دانیشتنی دادگاییکردنی ٥ سیاسەتمەداری کورد بەڕێوەچوو

دانیشتنی دادگاییکردنی ٥ سیاسەتمەداری کورد کە سێیانیان لە شاری ستوتگارت لە زینداندان، بەڕێوە چوو.

سەر لە بەیانی دوێنێ لە هۆڵێ بەندیخانەی ستامهێمی شاری ستوتگارت دانیشتنی دادگاییکردنی هەر یەک لە ڤەیسەل س. عەگید ک. ئوزکان ت. کە لە زینداندان و جیهان ئا. و ئەڤرین ئا کە لە دەرەوەن، بەڕێوە چوو.

لە دانیشتنی دادگاییەکەدا، فرانسیزکا نەدەلمان پارێزەری ئەڤرین ئا. داوای پێداچوونەوی پەیوەندی تەلەفۆنی بریگرتەکەی کرد، بە هۆی ئەوەی بە تەواوەتی وەرنەگێڕدراوە و داوای کرد قسەکانی سەر لە نوێ وەرگێردرێنەوە.

لە دانیشتنەکەدا، هاوکات ئاشکرا بوو کە وتەکانی کەسێک بە ناوی ریدڤان ئۆ. ناڕاستن کە ئیدیعای ئەوەی کردبوو، ئەو بینیویەتی ڤەیسەل س. لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە شاخ کەسێکی کوشتووە. بەڵام بە پێی ئەو پەڕاوانەی لە تورکیاوە گەیشتووەنەتە بەر دەستی دادگا، ڤەیسەل س. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٢وە هاتووە بۆ ئەلمانیا و لە بەندیخانەدا بووە. لیژنەی دادوەرانی دادگا بە پێی ئەو پەڕاوانە قبوڵیان کرد کە ریدڤان ئۆ. وتەکانی ناڕاستن.

دانیشتنی دادگاییەکەکە بۆ ١٧ی ئەم مانگە دواخرا.

ز.ش