ئۆلوچ:داواکاری گشتی فەرمانەکانی لە بەرپرسی حزبییەوە وەردەگرێت!

سارۆهان ئۆلوچ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە بارەی بڕیاری داواکاری گشتی بۆ لێپرسینەوە لە کۆنگرەی هەدەپەدا وتی:"داواکاری گشتی بە فەرمانی بەرپرسی حزبی دەجوڵێتەوە."

 سارۆهان ئۆلوچ جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەلانی دیمۆکراتیک-هەدەپە لە پەرلەمان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و لە بارەی گەرمترین بابەتی رۆژ قسەی کرد.

ئۆلوچ سەرەتا سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی ئەو کەسانە کرد کە لە ئەنجامی بومەلەرزەکەی ناوچەی ئەلباکی شاری واندا گیانیان لەدەست داوە و وتی:"ئەو کێشە و گیر و گرفتانەی لە دوای بومەلەرزەکەی شاری خارپێتدا هاتنە ئاراوە، لە بومەلەرزەکەی شاری وانیشدا هەمان کێشە و گیر و گرفت روویاندا. ئەو هاوکارییانەی بۆ بەرکەوتووانی بومەلەرزەکە کۆمان کردووەتەوە، لە لایەن پارێزگار و قایمەقامەوە رێگری لێدەکرێن. ئێمەى دەڵێن ئەمە هەڵوێستیکی دژی مرۆڤایەتییە. رێگریکردن لە هاوکارییەکانی ئێمە بۆ بەرکەوتووان، کارێکی ئەنقەستە. پێویستە ئەو هاوکارییانەی دەنێردرێن بۆ بەرکەوتووان لە ناوچەکە پێشوازی لێبکرێت."

ئۆلوچ لە بارەی ئەو کەسانەی دوای کۆنگرەی هەدەپە دەستگیر کراون، قسەی کرد و وتی:"کۆنگرەیەکەمان بە جۆش و خرۆشەوە بەڕیوە چوو. لەگەڵ ئەو هەموو فشار و رێگرییانەی دروست کران، گەلەکەمان پێشوازییەکی گەرمی لە کۆنگرەکە کرد. هەموو کاروبارێکی یاساییمان جێبەجێ کردبوو. لە رووی یاساییەوە هیچ کەموکوریەک نەبوو. بە بڕیاری داواکاری گشتی خاوەنی ئەو کۆمپانیایانەی بۆ بەڕیوەبردنی کاروباری کۆنگرەکە بە کرێ گیرابوون، دەستگیر کران. کارمەندانی ئەو کۆمپانیایانە ئەرکیکی تەکنیکییان هەبوو. دوێنێ ئازاد کران بەڵام، ئەندامانی پارتەکەمان هێشتا ئازاد نەکراون. بڕیاری ٤ رۆژ دەستگیرکردنیان هەیە. داواکاری گشتی بە فەرمانی پارتە سیاسیەکان دەجوڵێتەوە. ئەو دەستگیرکردنانە هیچ پەیوەندییەکیان بە کاری یاساییەوە نییە."

ئۆلوچ تیشکی خستە سەر ئەوەی دوای کۆنگرەکەی ئەوان، لە کەناڵەکانی راگەیاندندا کەسانێک لەسەر ناوی هەدەپە گۆتوبێژیان کردووە کە هیچ پەیوەندییەکیان بە بابەتەکەوە نەبووە و وتی:"ئیمە زۆر دڵخۆشین کە لەسەر ناوی هەدەپە گۆتۆبێژ دەکرێت. ئاشکرایە کە چی رۆژەڤێکمان دیاری کردووە. بەڵام ئەو گۆتۆبێژانە بە هەندێک شتی ناڕاست بەڕیوە دەبرێن. ئێمە پێیان دەڵێین ئەگەر ئێوە راست بن، ئێمە ئامادەین وڵامی هەموو پرسیارێکتان بدەینەوە. ئێمە دەزانین کە ئەو ئابلوقەیەی لەسەر ئێمە دروستتان کردووە، هەڵی ناگرن، بەڵام دەڵێین ئەگەر ئازان ئەم گوتوبێژانە لەگەڵ خۆماندا ئەنجام بدەن."

ز.ش