ئێمە گرنگی بە تێکۆشانی دژی گۆشەگیری دەدەین

ساروخان ئولوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی کۆنفڕانس و کۆنگرەی پارتەکەی قسەی کرد و ڕایگەیاند، دوای کۆنگرە گەورەکە دەست بە چارەسەری کەموکورتیەکانیان دەکەن.

ئامادەکاریەکان بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی هەدەپە لە ٢٣ی شوباتدا بەردەوامە و ساروخان ئولوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا لە بارەی کۆنگرەکەیانەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

ئولوچ ڕایگەیاند، ئەوان کۆنگرەی شار و ناوچەکان و کۆنفڕانسەکانی هەرێمەکانیان کۆتایی پێهێناوە کە کۆنفڕانسی زۆر گرنگ بوون.

ناوبراو وتیشی، لە ڕێگای ئەو کۆنفڕانسانە ڕێکخستنەکانی شار و ناوچەکانیان پێکهێناوە و لە لایەکی ترەوە گفتوگویان لەسەر سیاسەتی پارتەکەیان کردووە.

ئۆلۆچ ئاماژەی بەوەکرد،  ئەوان لە کۆنفرانسەکەیاندا باسیان لە کێشە هەرێمی و گشتیەکانی پارتەکەیان کردووە و وتی، "لە نیقاشەکاندا باس لە پەرسپەکتیفی داهاتوو کراوە. ئەم قۆناغە بۆ ئێمە گرنگ بوو. کاتێک کۆنفڕانسەکانمان ئەنجامدا، بە تەنها دوو ساڵی داهاتوومان نیقاش نەکرد، بەڵکو باس لە کێشەکانی ناو ڕێکخستن و کەموکورتیەکان و هەڵەکان کراوە."

ئۆلۆچ راشیگەیاند، ئەم قۆناغە وەک قۆناغی چارەسەری کێشەکانیان دەبینن و لە کۆنگڕەکەدا دەست بەم قۆناغە دەکرێت.

هاوپەیمانی دیموکراسی

ساروخان ئولوچ لەبارەی بەشداریکردن لە کۆنگرەدا ئەوەی خستەڕوو، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان و جیهان ئەوان چاوەڕێی بەشداریەکی بەهێز دەکەن.

وتیشی، "پارتەکەمان بۆ داهاتووی تورکیا شتی گرنگ دەڵێت، لە داهاتووەدا زەمینێکی سیاسی لە تورکیا دەخوڵقێنین کە هێزەکانی ئاشتی، یەکسانی، ئازادی و دیموکراسی دەیانەوێت لەسەر کۆببنەوە. ئەوە نە تەنها بۆ هەڵبژاردن ، بۆ قۆناغی بەر لە هەڵبژاردنەکانیش دەبێت."

'گۆشەگیری هەموو کاتێک ڕۆژەڤی ئێمە دەبێت'

ساروخان ئولوچ سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە ڕاشیگەیاند، کۆنگرە گەورەکەیان زیاتر گرنگی بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕیبەری گەلی کورد دەدات و وتی، "گۆشەگیری بۆ ئێمە زۆر گرنگە. هەندێک جار بە چالاکی هەوڵ دەدەن ئەنجام بەدەست بهێنن. دوایین جار مانگرتن لە خواردن بە شێوەیەکی فراوان ئەنجامدرا، ئەنجامێکی بەدەستهێنا، بەڵام ئەنجامێکی هەمیشەیی نەبوو. بە چەند چاەپێکەوتنێک نابێت. پێویستە بە شێوەیەکی هەمیشەیی بێت. لەبەرئەوەی ئێمە گۆشەگیری لەرانبەر مرۆڤایەتی دەبینین. دۆخێکە کە لەدژی یاسا، دەستووری بنەڕەتی و ئەو پەیمانانەیە کە تورکیا ئیمزای لەسەر کردووە. گۆشەگیری قبوڵناکرێت. ئێمە گۆشەگیری لەبەرانبەر کەسێک بە تەنها نابینین. گۆشەگیری لەدژی گەلێکە."

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، گۆشەگیری بە تەنها لەدژی گەلی کورد نییە و وتی، "ئەگەر لەدژی گۆشەگیری تێکۆشان بەڕێوەنەبرێت، نادیموکراسی و نایەکسانی بڵاودەبێتەوە. گۆشەگیری هەموو کاتێک ڕۆژەڤی ئێمە دەبێت."

ف.ق