ئیدریس سایلگان پەیامنێری ئاژانسى هەواڵی میزۆپۆتامیا لە سنوری یونان زیندانیکرا

ئیدریس سایلگان پەیامنێری ئاژانسى هەواڵی میزۆپۆتامیا لە کاتى رووماڵی دۆخی کۆچبەران لە سنوری نێوان تورکیا و یونان لە ئەدیرنە دەستگیرکرابوو و دواى دەستگیرکردنەکەى دادگا بڕیاری زیندانیکردنى بەسەردا سەپاند.

ئیدریس سایلگان پەیامنێری ئاژانسى هەواڵی میزۆپۆتامیا بۆ روماڵکردنى دۆخی کۆچبەران لە نێوان سنوورەکانى تورکیا و یوناندا چوو بوو بۆ سنووری پارێزگاى ئەدیرنە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى دەوڵەتى تورکەوە دەستگیرکرا.

ئیدریس سایلگان و ناجی کایا پەیامنێرانى ئاژانسى هەواڵی میزۆپۆتامیا بە بڕیاری ئەوەى "چوونە دەرەوەى وڵاتیان لێ قەدەغەکراوە" دادگایى کران. ئەو ٢ پەیامنێرە لە رێگەى سیستمى تەلەفزیۆنى داخراوە بەشداریی دانیشتنەکەى دادگا بوون.

کایا لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری ئازادکردنى بۆ دەرکرا، بەڵام سەربای ئەوەش هێشتا لە دەستبەسەریدایە.

سایلگانیش ئەم بەیانییە رەوانەى دادگای ئەدیرنە کرابوو و لەلایەن دادگای سزا قورسەکانى موشەوە سزای زیندانیکردنى ٨ ساڵ و ٣ مانگی بەسەردا سەپنێرابوو لە رێگەى سیستمی تەلەفزیۆنى داخراوەوە بەشداریی دووەمین لقی دادگای هەرێمى ئەرزرۆمی کرد.

دەستەى دادگاکە بڕیاری زیندانیکردنیان بۆ سایلگان دەرکرد. دەستەى دادگاکە رایگەیاندبوو، بەهۆی ئەو "بەڵگانەى" لەبەردەستینادایە ئەو بڕیارەیان دەرکردووە و ئەگەریش ئەو هەواڵانەى لە ناوچەکە ئامادە کراون و لە کاتی تانەلێداندا وەک بەڵگە پێشکەش بکرێن، ئەوە پیاداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکرێت.

رۆژنامەنووس ئیدریس سایلگان رەوانەى زیندانى جۆری ئێفی ئەدیرنە کرا.

ژ.ت