رێکخراوە کوردییەکانی ئەرمینیا لەبارەى دۆخی ئۆجالانەوە راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە

یەکێتیى کورد لە ئەرمینیا، یەکێتیی ژنانی ئازاد لە ئەرمینیا و کۆمیتەى کوردستان لەبارەى ئاگرکەوتنەوە لە ئیمراڵی راگەیاندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، کەوتنەوەى ئاگر لە دوورگەی ئیمراڵی نیگەرانی کردوون و راشیانگەیاندووە "دەوڵەتی تورک بە پیڵانگێڕی و یارییەکانى دەناسرێت. دەزانرێت لەو رێگایانەوە ژمارەیەکى زۆر تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجامداوە".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لێدوانى بەرپرسانی دەوڵەتى تورک لەبارەى کەوتنەوەى ئاگر لە دوورگەى ئیمراڵی جێگای گومان و نیگەرانییە و باسی ئەوەشیانکردووە "رێبەر ئاپۆ ئەوەندەى بۆ گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتى مانای بوونە، ئەوەندەش بۆ کوردانى ئێزیدی لە ئەرمینیا مانای هەبوونە. بەو تێگەیشتن و بیرکردنەوە و بڕوایەوە هەستیارترین خاڵ بۆ ئێمە ئاسایش و تەندروستیى ئۆجالانە.

لەبارەى کەوتنەوەى ئاگر و ئاسایش و تەندروستیى رێبەر ئاپۆ هەر شتێکى نەخوازراو روو بدات ئەوا سی پی تی و هێزە نێونەتەوەییەکانی بەشداربوو لەو پیلانگێڕییەدا بەرپرسن.

ئێمە بانگ لەو هێزانە، رێکخراوەکانى بواری مافەکانى مرۆڤ و رای گشتیى جیهان دەکەین بە بەرپرسیارێتیى خۆیان هەستن".

لە راگەیاندراوەکەدا داوا کراوە، پارێزەرانى ئۆجالان بە خێرایى بچنە ئیمراڵی و چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن و راشیانگەیاندووە، تاوەکو ئەنجامدانى ئەو کارەش چالاکییەکان گوڕتر و گەورەتر دەکەن.

ژ.ت