شارەوانییەکی دیکەی ئیتالیا مافی هاوڵاتیبوونی فەخری بەخشییە ئۆجالان

شارەوانی فۆسالتۆی ئیتالیا مافی هاوڵاتیبوونی فەخری بەخشییە رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان.

شارەوانی فۆسالتۆی سەر بە شاری کامپۆباسۆی ئیتالیا رایگەیاند، ئەوان مافی هاوڵاتیبوونی فەخرییان بەخشیوەتە ئۆجالان.

ساڤێریۆ نانۆ سەرۆکی شارەوانی فۆسالتۆ لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی شارەوانیدا رایگەیاند، بە هۆی هەوڵە ئاشتیخوازییەکانی، ئەم خەڵاتەیان بە شایەنی ئۆجالان زانیوە.

نانۆ هەروەها رایگەیاند، ئەو ئایدۆلۆژییەی ئۆجالان پەرەی پێدا، لە رۆژئاوا بوو بە نموونە و تیشکیشی خستە سەر ئەوەی بەم رێگایە ژنان لە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکاندا جێیان گرت و لە دژی چەتەکانی داعش تێکۆشانێکی بەهێزیان بەڕیوە برد و وتیشی، تەنانەت لەم هەنگاوەی بەخشینی ئەم خەڵاتە دا، درەنگیش کەوتوون.

نانۆ هاوکات بانگەوازییەکیشی ئاڕاستەی گشت شارەوانییەکان کرد کە لەم چوارچێوەیەدا هەنگاو بنێن.

بەر لە هەڵبژاردنەکانی ٣ی تەموزی ساڵی رابردووی ئەو وڵاتە، نانۆ رایگەیاندبوو کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بێت، خەڵاتی هاوڵاتیبوونی فەخری لە کەسایەتی ئۆجالاندا، پێشکەشی گەلی کورد دەکات. نانۆ لە هەڵبژاردنەکاندا بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ رکابەرەکان، سەرکەوتنی بەدەست هێنا.

لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ش شارەوانی توفارای شاری کامپۆباسۆش بە هەمان شێوە مافی هاوڵاتیبوونی فەخری بەخشیە ئۆجالان.

تا ئێستا هەر یەک لە شارەوانییەکانی mnce Campobasso, Castelbottaccio, Palermo, Napoli, Palagonia, Reggio Emilia, Riace, Martano, Pinerolo لە وڵاتی ئیتاڵیا هەمان خەڵاتیان بەخشیوە بە رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان.

ز.ش