ئۆجالان: هەموو شتێک پەیوەندیى بە تێکۆشانەوە هەیە!

عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رایگەیاند، هەموو شتێک پەیوەندیى بە تێکۆشانەوە هەیە. ئەگەر ئێوە پێشکەوتن بەدەست بهێنن ئەوا هەموو شتێک چارەسەر دەبێت، بەڵام کاتێک نەتوانن ئەوا دۆخەکە بەردەوام دەبێت، هەم گۆشەگیری و هەمیش خوێنڕشتن بەردەوامیى دەبێت.

دوێنێ رێگادرا عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و محەمەد ئۆجالانی برای چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. هەروەها عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش چاویان بە بنەماڵەکانیان کەوت. بەهۆی ئەوەى حامیلی یڵدرم نەخۆشبوو، نەتیوانی چاوی بە بنەماڵەکەى بکەوێت.

محەمەد ئۆجالان کە چاوی بە براکەى عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەى ئیمراڵیدا کەوتبوو لەبارەى چاوپێکەوتنەکەیەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی میزۆپۆتامیا قسەى کرد.

محەمەد ئۆجالان لەبارەى چاوپێکەوتن لە ئیمراڵی وتى "نزیکەى ٨ مانگە، ئێمە نەمانتوانیبوو بچین بۆ ئیمراڵی و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین. بۆ ئەوەى هەر ١٥ رۆژ جارێک چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین لە رێگەى پارێزەرەکانمانەوە سەردانی داواکارى گشتیى کۆماریمان لە بورسا دەکرد، بەڵام وەڵامی داواکانیان نەدەداینەوە. یان پاساوی جۆراجۆریان دەهێنایەوە. دواى ئەوەى لە دوورگەکە ئاگرکەوتنەوە روویدا، ئەمجارە داواى ئێمەى بنەماڵەکان بۆ سەردان قبوڵکرا.

پشکنینێکى دژ بە مرۆڤایەتیان کرد

رۆژی دووشەممە ٢ی ئادار لە رێگەى پارێزەرەکانمانەوە ئاگادار کراینەوە، کە دەتوانین بڕۆین بۆ ئیمراڵی. ئێمەش چووین بۆ ئیمراڵی. من و براکەى عومەر خەیری کۆنار و وەیسی ئاکتاش پێکەوە چووین بۆ دوورگەکە. بنکەى سەربازیى گەملیک دەستیکرد بە پشکنینمان، بەڵام پشکنینێکى ئاسایى نەبوو، بەڵام با بڵێین ئاسایى بوو. بە شێوەیەک کە بە چاوی سوک سەیرمان بکەن دەستیان بە پشکنینکرد و سوکایەتیشیان پێدەکردین. مرۆڤ ناتوانێت ئەوانە قبوڵ بکات. ئەوە کارێکى ئەخلاقی نییە. ئەوە بۆ تورکیا و بۆ دەوڵەتیش هیچ سوودێکى نابێت. من تەمەنم ٦٩ ساڵە، هەڤاڵانى تریش هەر لەو تەمەنەدان. ئەگەر مرۆڤ گەنجیش بێت نابێت بەو شێوەیە بشکنرێت و ئەو ناهەقییەى بەرامبەر نەکرێت. ئێمە هەر چۆن قاچمان نایە دوورگەکە، دیسانەوە دەستیان بە پشکنینمان کردەوە. وابزانم بەو شوێنە دەڵێن، دووەمی وێستگەى پەیوەندی. ئەوەندەى لێی تێگەیشتووم ئەو شوێنە لە دەستى جەندرمەدایە. لەوێش بە شێوەیەکى زۆر خراپ دەستیانکرد بە پشکنینمان، مرۆڤ ناتوانێت ئەوە قبوڵ بکات. مرۆڤ ئەوە ناکات، بەڵام ئێمە لەبەر ناچاری قبوڵمانکرد. هەموو کەسێک هاتبوو بۆ  دووەمین شوێنى پشکنین، کەسی پلەبەرز، کەسانی چاویلکە رەش، سەربازەکانیش هەموویان چەکیان پێ بوو. هەر وەک دۆخی باری نائاسایى بوو. هەموو کەس لەوێ بوون. لەوێش هەر بەو شێوەیە پشکنینیان بۆ کردین. ئەو یەکەیەى لەگەڵمان بوو و کاتێک لە کەشتییەکە دابەزین تاوەکو خاڵی دووەم لەگەڵماندا هاتن، کە لەوێش دەستیان بە پشکنینمان کرد. هەموو شوێنێک سەرباز و پاسەوانی لێ بوو. ئێمەش بە ناچاری پشکنینى لەو جۆرەمان قبوڵ کرد. ئەوانیش دەزانن کەس بە حەزی خۆی ئەوە قبوڵ ناکات. دژ بە مرۆڤایەتى بوو.

