ئەڵمانیا: بوونی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان رەوا نییە

حکومەتى ئەڵمانیا بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکى ئاشکرا رایگەیاند، ئەوان لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتى تورکن لە رۆژئاوای کوردستان.

کاتێک دەوڵەتى تورک لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨دا لە عەفرین دەستی بە هێرشی داگیرکەری کرد، ئەڵمانیا بە دەنگێکى بەرز لە دژی ئەو داگیرکەرییەى تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا نەوەستایەوە. حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا تەنها بە وتنی "با یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل نەکرێن و با هاووڵاتییانی مەدەنی پارێزراو بن" ئامۆژگاریی رژێمی ئەنقەرەى دەکرد!. هەروەها لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتى تورک بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، تەنها بە شێوەى سیمبولیک گەمارۆی چەکی لەسەر دەوڵەتى تورک دانا.

بەڵام حکومەتى فیدراڵی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتیی ئەنگێلا مێرکل دواى ٢ ساڵ و بۆ یەکەمجار بە دەربڕینی ئاشکرا و روون رایگەیاند، لە دژی بوونی دەوڵەتى تورکن لە رۆژئاوای کوردستان و باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا. ئەو لێدوان و راگەیاندراوەى حکومەتى ئەڵمانیا لە دوای پرۆژە پرسیاری حیزبی چەپی ئەڵمانیا بوو لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا و وەبەرهێنان لەو ناوچەیەدا. ماریا فلاکسبارت راوێژکاری وەزارەتی گەشەپێدانی فیدرالی وەڵامی پرۆژە پرسیارەکەى پارتی چەپی دایەوە.

'بەڵگە و ئارگۆمێنتەکانى تورکیا گوماناوین'

پرۆژە پرسیارێک لەلایەن هێلین ئەڤریم سۆممەر پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا رووبەڕووی حکومەتى بەرلین کرایەوە. لە وەڵامی پرۆژە پرسیارەکەدا، ماریا فلاکسبارت رەخنەى لە بوونی دەوڵەتى تورک لە ناوچەکانى رۆژئاواى کوردستان و باکوور – رۆژهەڵاتی سوریا دا گرت و رایگەیاند،  بوونی تورکیا لەو ناوچەیەدا بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان نایاساییە.

فلاکسبارت راشیگەیاند، ئەو بەڵگە و ئارگۆمێنتانە، کە دەوڵەتى تورکیا لەبارەی هۆکارەکانى بوونی لەو ناچەیەدا باسیان لێوەدەکات لەلای حکومەتى فیدراڵەوە بڕوایان پێناکرێت و وتی  "کاتێک ئۆپراسیۆنی 'کانی ئاشتی' ئەنجامدرا حکومەتەکەمان رایگەیاند، هۆکارێک بوونی نییە، کە ئەو ئۆپراسیۆنە بە پێی یاسای نێونەتەوەییەکان بە مافدار بزانێت".

ماریا فلاکسبارت راوێژکاری وەزارەتی گەشەپێدانی فیدراڵ رایگەیاند، حکومەتەکەیان پلانی هەیە لە دژی پەتای کۆرۆنا بە بڕی ملیۆنێک یورۆ هاوکاریی رۆژئاوا بکات. ئەو هاوکارییەش لە رێگەى رێکخراوەکانى کۆمەڵی مەدەنییەوە پێشکەشی ناوچەکە دەکرێت.

هێلین ئەڤریم سۆممەر پەرلەمانتاری پارتی چەپ ئەو وەڵامدانەوەیە بە پرۆژە پرسیارەکەى بە باش لێکدایەوە و وتی "هەنگاوێکى گرنگە، کە بۆ یەکەمجار بە دەنگێکى بەرز دەوترێت، هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر بەڕێوەبەریی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رەوا نییە. لایەنە باشەکەى ئەوەیە، کە پشتیوانی لە پاساوەکانی تورکیا ناکرێت، کە ئەو پاساوانە بە بەردەوامی بۆ شەڕ و هێرشکردنە سەر کورد بەکار دەهێنێت. من پشتیوانی لەو لێدوان و راگەیاندراوەى حکومەت دەکەم".

ژ.ت