دایکانی شەممە یادی ئەو ژنانەیان کردەوە کە بێسەروشوێن کراون

دایکانی شەممە لە ٧٨٠هەمین چالاکیاندا بە بۆنەی ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنانی تێکۆشەر ئەو ژنانەیان بە بیر هێنایەوە کە لە دوای دەستگیرکردنیان، بێسەروشوێن کراون.

دایکانی شەممە کە هەموو هەفتەیەک بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بێسەروشوێنکراوەکانیان و دادگاییکردنی بکوژانی رۆڵەکانیان لە چالاکیدان، ئەم هەفتەیەش لە ٧٨٠هەمین هەفتەدا ویستیان لە گۆڕەپانی گالاتاسارای لە ئەستەنبول چالاکی بەڕێوە بەرن، بەڵام دیسان رووبەرووی رێگریی هێزەکانی پۆلیس بوونەوە.

دایکان ناچار بوون چالاکییەکەیان لە کۆڵانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبول بەڕێوە بەرن. هێزەکانی پۆلیس وەکو هەموو هەفتەکانی دیکە چالاکییەکەیان گەمارۆدا. لە چالاکیەکەدا وێنەی بێسەروشوێنکراوان بەرز کرانەوە.

شەبنەم کۆرور فینجانجی سەرۆکی وەقفی مافی مرۆڤی تورکیا و موسا پیر ئۆغلو ئەندام پەرلەمانی هەدەپەی شاری ئەستەنبول بەشداریان لە چالاکییەکەدا کرد. دایکانی شەممە لە چالاکی ئەم هەفتەیاندا بە بۆنەی ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنانی تێکۆشەر، داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو ژنانەیان کرد کە لە دوای دەستگیرکردنیان بێسەروشوێن کراون.

لە چالاکییەکەدا گوڵسەرەن یۆلەری سەرۆکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ-لقی ئەستەنبول راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی ئەوان، ئەو ژنانەیان لە بیر نەکردووە کە لە دوای دەستگیرکردنیان، بێسەروشوێن کراون و وتی:"بە بۆنەی ٨ی ئازار رۆژی جیهانی ژنانی تێکۆشەر، ئەو ژنانەی بێسەروشوێن کراون بە بیر دێنینەوە و سڵاومان دەنێرین بۆ هەموو ئەو ژنانەی بۆ ئەم مەبەستە تێدەکۆشن. ژنان لە ٨ی ئازاردا لە دژی فشار و توندوتیژی راپەڕین و دەنگیان بەرز کردەوە.

دواتر دایکی رۆژنامەنووس فەرهاد تەپە کە دوای ئەوەی دەستگیر کرا، بێسەروشوێن کرا قسەی کرد و رایگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیاندا تا ئەو رۆژەی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان دیاری دەکرێت و بکوژەکانیش دادگایی دەکرێن، هاوکات پیرۆزبایی ٨ی ئازاری لە سەرتاسەری جیهان کرد.

هاوکات لە چالاکییەکەدا بەڵێنی ئەوە دووپات کرایەوە کە تا ئەو رۆژە چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان دیار نەبێت و بکوژان دادگایی نەکرێن، تێکۆشانیان بەردەوام دەبیت.

ز.ش