 بە پێوە راوەستام

دواى ئەوەى ئێمەیان پشکنی، ئێمە چووین بۆ زیندانەکە. لە زیندانەکەشدا دووبارە دەستیان بە پشکنینمان کردەوە. پشکنینەکەى ئەوێ ئاسایى بوو. سەرەتا ٢ هەڤاڵی ئێەیان برد. سەرەتا من لە دەرەوە راوەستێنرام. بۆ ماوەى ١٠ خولەک راوەستێنرام. دواتر بانگیان کردم. چەند جارێک وتیان بە ئامێرى تیشک و پشکنینی ئێکس رای (x-ray)دا تێپەڕن. ئەوە بینانوو بوو. منیش وتم "١٠٠ جاریش بڕۆم و بێم ئەوە دیسانەوە هەر دەنگی لێ بەرز دەبێتەوە". دواتر من چووم بۆ چاوپێکەوتن. سەرەتا من بۆ چاوپێکەوتن چوومە ژوورەوە. کاتێک من رۆیشتمە ناو هۆڵەکە، مێزەکانى پێشووی تیادا نەبوو. مێزێکى گەورەى تیادا بوو. پێیان وتم "دانیشە"، بەڵام من دانەنیشتم. من دەمزانی سەرۆک دێت، بۆ ماوەى چەند خولەکێک بە پێوە راوەستام، دواى ئەوە جموجوڵێک دەستیپێکرد و من دەمزانى ئەو سەرۆکە و دێت. سەرۆک هاتە ژوورەوە، بەڵام دەستى لەگەڵ نەدامەوە و وتی "زانیارییان داوە پێم، وابزانم جەستەت تای هەیە. تۆ تووشی هەڵامەت بوویت، بۆیە من دەستم لەگەڵ نەدایەوە". ئەو لەلایەکى مێزەکە و من لەلایەکى تری مێزەکە دانیشتم. من لە بەری باکووری مێزەکە دانیشتم. سەرۆک بە پاسەوانەکەى وت "وابزانم دەبێت چاوپێکەوتنەکەمان بۆ ماوەى سعات و نیوێک بێت، وایە؟"، بەڵام ئەو (پاسەوانەکە) هیچ نەوت. ئێمەش دەستمان بە چاوپێکەوتنەکەمان کرد.

پاساوەکە ئاگرکەوتنەوە نییە

سەرۆک وتی "تۆ بۆ هاتیت؟ تۆ بە چ پاساوێک هاتیت؟". منیش وتم، "لێرە ئاگر کەوتنەوە روویداوە، گەل و رێکخراوەکانى کۆمەڵەى مەدەنی چالاکیی دیموکراتیکیان ئەنجامدا. من وای بۆدەچم، کە ئێمەیان بەو هۆیەوە هێنابێت بۆ ئێرە. سەرۆکی وتی "بەڵێ، بەڵام کاریگەریى لەسەر من نەبوو". دوای ئەوەش وتی "من هەندێک شتت لێدەپرسم تۆش بە پوختی بۆم باس بکە". بە زۆری سەرۆک قسەى کرد. لەبارەى چارەسەریی کێشەى کورد و کێشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆچوونەکانى دەرەوەى لە من پرسی. وتی، ئێوە کێ وەک هێز بۆ چارەسەری دەبینن و بڕوا دەکەن کێ چارەسەری دەکات؟ خواستی من بەبێ لێکدانەوە، وەڵامی بدەمەوە.

