوورە لە سەر هەڵوێستە نەگۆڕەکانی بۆ چارەسەری ئاشتیانە.

نوسینگەی مافەکانی سەدە لە بارەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجالان راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە چاوپێکەوتنەکەیدا ئۆجالان هێز و نییەتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسیەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جاریکی دیکە دەربڕیوە.

راگەیێندراوەکەی نوسینگەی مافەکانی سەدە بەم شێوەیە یە:

"بریگرتەکانمان لە دوورگەی ئیمرالی بەرێز ئۆجالان، بەرێز عومەر هایری کۆنار و بەرێز ڤەیسی ئاکتاش لە ٣ی ئازاری ٢٠٢٠ لە گەڵ خانەوادەکانیان چاوپێکەوتنیان ئەنجامدا. چاوپێکەوتنەکە دوای هەستیاری و دەربڕینی ناڕەزایەتی گەلی کورد و رای گشتی دیمۆکراتیک ئەنجامدرا کە لە دوای رووداوی ئاگر کەوتنەوە لە دوورگەی ئیمرالی هاتە ئاراوە.

خانەوادەکان دوای سەردانکردنی ئیمرالی، ئەوەیان پشتڕاستیان کردەوە کە لە ئیمرالی رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویداوە. هاوکات رایانگەیاند، بارودۆخی بریگرتەکانمان بە گشتی باشە و ئاگرکەوتنەوەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەوان دروست نەکردووە.

بەڵام شێوازی گۆشەگیرییەکەی زیندانی ئیمرالی، هەمیشە گومانی لە لای خانەوادەی بریگرتەکانمان و رای گشتی دروست کردووە. چاوپێکەوتنی خانەوادەکان و پارێزەران، یەکێکە لە مافە سەرەتاییەکانی گیراوان، بەڵام ئەم مافە لە دوورگەی ئیمرالی هیچ کات لەبەر چاو نەگیراوە و جێبەجێ نەکراوە، بەڵکو وەکو ئامرازێک بۆ دروستکردنی فشار بەکار هاتووە. وەک ئەمڕۆش بینرا، لە ساڵی ٢٠١١وە تا ئێستا تەنها بە چالاکییەکانی وەکو مانگرتن لە خواردن و رووداوی ئاگرکەوتنەوە و بارودۆخی بەم شێوە نا ئاساییانە، چاوپێکەوتن ئەنجام دراوە. ئەم بارودۆخە نە لە رووی یاسایی و نە لە رووی ئەخلاقییەوە جێگای قبوڵکردن نییە.

بەم چاوپێکەوتنە تێگەیشتین کە بەرێز ئۆجالان بە مۆڕالە، بە هێزە و بارودۆخی تەندروستیشی باشە. لەم چاوپێکەوتنەدا کە لەگەڵ محمد ئۆجالانی برایدا ئەنجامیداوە، هێز و نییەتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسیەکانی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جاریکی تر دەربڕیوە و رایگەیاندووە، ئەو سوورە لە سەر ئەو هەڵوێستەی لە چاوپێکەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٩دا دەری بڕیبوو. ئەو رووداوە سیاسیانەی لەم ماوەیەی دواییدا روو دەدەن، لەسەر حەقبوونی بەرێز ئۆجالان پیشان دەدات. هەروەها ئەو گۆشەگیرییەی لە ئیمرالی لەم بارودۆخەدا بەردەوامە، ئاشکرای دەکات کە لە دژی دواڕۆژی گەلانە.

گۆشەگیری کریارێکی نایاساییە کە لە دژی کەسایەتێک بەڕیوە دەبرێت و هاوکات لە دژی ئیرادەی ژیانی هاوبەشی ئاشتیانەی گەلانیشە. بانگەوازی ئیمە ئەوەیە کە دەبێت ئەو گۆشەگیرییە بە زووترین کات لاببرێت."

ز.ش