پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی عێراق بەرەو ئاڵۆزی دەچێت

سەرۆکی پەرلەمانی عێڕاق محەمەد حەلبوسی داوا دەکات کەسێکی دیکە بکرێت بە سەرۆک وەزیران و حکومەتی نوێی عێراق دروست بکات.

ڕاگەیاندنە عێراقیەکان لە ئێستادا ئاماژە بەوە دەکەن بەبێ ڕازیبونی پێکهاتەی کورد و پەرلەمانی عێراق حکومەتی نوێی عێراق دروست نابێت. لە ئێستادا سەرۆک پەرلەمانی عێڕاق لە دەرەوەی وڵاتە و بەپێی سەرچاوەکانی نیزیک لە خۆی محەمەد حەلبوسی بڕیاری داوە تا ئەو کاتەی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ دیاری دەکرێت نەگەڕێتەوە بۆ عێڕاق.

محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پێکهێنانى حکومەتى نوێی عێراق لە ماوەی ڕابردودا ئاشکرای کرد، حکومەتە نوێکەی دروستکردوە و لە ئێستادا داوا لە پەرلەمان دەکات کۆبونەوەیەکی ئاوارتە بکات بۆ ئەوەی متمانە لە پەرلەمان وەربگرێت.

 هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پەرلەمان متمانەی پێ بدات یەکەم کار کە ئەنجامی دەدات ڕادەستکردنی تاوانبارانە بە دادگا کە دەستیان هەبوە لە کوشتنی خۆپیشاندەرانی عێراق.

عادل عەبدول مەهدی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق فشار لە لایەنەکان دەکات و داوا دەکات بە زووترین کات حکومەت پێکبهێنرێت، چونکە لە سەرەتای مانگی مارس دا و بە تایبەتی لە دوای ٢ی مارس دەست لە ئەرکی بەڕێکردنی کاری سەرۆک وەزیرانی هەڵدەگرێت.

ژ.ت