ئەگەر مێزەکە سێ پێی هەبێت ناکەوێت

منیش وتم، "گەلەکەمان لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدا ٨٠ بۆ سەدان ٩٠ دەڵێن، تەنها سەرۆک دەتوانێت کێشەکە چارەسەر بکات". وتی، "بەڵێ منیش ئەوە دەزانم، مەسەلەکە هی ئێمەیە. بۆ چارەسەرکردنى کێشەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەبێت ئێمە بە پێوەر بجوڵێینەوە". دواى ئەوە دەستی بە وتەکانى کرد. بۆ رۆژئاوا و درێکخراوە دیموکراتیکەکانی تورکیا قسەى کرد. هەروەها وتی "وابزانم هەدەپە کۆنگرەى خۆی ئەنجامدا". منیش وتم "بەڵێ کۆنگرەى خۆی ئەنجامدا و زۆر کەس تیایدا بەشدار بوون. لە دەرەوەى وڵاتیش زۆر کەس بەشدار بوو بوون. کۆنگرەکە زۆر باش تێپەڕی". سەرۆک بە تایبەتى ئەوەى وت "من ئێستا ئەمە بە ئێوە دەڵێم، ئەگەر ئێوە لە هەرێمەکەدا نەبن بە هێز، ئەوەتا سەیر بکەن لە تورکیا مێزێک هەیە ٢ قاچی هەیە. لە ناو بزووتنەوەکەتاندا بزووتنەوە چەپەکانیش هەن. بە زۆریش کوردن. گەلانى تریش هەن. دەبێت ئێوەش ببن بە یەک. ئێوە بەوە دەبنە هێز. ئەگەر مێز ٣ قاچی هەبێت ناکەوێت. مێزی ٢ قاچی سیستم چەند بۆ نەکەوتنى خۆی هەوڵ بدات هەر دەکەوێت. لەبەر ئەوە هەوڵەکانى ئێمەى کوردان، دەبێتە قاچی سێیەم. بۆ ئەوەى قاچی سێیەم دروست بێت، پێویستى بە گەورە بوون هەیە". لە چاوپێکەوتنەکەدا لەبارەى رێکخراوە دیموکراتیکەکانەوە شیکاریی کرد. سەرۆک وتی "دەبێت کەس و کەسایەتییەکان نەک بۆ خۆیان، بەڵکو خزمەت بە رێکخراوەکان و گەلی خۆیان بکەن".

دەبێت خزمەت بە گەل بکەن

نیوەى چاوپێکەوتنەکە لەبارەى رێکخراوە دیمکراتیکەکانەو شیکاریى کرد. سەرۆک وتی "با کەس و کەسایەتییەکان نەک بۆ خۆیان، بەڵکو خزمەتى گەل و رێکخراوەکان بکەن". سڵاوی زۆری بۆ رۆژنامە هەبوو و وتی "میدیا بەهێز بکەن، هاوکاری و پشتیوانییان لێ بکەن. زۆر زۆر سڵاوم هەیە بۆ هەموو خەباتکارانی میدیا. با هەمو گۆڤار و رۆژنامەکان و هەم تەلەفزیۆنەکان بەهێز بکەن".

"هەر کەسێک بەهاکان بەکار بهێنێت، من لێیان خۆش نابن"

منیش پێم وت، هەدەپە کۆنگرەکەى بە پرۆتۆکۆل و بەشدارییەکى بەهێز بەڕێوەبرد. ئەویش بۆ هاوسەرۆکانى پێشوو و هاوسەرۆکانی نوێ زۆر سڵاوی هەبوو و ئومێدی سەرکەوتنى بۆ خواستن. لەبارەى حیزبیشەوە وتی "بە بڕوای من هەدەپە لە ناو رێکخراوە دیموکراتیکەکاندا بەهێزترین رێکخراو و دامەزراوەیە. حیزب بە رەنج بەهێز دەبێت. بە رەنجدان بەهێز دەبێت. بە قسە بە هێز نابێت. تۆ بارودۆخی من دەبینێت، وایە؟ من ٥٠ ساڵە رەنج دەدەم. ئەگەر ببیستم کەسێک بۆ بنەماڵەکەى، بۆ خۆی، بۆ خزمەکانی بەشداری رێکخراوەکان دەبێت و بەهاکان بەکاردەهێنێت، لێپرسینەوەى لێدەکەم. ئەم گەلە زۆرێک قوربانیى گەورەى داوە. من بۆ خۆم هیچ ناکەم، بەڵام ئێمە بەڵێن و پەیمانمان بەم گەلە داوە، ئەم گەلە ئەو هەموو قوربانییە داوە. ماوەى ٥٠ ساڵە ئێمە رەنج دەدەین، بەها دروستبوون. ئێمە قوربانییەکی زۆرمان داوە. ئەگەر ئێوە ببن بە یەک و بەهێز ببن ئەوا دەتوانن کێشە گەورەکانیش چارەسەر بکەن. کەس نایەت کێشەیەکتان بۆ چارەسەر بکات. لە راستیدا ئێوە خۆتان هێزی چارەسەرین. حیزب ماڵ و موڵکی کەسەکان نییە. هی کەسەکانیش نییە". من بەپێى ئەو شیکارییەی ئەو وا تێگەیشتم کە لە نزیکەوە حیزب چاودێری دەکات.

شیکاریى گرنگ بۆ باکووری سوریا

لەبارەى سوریاشەوە قسەى کرد و وتی "لە رۆژئاوا ژمارەیەکى زۆر عەشیرەتى عەرەب هەیە. تۆش سڵاو و رێزی زۆری من بۆ هەموویان ببە. دیسانەوە بۆ ئەو کەسانەى لەوێ لە رێکخراوەکان و دام و دەزگاکاندا کار دەکەن زۆر سڵاو و رێزمیان پێ بگەیەنە. ئەو کەسانەى لە رۆژئاوا رەنج دەدەن زۆر بە نرخن. من بەهۆی خەباتەکەیانەوە پیرۆزباییان لێدەکەم. خەباتێکى پێرۆز دەکەن. سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. تورکیا هەندێکجار لەلای ئەمریکایە و هەندێکجاریش لەلای رووسیایە. ئەوە ناچارەسەرییە. چارەسەری ئەوەیە؛ دەبێت هێزەکانى رۆژئاوا لە ناو یەکپارچەیى سوریادا بە شێوەیەکى بەرفراوانتر ببن بەهێز. ئەوە بۆ پاراستنى یەکپارچەیى خاکى سوریا پێویستە. رێکخستنبوون لە رۆژئاوا بۆ یەکپارچەیی سوریایە. لە رێکخستنبوون لەوێ ئەگەر کورد، عەرەب، ئەرمەن نەبن بە هێز ئەوا سبەی ناتوانن یەکپارچەیی سوریا پێکبێنن. ستراتیژیای رۆژئاوا زۆر راست و دروستە و سڵاو و رێزی من بەبێ جیاوازی بگەیەنن بە هەموو ئەو کەسانەى لەوێ کار دەکەن و رەنج دەدەن".

'قاچی سێیەم بە رەنج دروست دەبێت'

سەرۆک بۆ چارەسەری وتی، ئەگەر تۆ ببیت بە هێز هەموو شتێک چارەسەر دەکەیت. منیش پێم وت "توندوتیژی بەشێوەیەکى چڕ و زۆر بەردەوامە. تۆ دەڵێیت، لە دەرەوە هەندێک شت بکەن، بەڵام تورکیا ئەو دەرفەتە نادات و رێگا نادات". سەرۆک بەمشێوەیە وەڵامی منی دایەوە "دیسانەوە دەتوانن ئەوە بکەن. ئێوە ناچاران، کە رێکخراوەکە و دامەزراوەکە بەهێز بکەن. ئەگەر ئێوە باش کار بکەن دەتوانن ئەنجامی باش بەدەست بهێنن. باش کارکردن چییە؟ خزمەتە نەک بۆ کەسەکان، بەڵکو بۆ گەلە. تێکۆشان بەو شێوەیە دەبێت. محەمەد تۆ من باش دەناسیت. تۆ دەزانیت من چۆن تێکۆشاوم. لە دژی دایکی خۆشم تێکۆشاوم. کاتێک تەمەنم ٧ ساڵی بوو لە دژی وەستامەوە. تۆ باش دەزانیت". منیش وتم "بەڵێ من دەزانم، تۆ ئەوەت کرد". سەرۆک لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی "هەموو شتێک بە تێکۆشان، بە تێکۆشانی راست و دروست بەدی دێت. ئێوە ناچارن ببن بە هێز بۆ ئەوەى بتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەى ئێمە ناوی بنێین کێشەى کورد، بەو شێوەیە چارەسەر دەکەیت. ئەگەر تۆ نەبیت بە هێز ئەوا کەس کێشەکان بۆ تۆ چارەسەر ناکات. ئێمە دەڵێین، مێز، بەڵام مێزەکە ٢ قاچی هەیە. ئێوە ناچارن ببن بە قاچی سێیەمی مێزەکە. ئەوە چۆن دەبێت؟ ئەوە بە بەهێزبوون دەبێت. ئەگەر ئەوە بکەن، ئەوەی تریش دەبێت. ئەگەر ئێوە رەنج بۆ ئەوە بدەن، ئەوە بەدی دێت. بەڵێ مێز پێویستە. ئەوەش بە رەنج و خزمەتکردنی گەل دەبێت".

'بە جەستە لە ئیمراڵییە، بەڵام بە بۆچوونەکانى لە ناوماندایە'

سەرۆکمان دەزانێت. من هیچم نەوت. گەرچی جەستەى لە دوورگەى ئیمراڵییە، بەڵام بە بۆچوونەکانى لە ناوماندایە. دەزانێت ئێمە چی دەکەین و چۆن کار دەکەین. تەنها یەک نمونەتان بۆ باس دەکەم، پێی وتم "تۆش دەتوانیت لە دەورووبەری خۆت لە رحا هەندێک شت بکەیت. ئەرک دەکەوێتە سەر شانی هەمووتان. بەو شێوەیە بە پاشەکشەکردن و دانیشتن نابێت. تۆش دەتوانیت لەوێ رەنج بدەیت. تۆ خزمەت بکەیت. تۆیش بیکە و هەڤاڵەکانى تۆش ئەوە بکەن. ئەو گوندانە هەن و هەڤاڵانمان هەیە. ئەو تورکمانانە هەن. سڵاومی من بۆ هەموویان ببە".

کێ چیی لە دەست دێت با بیکات

سەرۆک لەبارەى گۆشەگیرییەوە وتی "من سڵاوی خۆم دەنێرم بۆ هەموو ئەو کەسانە، کە لە رۆژئاوا، باشوور، رۆژهەڵات و ئەوروپا لە دژی گۆشەگیری تێدەکۆشن. لە کوێ کورد هەبێت و لە دژی گۆشەگیریی تێکۆشانی کردەبێت، تێکۆشانەکەیان پیرۆز دەکەم. لە رووی تەندروستییەوە زۆر باشم. من دەزانم چۆن بژیم. تۆ من دەبینیت چۆنم". منیش ئەوەندەى بینیم و سەرنجمدا باش بوو. تەندروستی و ورەی لە جێى خۆیدا بوو.  وتی "سەرکەوتن دەخوازم". منیش لێم پرسی، باشە جارێکیتر چاوپێکەوتن دەکەیەنەوە یان نا. وەڵامی پرسیارەکەمی نەدایەوە. بەڵام وتی  "هەموو شتێک پەیوەندیى بە تێکۆشانەوە هەیە. ئەگەر ئێوە بەرەوپێشچوون بەدی بهێنن، ئەوا هەموو شتێک چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەگەر ئێوە نەتوانن بەردەوامی بەوە بدەن، ئەوا هەم گۆشەگیری بەردەوامیى دەبێت و هەم خوێنڕشتنیش بەردەوامیى دەبێت. با هەموو کەس بەپێی ئەوە چیى لە دەست دێت با ئەنجامی بدات".

ژ.ت